Rewa Mahmut Hasan
06 نیسان 2016•نوێکردنەوە: 07 نیسان 2016
چوارەمین کۆبوونەوەی وەزیرانی دەرەوەی ئێران- تورکیا- ئازەربایجان لە شاری رامسەری باکووری ئێران بەڕێوە چوو.
لە کۆبوونەوەکەدا وەزیری دەرەوەی تورکیا مەولوود چاوشئۆغڵو چاوی کەوت بە هاوتا ئێرانی و ئازەرییەکەی و دواتر لێدوانی بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو هەروەها کەناڵی تەرەتە دا.
چاوشئۆغڵو ئاماژەی بەوە دا کە ئەوان گرنگی دەدەن بە میکانیزمی سێ قۆڵی لە ناوچەکەدا.
چاوشئۆغڵو ئاماژەی بەوە دا کە بەم دواییە گەشتیارێکی زۆر لە ئێرانە و چوونەتە تورکیا و توانراوە گەشتی راستەوخۆ بۆ هەندێک شاری تورکیا لە ئێرانەوە، دابنرێت. هاوکات ناوبراو ئاماژەی بەوە دا کە لەگەڵ هاوتا ئازەرییەکەی ئەلمار مەمەدیارۆڤدا باسیان لە پێشهاتەکانی قەرەباغ کردووە.
هەروەها وەزیری دەرەوەی تورکیا، لەگەڵ وەزیری دەرەوەی ئێران جەواد زەریف باسیان لە پەیوەندییە دوو قۆڵییەکان کردووە و لە کۆتاییدا باسیان لە ئامادەکارییەکان بۆ سەردانە چاوەڕوانکراوەکەی سەرکۆماری ئێران حەسەن رۆحانی بۆ تورکیا کراوە.