ژيان, عێراق

تەمەنێک لە ناو پیشەی جۆڵایی دا

حەبیبوڵڵای موتابی: "من نەوەی سێهەمی بنەماڵەکەمانم کە سەرقاڵم بەم کارەوە، تەمەنم ٦٠ ساڵە و لە تەمەنی پێنج ساڵییەوە سەرقاڵی ئەم کارەم، ٥٥ ساڵی تەمەنم بەم کارەوە بەسەر بردووە".

Hemin Othman Mohammed  | 26.05.2025 - نوێکردنەوە : 31.05.2025
تەمەنێک لە ناو پیشەی جۆڵایی دا

Arbil

سلێمانی - AA

بە بەشداری چەندین گرووپی هونەری گەلانی جیاواز، یەکەمین فێستیڤاڵی کولتووری گەلان لە پارکی هەواری شار و شانۆی ڕۆمانی شاری سلێمانی بەڕێوەچوو، کە تیایدا چەندین چالاکی جۆراوجۆر ئەنجام درا.

یەکێک لە بەشداربووانی فێستیڤاڵەکە، هاووڵاتییەکی ئێرانی بوو بەناوی حەبیبوڵڵای موتابی تەمەن ٦٠ ساڵ کە لە پارێزگای یەزد هاتبوو.

موتابی کە پیشەی جۆڵایە، وەک خۆی باسی دەکات لە تەمەنی پێنج ساڵيیەوە لەبەردەستی باوکیدا فێری پیشەکە بووە و، ٥٥ ساڵی تەمەنی بەم کارەوە بەسەر بردووە.

موتابی باسی لە پیشەکەی کرد بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو و گوتی: "وەک دەیبینن ئەمە ئامێری مووڕستنە، لە ڕێگەی ئەم ئامێرەوە مووەکە (مووی بزن) دەکەین بە بەن. من نەوەی سێهەمی بنەماڵەکەمانم کە سەرقاڵم بەم کارەوە، تەمەنم ٦٠ ساڵە و لە تەمەنی پێنج ساڵيیەوە سەرقاڵی ئەم کارەم و ٥٥ ساڵی تەمەنم بەم کارەوە بەسەر بردووە".

موتابی باسی لەو بەرهەمانە کرد کە لە ڕێگەی مووڕێسییەوە دەستیان دەکەوێت و، ڕایگەیاند: "بەرهەمی ئەم بەنە کە لە موو دروست دەکەین، بۆ نموونە مووی بزن؛ تایبەتمەندییەکی هەیە کە باران لێی دەدات دەچێتەوە یەک و ئاو نادات. بارانەکە شۆڕ دەبێتەوە بەسەر ڕەشماڵەکەدا. بەرهەمی ئەم مووی بزنە دەکرێت بە ڕەشماڵ. بۆ گەرماش ڕەشماڵ کاتێک هەڵیدەدەیت شەفاف و ڕوون دەبێت ١٠-١٢ پلە جیاوازی هەیە لەوەی کە خۆر ڕاستەوخۆ لێی بێتە ژوورەوە. ژێر ڕەشماڵەکە فێنکە. سوودەکانی مووی بزن ئەوەیە کە دەکرێت بە ڕەشماڵ".

هەروەها موتابی باسی لەوە کرد کە کاتێک چووەتە بەر خوێندن ڕۆژانە لە دوای دەوام لای باوکی کاری مووڕستنی کردووە و، گوتی: "کاتێک چوومە قوتابخانە، لە دوای تەواو بوونی دەوام ئەم کارەم دەکرد. کە گەورەشبووم و بووم بە مامۆستا لەگەڵ پیشەی مامۆستایەتییشدا ئەم کارەم دەکرد. هەتا خانەنشین بووم، دواتریش هەموو کاتی خۆمم تەرخان کرد بۆ ئەم کارە. ١١ ساڵ لەمەوبەر خانەنشین بووم''.

ڕاشیگەیاند: "لە دوای خانەنشین بوونم درێژەم بەم کارەدا و، هەوڵمدا ئەم پیشەیە لە لەناوچوون بپارێزم، کوڕەکەشم هەر ئەم کارە دەکات".

موتابی بەشداری ژمارەیەکی زۆر فێستیڤاڵی کردووە لە ناوخۆی ئێران و، ئێستاش بۆ بەشداریکردن لە فێستیڤاڵی کولتووری گەلان هاتووەتە شاری سلێمانی.

سەبارەت بە بەشداری لە فێستیڤاڵەکاندا موتابی ڕایگەیاند: "بۆ زۆربەی ئەو فێستیڤاڵانەی لە شارەکانی ئێران ساز کراون، ڕۆیشتووم و بەشداریم کردووە. یەکەم گەشتیشم بۆ دەرەوەی وڵات بۆ عێراقە کە هاتووم بۆ شاری سلێمانی".

دەربارەی پیشەکەی موتابی ڕایگەیاند: "ئەم کارە ئەرکی زۆرە و دەستکەوتی کەمە، بەڵام بەرەکەتی زۆرە و، من زۆر لێی ڕازیم. عاشقی ئەم کارەی خۆمم و نامەوێت لەدەستی بدەم و حەز دەکەم خەڵکی دیکەش فێر بێت".

گوتیشی: "دوای باپیرەم، مامەکانم و باوکم درێژەیان بەم پیشەیە داوە، باوکم چوار منداڵی گەورە کرد، هەر بەم پیشەیە خانووی بۆ کوڕەکانی کڕی و ماڵیشی بۆ کچەکانی کرد. بەم پیشەیە سەربەرزانە ئێمەی ژیاند".

موتابی ئاماژەی بە نازناوەکەی کرد کە بە واتای "مووڕێس" دێت و، گوتی: "کاتێک ناسنامەیان بۆ خەڵکی دەرکرد، هەرکەسێک نازناوێکی خێزانییان بۆ دانا، لەبەرئەوەی باپیرم مووڕێس بوو نازناوی (موتاب) مووڕێسیان بۆ دانا، ئێمەش ئەو نازناوەمان وەرگرتووە و شانازی پێوە دەکەین".​​​​​​​

بۆ خوێندنەوەی درێژەی ئەم هەواڵە و هەواڵەکانی دیکەی ئاژانسی ئانادۆڵو، ببە بە ئابۆنەی ئاژانسی ئانادۆڵو و کلیک لەسەر ئەم بەستەرە بکەن

هه‌واڵه‌ هاوشێوه‌كان