Hemin Hüseyin
29 کانوونی دووەم 2019•نوێکردنەوە: 30 کانوونی دووەم 2019
هەولێر - AA
سەرۆکی فراکسیۆنی بەرەی تورکمانی لە پەرلەمانی کوردستان، ئایدن مەعروف داوا دەکات کە پێکهاتەکانی وەک تورکمان و مەسیحی و کلدوئاشوور فەرامۆش نەکرێن و بەشداریکردنی ئەو پێکهاتانە لە کابینەی نوێی حکوومەت بە گرنگ دەزانێت و ئاماژەش بەوە دەکات کە تا ئێستا کۆبوونەوەی فەرمیی لە نێوان لیستی براوەی هەڵبژاردنەکان و پێکهاتەی تورکماندا نەکراوە، بەڵام گفتوگۆی ناڕاستەخۆ لەنێوانیاندا هەبووە.
ئایدن مەعروف لە لێدوانێکی بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "وەک پێکهاتەی تورکمان لەگەڵ ئەوەداین بە زووترین کات حکوومەتی هەرێمی کوردستان، بە بەشداری هەموو لایەنە سیاسییەکانی ناو پەرلەمانی کوردستان پێک بێت و سەقامگیریش بۆ ئێمە گرنگە و بەنیازین بەشداری لە کابینەی نوێی حکوومەت بکەین و پێمان وایە پارتی دیموکراتی کوردستان سەردانی ئێمەش دەکات و گفتوگۆ لەمباریەوە دەکەین".
لەبارەی سەردان و کۆبوونەوە فەرمییەکان لە نێوان پارتی دیموکراتی کوردستان و پێکهاتەی تورکمان، ئایدن مەعروف گوتی: "تاکو ئیستا بە فەرمیی هیچ شتێک لەنێوانماندا نەبووە، بەڵام پێش دەستپێکردنی کۆبوونەوەکان شاندێک سەردانی ئێمەی کرد لە هەرێمی کوردستان و لە بەغداش شاندێکی دیکە سەردانی ئێمەیان کرد و تیایدا باسی ئەوەکراوە کە بەشداریکردنی تورکمانەکان گرنگە و پێویستە داواکاریەکانیش بە هەند وەربگیرێن و کاری لەسەر بکرێت".
سەرۆکی فراکسیۆنی بەرەی تورکمانی لە پەرلەمانی کوردستان، ئایدن مەعروف سەبارەت بە داوکارییەکانی پێکهاتەی تورکمان لە کابینەی نوێی حکوومەتی هەرێمی کوردستان گوتی: "داواکارین تورکمانەکان لە پۆستە سیادییەکان بەشداربن و ئێمە داواکارین کە یەک لە جێگرانی سەرۆکی هەرێم یان سەرۆکوەزیران یان پەرلەمان بدرێت بە تورکمانەکان، هەروەها وەزارەتێکی خزمەتگوزاری و دانانی وەزیرێکی هەرێم بۆ کاروباری تورکمان و پێدانی راوێژکار لە هەر سێ سەرۆکایەتییەکەی هەرێم و پەرلەمان و حکوومەت".
ئایدن مەعروف گوتیشی: "ئەمڕۆ هەریەک لە پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتی نیشتمانیی کوردستان کۆدەبنەوە و دواتر کۆبوونەوەیەکی سێقۆڵی بەهاوبەشی بزووتنەوەی گۆڕان ئەنجام دەدرێت و دواتر رەنگە لیستی براوەی هەڵبژاردنەکەی پەرلەمان، لەگەڵ پێکهاتەکان کۆبێتەوە".
لە ھەڵبژاردنی ٣٠ی ئەیلوولی ساڵی رابردوو پارتی گەشەپێدانی تورکمان، دوو کورسی و پارتی چاکسازی تورکمان، یەک کورسی و بەرەی تورکمانی، یەک کورسی و لیستی میللەت، یەک کورسی پەرلەمانییان بەدەستھێنا.