AA
19 تشرینی دووەم 2019•نوێکردنەوە: 20 تشرینی دووەم 2019
تاران - AA
وەزیری دەرەوەی ئێران محەمەد جەواد زەریف لێدوانی بەرپرسانی ئەمریکی بۆ پشتگیری لە خۆپیشاندانی خەڵکی ئێران بە ''درۆیەکی شەرمەندە'' لەقەڵەم دا.
زەریف لە رێی ماڵپەڕی ئینتەرنێتی وەزارەتی دەرەوەی ئێران راگەیەندراوێکی بڵاو کردەوە و رەخنەی توندی لە لێدوانی بەرپرسانی ئەمریکی گرت کە پشتگیری خۆپیشاندانەکانی ئێران دەکەن.
زەریف تۆمەتی ئەوەی خستە پاڵ ئەمریکا کە ''تیرۆریزمی ئابووری'' دژی خەڵکی ئێران پەیڕەو دەکات و رێگری دەکات لە گەیاندنی خۆراک و کەلوپەلی پزیشکی بە پیرو پەککەوتەکان و رایگەیاند کە رژێمێکی لەو چەشنە ناتوانێت خۆی بە بەرگریکاری گەلی ئێران لەقەڵەم بدات.
لەلایەکی ترەوە زەریف کاردانەوەی نواند بەرامبەر وڵاتانی یەکێتی ئەورووپا کە داوایان لە ئیدارەی ئێران کردبوو رێز لە مافی خۆپیشاندەران بگرێت و گوتی، ''ئەنجامدانی ناڕەزایی لەچوارچێوەی یاساکاندا مافێکە لە دەستووردا بە فەرمی دراوە. هەر بۆیە پێویست بە پشتگیری دووڕووییانە و وەبیرهێنانەوەی رژێمەکان ناکات، کە ئامانج لێی ناچار کردنی ئێرانە بۆ ئەوەی بە داوا ناڕەواو نایاساییەکانیان رازی بێت".
زەریف رایگەیاند کە وڵاتانی یەکێتی ئەورووپا هیچ کاردانەوەیەکیان نەبوو بەرامبەر جێبەجێکردنی تیرۆریزمی ئابووری لەلایەن ئەمریکاوە بەڵام لەپێناو داپۆشینی شکستەکانی خۆیاندا دێن پشتگیری لە پەشێوی و تێکچوونی شیرازەی گشتی دەکەن لەئێران و گوتی، ''ئەم وڵاتانە ناچار دەبن کە ئەنجامەکانی ئەو هاندانە مەترسییەی کردوویانە قبوڵی بکەن".
رۆژی هەینی وەزیری دەرەوەی ئەمریکا مایک پۆمپیۆ پشتگیری وڵاتەکەی بۆ خۆپیشاندانەکانی ئێران دووپات کردەوە، هەندێک لە وڵاتانی یەکێتی ئەورووپاش داوایان لە تاران کرد کە رێز لە مافی خۆپیشاندەران بگرێت.