Ahmet Dursun,Rewa Mahmood Hasan
09 تەمووز 2019•نوێکردنەوە: 10 تەمووز 2019
ئەنقەرە - AA
وەزیری دەرەوەی ئێران، محەمەد جەواد زەریف رایگەیاند کە راوێژکاری ئاسایشی نەتەوەیی ئەمریکا، جۆن بۆڵتن و سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل، بێنیامین ناتانیاهو لەبارەی رێککەوتنی ئەتۆمییەوە سەرۆکی ئەمریکا، دۆناڵد ترەمپ-یان هەڵخەڵەتاندووە.
محەمەد جەواد زەریف لەوبارەیەوە لە هەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەر پۆستێکی کردووە و تیایدا دەڵێت:
"بۆڵتن و ناتانیاهو سووربوون لەبارەی دانانی سنووری رێژەی سفر بۆ پیتاندنی یۆرانیۆم لە رێککەوتنی پاریس لە ٢٠٠٥ لە نێوان ئێران و E3دا. رێککەوتنەکەیان هەڵوەشاندەوە. لە ئەنجامدا ئێران رێژەی پیتاندنی یۆرانیۆمی ١٠٠ هێندە زیاد کرد لە ٢٠١٢دا. ئێستا بەهەمان خەیاڵەوە دۆناڵد ترەمپ-یان هەڵخەڵەتاندووە بۆ لابردنی رێککەوتنی ئەتۆمی".
وەزیری دەرەوەی ئێران لەبەرامبەر بۆڵتن و ناتانیاهو، جێنشینی سعوودیە، شازادە محەمەد بن سەلمان و جێنشینی ئەبوزەبی، شازادە محەمەد بن زاید کە بە "گرووپی B" ناویان دەبات دەڵێت 'ئەوانە وانەیان وەرنەگرتووە، بەڵام دەبێت جیهان وانە وەربگرێت'.