Arif Yusuf
19 تشرینی دووەم 2019•نوێکردنەوە: 20 تشرینی دووەم 2019
بەغدا ــ AA
سەركردەكانی لایەنە سیاسییە سەرەكییەكان لە عێراق بەڵێنیان دا لە هەمبەر جێبەجێكردنی داواكارییەكانی خۆپیشاندەراندا چاكسازی فراوان ئەنجام بدەن و راشیدەگەیەنن، ئەگەر حكوومەت و ئەنجوومەنی نوێنەران لە ئەنجامدانی چاكسازی شكستیان هێنا، دەبێت هەڵبژاردنی پێشوەختە ئەنجام بدرێت.
ئێوارەی دوێنێ دووشەممە لە بەغدا سەركردەكانی هاوپەیمانی فەتح، هاوپەیمانی نەسر، هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا، هاوپەیمانی هێزە عێراقییەكان، پارتی دیموكراتی كوردستان، یەكێتیی نیشتمانی كوردستان، رەوتی حیكمە، وەتەنییە، بەرەی رزگاركردن و گەشەپێدان، عەتا وەتەنی، عەقد وەتەنی، بەرەی توركمانی كۆبوونەوە و دوای كۆبوونەوەكەش راگەیەندراوێك بڵاوكرایەوە.
جێی ئاماژە سەركردەی هاوپەیمانی سائیرون كە لە لایەن سەركردەی رەوتی سەدر، موقتەدا سەدرەوە پاڵپشتی دەكرێت لە كۆبوونەوەكەدا ئامادە نەبوو.
بەپێی راگەیەندراوەكە لە كۆبوونەوەكەدا بڕیاردراوە لەئێستادا كاری لەپێشنە ئەوە بێت، لەوە زیاتر خوێن نەرژێت، ژیان و مافی هاووڵاتییان بپارێزرێت و رێگەنەدرێت بەهیچ شێوەیەك شەڕی ناوخۆ لە وڵاتدا هەڵبگیرسێت كە لە بەرژەوەندی هیچ كەس و لایەنێكدا نییە.
سەركردەكانی ئەو لایەنە سیاسییانە لە كۆبوونەوەكەدا هاوڕابوون لەسەر پاراستنی ژێرخانی دەوڵەت و سیستەمی سیاسی و دیموكرات، چەسپاندنی بنەمای ئاڵوگۆڕکردنی دەسەڵات بە رێگەی میكانیزمەكانی دەستوور.
لە راگەیەندراوەكەدا جەحتكراوەتەوە لەسەر ئەوەی پێوستە سەرۆكوەزیران و هێزە ئەمنییەكان هەوڵەكانیان زیاتر بۆ پتەوتركردنی ئاسایش بخەنەگەڕ بۆ ئەوەی وڵات رووبەڕووی گرژی و ئاڵۆزی نەبێتەوە، هەروەها داواشكراوە ئەو كەسانەی كە خۆپیشاندانەكانیان بە ئاراستەیەكی دیكە بردووە و دەستگیربكرێن و بدرێنە دادگا.
هەر لە راگەیەندراوەكەدا تیشك خراوەتە سەر ئەوەی كە گرنگە لایەنە پەیوەندارەكان ئەو كەس و لایەنانە بۆ رای گشتی ئاشكرا بكەن كە تێوەگلاون لە رفاندن و كوشتنی خۆپیشاندەران و هەروەها بەئامانجكردنی دەزگاكانی راگەیاندن.
هەروەها لە كۆبوونەوەکەدا بڕیاردراوە كە دەبێت ئەنجوومەنی نوێنەران و حكوومەت بەردەوامبن لە سازكردنی كۆبوونەوەكانیان بۆ ئەوەی تا كۆتایی ئەمساڵ، یاسا و بڕیاری گونجاو دەربكەن بە ئامانجی جێبەجێكردنی داواكارییەكانی خۆپیشاندەران.
لە راگەیەندراوەكەدا ئاماژە بەوەشكراوە كە لە كۆبوونەوەكەدا بڕیار دراوە دادگای پەیوەندیدار زیاتر كارابكرێت بۆ ئەوەی دۆسیەی گەندەڵی یەكلایی بكاتەوە و ئەو كەسانەش سزا بدات كە تۆمەتبارن بە گەندەڵی تەنانەت ئەگەر سەربە هەر لایەنێك بن.
سەركردەكانی ئەو لایەنە سیاسیانە رایانگەیاندووە كە فراكسیۆنەكانیان لە ئەنجوومەنی نوینەران پابەند دەبن بە دەركردنی یاسای نوێ بەمەبەستی جێبەجێكردنی داواكارییەكانی خۆپیشاندەران لەنێویاندا یاسای هەڵبژاردنەكان، یاسای كۆمسیۆنی سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان و یاسای نەوت و غاز.
لە كۆبوونەوەكەدا باس لەوە کراوە كە دەبێت حكوومەت لە ماوەی ٤٥ رۆژدا بەڵێنەكانی بۆ ئەنجامدانی چاكسازی جێبەجێ بكات لەوانە گۆڕانکاری لە پێکهاتەی حكوومەت كە دوور بێت لە پشكپكشێنە، رەخساندنی دەرفەتی كار و دابینكردنی خزمەتگوزارییەكان.
هەر لە كۆبوونەوەكەدا سەركردەكانی لایەنە سیاسییەكان بەڵێنیانداوە چاكسازی لە دامەزراوە حكوومییەكان بكرێت، هەروەها یاسای دەستەبەركردنی كۆمەڵایەتی و دەستەبەركردنی تەندروستی دەربكرێت و لە جێبەجێكردنی پڕۆژەكانیشدا زیاتر دەرفەت بە هاووڵاتییانی عێراق بدرێت لە بری كرێكارانی بیانی و جەختیش لەوەكراوەتەوە كە دەبێت سەرجەم دەروازە سنوورییەكان لەژێر كۆنتڕۆڵی حكوومەت دابن.
هەروەها ئەو سەركردەكانی ئەو لایەنە سیاسییانە بڕیاریانداوە یاسای پاراستنی ئازادی رادەبڕین، خۆپیشاندانی ئاشتیانە، ئازادی راگەیاندن پێشكەش بە ئەنجوومەنی نوێنەران بكەن بۆ ئەوەی پەسەند بكرێت.
لە كۆتایی راگەیەندراوەكەدا هاتووە: "ئەگەر حكوومەت و ئەنجوومەنی نوێنەران لە ئەنجامدانی چاكسازی شكستیان هێنا، دەبێت هەڵبژاردنی پێشوەختە ئەنجام بدرێت".