Zana Natık Kerem
26 تشرینی یەکەم 2020•نوێکردنەوە: 26 تشرینی یەکەم 2020
بەغدا ــ AA
لە میانی هەوڵی هێزە ئەمنییەكان بۆ بڵاوەپێكردنی خۆپیشاندەران لە ناوەڕاستی بەغدا، رووبەڕووبوونەوە و پێكدادان لەنێوان هەردوولادا روویدا.
ئەم پێشهاتەش دوای ئەو خۆپیشاندانانە دێت كە دوێنێ یەكشەممە لە بەغدا و ژمارەیەك شاری دیکەی ناوەڕاست و باشووری عێراق بە بۆنەی ساڵیادی خۆپیشاندانەكانی تشرینی یەكەمی ٢٠١٩دا، ئەنجامدرابوون.
لەئێستادا، سەدان خۆپیشاندەر لە ناوەڕاستی شاری بەغدا بە تایبەتیش لە گۆڕەپانی تەحریر گردبوونەتەوە و داوا دەكەن ئەو داواكارییانەیان كە لە خۆپیشاندانەكانی رابردوودا، پێشكەشیان كردبوو، جێبەجێ بكرێن.
لەمبارەیەوە ئەفسەر لە پۆلیسی بەغدا، نەقیب حاتم جابری بە ئاژانسی ئانادۆڵوی رایگەیاند كە ئەمڕۆ دووشەممە دووبارە رووبەڕووبوونەوە و پێكدادان لەنێوان خۆپیشاندەران و هێزە ئەمنییەكاندا لە پردەكانی كۆماری و سینەك ناوەڕاستی بەغدا روویداوە.
حاتم جابری ئاماژەی بەوەیشدا كە رووبەڕووبوونەوە و پێكدادان لەو كاتەدا روویداوە كە هێزە ئەمنییەكان هەوڵیانداوە بڵاوە بە خۆپیشاندەران بكەن.
دوێنێ یەكشەممە لە یەكەمین ساڵیادی خۆپیشاندانەكانی ٢٥ی تشرینی یەكەمی ٢٠١٩دا، خۆپیشاندان لە شاری بەغدا و ژمارەیەك شاری دیكەی باشوور و ناوەڕاستی عێراق ئەنجام دران.
پێشتر وەزارەتی ناوخۆی عێراق رایگەیاندبوو كە لە میانی خۆپیشاندانەكانی دوێنێ یەكشەممە لە بەغدای پایتەخت، ٤٣ كارمەندی ئەمنی برینداربوون.