Sarmand Hameed
15 ئاب 2020•نوێکردنەوە: 16 ئاب 2020
هەولێر - AA
سەرۆکوەزیرانی ھەرێمی کوردستان، مەسرور بارزانی و سەرۆکوەزیرانی عێراقی فیدرال، مستەفا کازمی پەیوەندییەکی تەلەفۆنییان ئەنجامدا.
بەپێی راگەیەنراوێکی نووسینگەی رۆژنامەوانی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، لە میانی پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەدا مەسرور بارزانی و مستەفا کازمی تاوتوێی کێشەکانی نێوان ھەولێر و بەغدایان کرد.
بەپێی راگەیەنراوەکە کە کۆپییەکی گەیشتووەتە ئاژانسی ئانادۆڵو، لە میانی پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەی نێوان مەسرور بارزانی و مستەفا کازمی جەخت لەوە کراوەتەوە کە دەستووری عێراق بنەمای چارەسەریی ھەموو کێشەکانە و ھەر رێککەوتنێک دەبێت رەچاوی تایبەتمەندییەکانی ھەرێمی کوردستان و بەرژەوەندیی گشت گەلانی عێراق بکات.
لە بەشێکی دیکەی پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەدا، مەسرور بارزانی و مستەفا کازمی ئاماژەیان بە بەرەپێشچوونی رەوتی دانوستانەکانی نێوان هەولێر و بەغدا کردووە کە بەرھەمی دانوستانی چەندین مانگی شاندە دانوستانکارەکانی ھەردوولا بوو.
لە راگەیەنراوەکەدا ئاماژە بەوەشدراوە کە لە سەر بنەمای ئەو لەیەکگەیشتنانەی نێوان شاندی هەردوولا لە سەر چارەسەریی ھەنووکەیی کێشەی مووچەخۆرانی ھەرێم رێککەوتن و بڕیاردرا بە پێی دۆخی دارایی ئێستای عێراق، لە نزیکترین کاتدا گوژمەی ٣٢٠ ملیار دینار وەک بەشە مووچەیەک لە بەغداوە رەوانەی ھەرێم بکرێت.
هاوکات سەرۆکوەزیرانی ھەرێمی کوردستان، مەسرور بارزانی و سەرۆکوەزیرانی عێراقی فیدرال، مستەفا کازمی جەختیان لە بەردەوامیی دانوستانەکان بە ئاراستەی چارەسەریی ھەموو کێشەکان کردووەتەوە.