توركيا, ئابووری, عێراق

تورکیا و هەرێم پەرە بە پەیوەندییە بازرگانییەکانیان دەدەن

سەرۆکی شاندی ئەنجوومەنی هەناردەکارانی تورکیا بیلال کوتوک: "عێڕاق تەنیا دراوسێ نیە بۆ ئێمە، بەڵکو هاوبەشێکی ستراتیژییە کە دەتوانین هاوکاری بازرگانیمان لەگەڵیدا قوڵتر بکەینەوە و سوودی هاوبەش دروست بکەین".

Heman Hussein Yaseen  | 27.05.2025 - نوێکردنەوە : 29.05.2025
تورکیا و هەرێم پەرە بە پەیوەندییە بازرگانییەکانیان دەدەن

Arbil

هەولێر - AA

شاندێکی ئەنجوومەنی هەناردەکارانی تورکیا سەردانی هەولێریان کرد و لە ڕێوڕەسمێکدا بە هاوکاری ژووری بازرگانی و پیشەسازی هەولێر، دیداری ڕاستەوخۆیان بۆ ژمارەیەک لە بازرگانانی تورکیا و هەرێم ڕێکخست.

شاندەکەی ئەنجوومەنی هەناردەکارانی تورکیا، نوێنەرایەتی ١٥٠ هەزار کۆمپانیا لە تورکیا دەکات و، ئامانجی سەردانەکەیان پەرەپێدان و زیادکردنی قەبارەی بازرگانییە لە نێوان هەرێم و تورکیا.

لە ڕێوڕەسمێکدا سەرۆکی شاندی ئەنجوومەنی هەناردەکارانی تورکیا ڕایگەیاند کە لەمیانی ساڵی ڕابردوودا قەبارەی بازرگانی تورکیا لەگەڵ عێڕاق بریتیی بووە لە ١٥ ملیار دۆلار، جەختی لەوەش کردەوە کە لەم سەردانەیاندا یاوەری ژمارەیەک کۆمپانیای گەورە دەکەن کە لەبوارە جۆراوجۆرەکاندا کار دەکەن.

سەرۆکی شاندی ئەنجوومەنی هەناردەکارانی تورکیا بیلال کوتوک لەمبارەیەوە گوتی: "ئەمڕۆ لێرە کۆبووینەتەوە بۆ پتەوکردنی پەیوەندییە بازرگانییەکان و گەڕان بەدوای دەرفەتی هاوبەش، بێگومان عێڕاق تەنیا دراوسێ نیە بۆ ئێمە، بەڵکو هاوبەشێکی ستراتیژییە کە دەتوانین هاوکاری بازرگانیمان لەگەڵیدا قوڵتر بکەینەوە و سوودی هاوبەش دروست بکەین".

بیلال کوتوک گوتیشی: "لە ساڵی ٢٠٢٤دا قەبارەی بازرگانیمان لەگەڵ عێراق گەیشتە ١٥ ملیار دۆلار بەمەش عێڕاق پێگەی خۆی وەک یەکێک لە گرنگترین هاوبەشە بازرگانییەکانمان چەسپاندووە، ئەنجوومەنی هەناردەکارانی تورکیا کە یەکێکە لە دامەزراوە سەرەکییەکانی بازرگانی تورکیا نوێنەرایەتی ١٥٠ هەزار هەناردەکار لە سەرتاسەری تورکیا دەکات و وەک پردێک لە نێوان هەناردەکاران و حکوومەتدا کار دەکات، جگە لە پاڵپشتی پەرەپێدانی هەناردەکردن، ئەوا کار دەکات بۆ زیادکردنی قەبارەی بازرگانی نێودەوڵەتی بەشێوەیەکی سەقامگیر و بەردەوام".

کوتوک تیشکی خستەسەر هێز و توانای کۆمپانیاکان و گوتی: "وەک کۆمەڵەی هەناردەکارانی کان و کانزاکانی تورکیا لە ساڵی ٢٠٢٤ سەدا ٣٤ی کۆی هەناردەی تورکیامان پێکهێناوە و نوێنەرایەتی ٣٠ هەزار ئەندامی چالاکمان دەکەین لە کەرتەکانی پۆڵا، کارەبایی، ئەلیکترۆنی و ماددە کیماییەکان و چەند بوارێکی دیکە کار دەکەن".

هەر لە ڕێوڕەسمەکەدا، کۆنسوڵی گشتی تورکیا لە هەرێمی کوردستان-عێراق ، ئەرمان تۆپچو تیشکی خستەسەر گرنگی کۆبوونەوەکە و جەختیشی لەوە کردەوە کە ژمارەیەکی زۆر لە کۆمپانیا تورکییەکان ڕۆڵیان هەبووە لە بواری بونیادنان و ئاوەدانکردنەوەدا، ئاماژەی بەوەشکرد کە تورکیا چەندین ساڵە کار بۆ گەشەسەندنی عێڕاق و هەرێم دەکات

لەمبارەیەوە کۆنسوڵی گشتی تورکیا لە هەرێم، ئەرمان تۆپچو گوتی: "وەک نوێنەرانی وڵاتانمان ئامانجی سەرەکیمان ئەوەیە ڕێنیشاندەری پیاوانی کار بین و بە هەموو توانامانەوە لەگەڵ هۆبەی بازرگانیمان و هاوپیشەکانمان ئامانجمان ئەوەیە ببینە ڕێنیشاندەرێک بۆ کەسانی دیکە بە تایبەتی بۆ ئەو جوگرافییایەی کە تێیدا دەژین زۆر گرنگە، چونکە کەرتی تایبەت لە تورکیا زیاتر لە چەندین ساڵە بۆ گەشەپێدانی عێراق و هەرێم کار دەکات، لێرەدا دەتوانین بڵێین کەرتی تایبەتمان بۆ پەرەپێدان و گەشەسەندنی ناوچەکە زۆر کاری کردووە و ئەمەش پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی بەدواوە دێت و لە کەرتی بازرگانیش بە ڕوونی دەبیندرێت".

ئەرمان تۆپچو گوتیشی: "لە کەرتی بازرگانییدا هەناردەکردنمان بۆ عێراق ١٣ ملیار دۆلاری تێپەڕاندووە و قەبارەی بازرگانیشمان ١٥ ملیار دۆلاری تێپەڕاندووە، ئەم سەرکەوتنە ڕۆڵی سەرەکی ئێوەی پیاوانی کارە، هەروەها سەیر دەکەین کە ئەمڕۆ بەڵێندەران کار دەکەن و لەم چوارچێوەیەشدا دەبینین ڕێگاوبانی گرنگ و تونێل لە شارەکانی باکووری عێراق ئەنجامدراوە و ڕێگاکان کورتکراونەتەوە، دابینکردنی تۆڕی ئاو خۆشگوزەرانی بۆ خەڵک دەستەبەرکردووە، بێگومان بەڵێندەرانی تورکیاش لە زۆر بواردا کاری گرنگیان ئەنجامداوە وەک وێستگەکانی کارەبا کە تا ئێستا زیاتر لە چەند پڕۆژەیان لە عێراق لە ئەستۆ گرتووە کە بەهاکەیان ٣٥ ملیۆن دۆلارە و ئەم ژمارەیەش عێراق دەکاتە یەکەم وڵاتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و سێیەم وڵاتی جیهان کە زۆرترین پڕۆژەی لەلایەن کۆمپانیا تورکییەکانەوە تێدا ئەنجام دراوە".

هاوکات بریکاری وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی هەرێم ئاماژەی بەوەکرد کە تەواوی ئاسانکاری بۆ کۆمپانیا بازرگانییەکان دەکەن و ڕاشیگەیاند زۆرینەی ئەو کۆمپانیا بیانییانەی لە هەرێم کار دەکەن، کۆمپانیای وڵاتی تورکیان.

هەر لە ڕێوڕەسمەکەدا بریکاری وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی، سەروەر هاواری گوتی: "لە ساڵی ١٩٩٩ دەروازەی ئیبراهیم خەلیل، تاکە دەروازە بوو وەکو شادەماری زیندوو بۆ هەرێمی کوردستان، ئەمەش ئاماژەی گەرمی ئەو پەیوەندییە بازرگانییەیە کە لە نێوان هەرێم و تورکیادا هەیە، لە ئێستاشدا زۆربەی ئەو کارگە و کۆمپانیا بیانییانەی کە لە هەرێمی کوردستان کاردەکەن، تورکین".

سەروەر هاواری گوتیشی: "تورکیا بۆ ئێمە گرنگە و ئەم جۆرە دیدار و کۆبوونەوانە بەشێکە لە پەرەپێدانی پەیوەندی بازرگانی، هەروەها ئێمە ئاسانکاری تەواو بۆ کۆمپانیاکان دەکەین، بێگومان کۆمپانیاکان لە ڕێگای بەشی بازرگانی کۆنسوڵخانەی تورکیا سەردانمان دەکەن و ئێمەش لەگەڵیان دادەنیشین کە تەواو زانیاری و ڕێنماییان پێدەدەین بۆ ئەو دەرفەتەی کە حکوومەت دەیڕەخسێنێت بۆ کۆمپانیا بیانییەکان".

هاوکات سەرۆکی لقی هەولێری یەکێتی هاوردە و ناردنکارانی هەرێم، ڕەسول عومەر عەبدوڵڵا ئاماژەی بەوەکرد کە ئاڵوگۆڕی بیروڕا لە نێوان کۆمپانیا تورکییەکان و کۆمپانیا ناوخۆییەکان وا دەکات ئاستی قەبارەی بازرگانی بەرەو پێشەوە بچێت.

لەمبارەیەوە ڕەسول عومەر عەبدوڵڵا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "ئەم شاندەی تورکیا کە نوێنەرایەتی ١٥٠ هەزار کۆمپانیا دەکەن، لێرە لەگەڵ کۆمپانیا خۆماڵییەکان دیداری ڕاستەوخۆیان دەبێت و بیروڕا ئاڵوگۆڕ دەکەن، بێگومان ئەمەش هۆکارێکە بۆ بەرەوپێشبردنی ئاستی بازرگانی نێوانییان".

ڕەسول عومەر عەبدوڵڵا گوتیشی: "ئێمە وەک لقی هەولێری یەکێتی هاوردە و ناردنکاران، هەموو کات دەرگامان واڵابووە بۆ ئەو بازرگانانەی هاتوونەتە هەولێر، لە ئێستاشدا ئەم کۆبوونەوەیە ئەنجام دەدرێت هاوشێوەی کۆمپانیاکانی تورکیا، کۆمپانیای ناوخۆیمان بانگهێشت کردووە بۆ ئەوەی بتوانن پەرە بە پەیوەندییەکانییان بدەن، هەروەها سەرنجی هەموو کۆمپانیا تورکییەکان ڕادەکێشین بۆ ئەوەی بتوانن هاوشێوەی ئەو کارگانەی لە تورکیا هەیە لێرەش بە هاوبەشی کۆمپانیا ناخۆییەکان دایبمەزرێنن و ئەوەی لە توانای ئێمەشدا هەبێت ئاسانکاری بۆ هەموویان بکەین".


بۆ خوێندنەوەی درێژەی ئەم هەواڵە و هەواڵەکانی دیکەی ئاژانسی ئانادۆڵو، ببە بە ئابۆنەی ئاژانسی ئانادۆڵو و کلیک لەسەر ئەم بەستەرە بکەن