سياسەت, عێراق

تۆمارکردنی ناوی بەربژێران بۆ هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق دەستی پێکرد

بەرپرسی ئۆفیسی ھەولێری کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکانی عێراق، مەڕوان محەمەد ساڵح: "پڕۆسەکە لە ئەمڕۆ (٢٥ی ئایار) دەست پێ دەکات و تا ٢٤ی حوزەیران بەردەوام دەبێت".

Heman Hussein Yaseen  | 25.05.2025 - نوێکردنەوە : 27.05.2025
تۆمارکردنی ناوی بەربژێران بۆ هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق دەستی پێکرد

Arbil

هەولێر - AA

بەرپرسی ئۆفیسی ھەولێری کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکانی عێراق ڕایگەیاند، دەستیان بە تۆمارکردنی ناوی لیست و هاوپەیمانییەکان و بەربژێرە سەربەخۆکان کردووە بۆ هەڵبژاردنی ئەمجارەی ئەنجوومەنی نوێنەری عێراق.

لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا، بەرپرسی ئۆفیسی ھەولێری کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکانی عێراق، مەڕوان محەمەد ساڵح گوتی: "لە قۆناغی یەکەمدا، پێویستە نوێنەری لایەنە سیاسییەکان سەردانی بارەگای سەرەکی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق لە بەغدا بکەن و کۆدی تایبەتی خۆیان وەربگرن، بەڵام کاندیدی سەربەخۆ دەتوانێت سەردانی لقی ئۆفیسەکان بکات لە شارەکان و لە ئەمڕۆوە پێشوازی لەو کاندیدانە دەکەین کە دەیانەوێت کۆدی تایبەت بەخۆیان وەربگرن".

مەڕوان محەمەد ساڵح گوتیشی: "پڕۆسەکە لە ئەمڕۆ (٢٥ی ئایار) دەست پێ دەکات و تا ٢٤ی حوزەیران بەردەوام دەبێت، ھەروەھا ئەو مەرجانەی بۆ کاندیدبوونی سەربەخۆ دانراوە بریتییە لەوەی کاندید دەبێت عێراقی بێت. لە ڕۆژی دەنگدان ٣٠ ساڵی تەمەنی تەواو کردبێت. هەروەها هەڵگری بەکالۆریۆس یان هاوتاکەی بێت. هاوکات لەبارەی هاوپەیمانی و لایەنە سیاسییەکان، هەڵگرانی بڕوانامەی ئامادەیی و دیپلۆم ڕێگاپێدراون بەشداری هەڵبژاردن بکەن بەڵام بە ڕێژەی سەدا ٢٠ زیاتر نەبێت".

بەرپرسی ئۆفیسی ھەولێری کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکان جەختی لەوەش کردەوە کە کاندید نابێت بە تاوانێکی ئابڕووبەر سزا درابێت. هاوکات نابێت کارمەندی هێزە ئەمنییەکان و هێزە چەکدارەکان بووبێت و گوتیشی: "دەبێت کاندید خاوەن ڕەفتارێکی باش بێت، بەتاوانی ئابڕووبەریی یان گەندەڵی سزا نەدرابێت، تەنانەت ئەگەر ھاتوو ئەو تاوانانەی ھەشبوو بەڵام بەر لێخۆشبوونی گشتیش کەوتبوو ئەوا هەر ناتوانیت خۆی کاندید بکات. ھەروەھا کەسی کاندید نابێت لە ڕیزی ھێزە چەکدارەکان یان ھێزە ئەمنییەکان بێت، جگە لە فەرمانبەرە مەدەنییەکانیان. ھەروەھا نابێت دادوەر بێت و لەکارەکەی بەردەوام بیت. نابێت کەسی کاندید ئەندامی کۆمیسیارانی ھەڵبژاردنەکان بێت لەم خوولەی ئێستا و خوولی پێشووش".

لەبارەی کاندید سەربەخۆکانەوە، مەڕوان محەمەد گوتی: "پێویستە کاندیدی تاکەسی لەو بازنەیەی کە خۆی تێدا کاندید کردووە ٥٠٠ دەنگدەر پاڵپشتی بکات کە لە ڕێگەی بەرنامەیەکی ئەلیکترۆنییەوە داتاکانیان داخل بکەن و دەبێت دەنگدەران ناویان لە لیستی تۆماری دەنگداندا ھەبێت، بەڵام ئەوانەی کێبڕکێ لەسەر کورسی کۆتا دەکەن ئەوە عێراق بەیەک بازنەی ھەڵبژاردن بۆیان ھەژمار دەکات".

بەرپرسی ئۆفیسی ھەولێری کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکان ئاماژەی بەوەشکرد لەم هەڵبژاردنە سوود لە ژیری دەستکرد وەردەگرن بۆ ناسینەوەی دەنگدەرێک ئەگەر گومانیان لێی هەبوو. لەمبارەیەوە مەڕوان محەمەد گوتی: "هەندێک کەس لەکاتی نوێکردنەوەی کارتی دەنگدان شێوەیەکی هەبووە، دواتر بەهۆی ڕووداوێک یان هەڵکشانی تەمەن یان نەشتەرگەرییەکی جوانکاری، گومانی لێ دەکرێت، ئەوا لە ڕێگای ژیریی دەستکردەوە دەتوانین کەسەکە بناسینەوە بە داخلکردنی وێنەی سەر کارتی دەنگدان و وێنەی ئێستای".

بۆ خوێندنەوەی درێژەی ئەم هەواڵە و هەواڵەکانی دیکەی ئاژانسی ئانادۆڵو، ببە بە ئابۆنەی ئاژانسی ئانادۆڵو و کلیک لەسەر ئەم بەستەرە بکەن