Hemn Baban
06 نیسان 2016•نوێکردنەوە: 07 نیسان 2016
جەبار یاوەر دەڵێت نیگەرانن لەوەی كە سوپای عێراق لەپاش چەندین هێرش و شەهید و بریندارێكی زۆر نەیتوانوە ئامانجی خۆی لە گرتنەوەی ئەو ناوچانەی بۆی دیاریكراوە بپێكێت.
ئەمینداری وەزارەتی پێشمەرگە فەریق جەبار یاوەر لە لێدوانێكدا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو باسی لە شەڕی گرتنەوەی مووسڵ و دەرهێنانی لە چنگی چەكدارانی داعش دەكات و دەڵێت "بەلای سەركردایەتیی هەرێمی كوردستان و كوردەوە قۆناغی پاش داعش و گرتنەوەی مووسڵ گرنگە و دەبێت گفتوگۆی لەسەر بكرێت".
لەوبارەیەوە یاوەر رایگەیاند "پێشتریش ئەوەمان باس كردووە كە لە شەڕدا لە دژی داعش مەرج نییە، بەڵكو ئێمە باسی پلانی چۆنێتی رزگاركردنی مووسڵمان كردووە، لەگەڵ رۆڵی هێزەكانی پێشمەرگە لەو پلانە چۆن دەبێت، ئەو هێزانەی بەشدار دەبن لەو پلانە چۆن دەبێت، دەبێت پێشتر بەتەواوەتی گفتوگۆ لەسەر ئەوانە بكرێت، جگە لەوەش لە ئایندەدا چۆنێتی پاراستنی مووسڵ چۆن دەبێت و ئیدارەی مووسڵ چۆن بەڕێوەدەچێت، ئەمانە هەموویان گرنگن، دەبێت هەموویان گفتوگۆیان لەسەر بكرێت".
گوتیشی: "چەند پڕۆسەی رزگاركردنی مووسڵ گرنگە ئەوەندەش پاش پڕۆسەی رزگاركردنیش هەلومەرجەكە گرنگە بۆ ئەوەی بتوانین مووسڵ بە باشی بپارێزین بۆ ئەوەی جارێكی دیكە رێكخراوێكی تیرۆریستی نەیەتەوە پەلاماری ناوچەكە بداتەوە، یان كێشە لەنێوان پێكهاتەكانی مووسڵ روونەدات، چونكە جگە لەوەی مووسڵ لە رووی جوگرافییەوە ئاڵۆزە، لە رووی پێكهاتەی كۆمەڵایەتیشەوە وایە، چونكە لە مووسڵ عەرەبی لێیە، كورد، توركمان، ئێزدی، كاكەیی، شەبەك، مەسیحی، سوننە و شیعە، بۆیە دەبێت هەموو پێكهاتەكان لەگەڵ یەكدا بگونجێن بۆ ئیدارەدانی مووسڵ و كێشەی سیاسیی یان ئیداری یان ئەمنی لە ئایندەدا دروست نەبێت، ئەوەمان لا گرنگە رێككەوتنی لەسەر بكەین پێش وەختە".
سەبارەت بەوانەی كە باسی كردن ئایا بەشێكن لە مەرجەكانی كورد بۆ بەشداریی لەشەڕی مووسڵ یاوەر گوتی: "ئەوانە مەرج نین، ئەوانە دەبێت پێش وەختە دانیشتن و گفتوگۆ بكرێت و رێوشوێن بۆ جێبەجێ كردنی ئەو خاڵانە بگیرێتە بەر".
ئەمینداری وەزارەتی پێشمەرگە فەریق جەبار یاوەر لە درێژەی قسەكانیدا دەربارەی بەشداریی پێشمەرگە لە شەڕی مووسڵ ئاشكرای كرد ئەوە یەكلایی بووەتەوە و بڕیاری لەسەر دراوە، بەڵام وردەكارییەكەی ماوە، ناوبراو گوتی: " بەشداریی هێزی پێشمەرگە لە شەڕی مووسڵ لە مێژە بڕیاری لەسەر دراوە و ئێمە بەشداریی لەشەڕەكەدا دەكەین، لەبەر ئەوەی بۆ ئێمە زۆر گرنگە مووسڵ رزگار بكرێت و داعش بەیەكجاری لەو ناوچانە نەمێنێت، چونكە بەرزگاركردنی مووسڵ ئەوكات ئاسایشی هەرێمی كوردستان بە گشتی سەقامگیرتر دەبێت، بۆ ئێمە زۆر زۆر گرنگە و هیچ هەڕەشەیەك نامێنێت، جگە لەوەش ئێمە بەشێكین لە هێزەكانی هاوپەیمانێتی نێودەوڵەتی دژی داعش، بۆیە بەشداریی ئەو پرۆسەیە دەكەین، بەڵام دەبێت لەسەر وردەكاریی پرۆسەكە دابنیشین و گفتوگۆ بكەین و پلان دابڕێژین بۆ كاتی پڕۆسە و بۆ دوای پڕۆسە و بۆ ئایندەش".
لەبارەی هێرشەكانی سوپای عێراق لە میحوەری مەخموورەوە كە زیاتر لە 13 رۆژە لەو سنوورە دەستی بە هێرشەكانی بۆسەر پێگەكانی داعش لە نزیك ناحییەی گەیارە كردووە و بەپێی شارەزایانی سەربازیی و بەشێك لە سەركردەكانی پێشمەرگە هێرشەكان بە سستی دەچن و هێرشە پێچەوانەكانی داعشیش وەكو سەركردەیەكی باڵای پێشمەرگە باسی لێوەكرد بەهۆی بوونی كەسانی سۆزدار لەگەڵ داعش لەنێو سوپای عێراقەوەیە فەریق جەبار یاوەر گوتی: "من هیچ بەڵگەیەكم بەدەستەوە نییە لەوبارەیەوە، بەڵام داعش هەوڵ دەدات كەسی هەبێت بۆ ئەوەی زانیاریی بەدەست بهێنێت، ئێمە نیگەرانین لەوەی تا ئێستا بڕیار وابوو فیرقەی 15 كە هاتوونەتە ناوچەی مەخموورە بتوانێت بگاتە ئەو ناوچانەی بۆی دیاریكراوە بۆ رزگاركردنییان بۆ ئەوەی پێگەیەكی هەبێت بۆ ئایندەی دەستپێكردنی پرۆسەی رزگاركردنی مووسڵ، بەڵام بەداخەوە تا ئێستا چەند جارێك هێرش كراوە و شەهید و بریندارێكی زۆر دراوە لە ریزەكانی سوپای عێراق، بەڵام تا ئێستا بەداخەوە ئامانجەكانی خۆیان نەپێكاوە، ئەوەش پەیوەستە بەئامادەیی و توانایی ئەو هێزانە لە رووی مرۆییەوە، نەك لە رووی چەك و تەقەمەنیەوە، ئەگەرنا چەك و تەقەمەنییەكی زۆریان هەیە، هێزی پێشمەرگەش بڕیار نەبوو بەشداریی ئەو شەڕانە بكات و تەنها وەكو پاڵپشتییەك دەبێت".