Fahrettin İbrahim
23 تشرینی یەکەم 2019•نوێکردنەوە: 27 تشرینی یەکەم 2019
هەولێر - AA
سەرۆكی پێشووی هەرێمی کوردستان مەسعود بارزانی پێشوازی لە باڵیۆزی بریتانیا لە عێراق جۆن ویلیکس كرد.
لە دیدارەكەدا كە كۆنسوڵی گشتیی بریتانیا لە هەولێرجێمس سۆرنتن ئامادەی بوو، باڵیۆزی بریتانیا پاڵپشتیی وڵاتەكەی بۆ هەرێمی كوردستان دووپات كردەوە و ئامادەیی وڵاتەکەی بۆ پەرەپێدانی زیاتری پەیوەندییەكان لەگەڵ كوردستان و عێراق ڕاگەیاند.
ماڵپەڕی تایبەت بە سەرۆکی پێشووی هەرێمی کوردستان لەم بارەیەوە رایگەیاند، بارودۆخی سیاسیی عێراق و ناوچەکە و دوا گۆڕانكارییەكان لەسەر ئاستی هەرێمایەتی و نێودەوڵەتی و هەروەها تاوتوێ كردنی هەڕەشەی سەرهەڵدانەوەی داعش لە كۆبوونەوەکەدا باسی لێوە کراوە.
دۆخی باکووری سووریا و ئاڵۆزییەکانی ئەم دوایانە تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکەی نێوان بارزانی و باڵیۆزی بەریتانیا بووە و جەخت لەوە کراوەتەوە "ئەو پەنابەرانەی لە ترسی شەڕ ناوچەکانیان بەجێ دەهێڵن، هەر لەناو خاکی سووریا و لە شوێنێکی ئارامی نزیک سنوور، کەمپیان بۆ دروست بکرێت و کۆمەڵی نێودەوڵەتی هاوکاریی بەپەلەیان بۆ دابین بکات. هەروەها هەردوولا هاوڕابوون کە ئەو دۆخە ئاڵۆزەی ئێستا زیان بە هەوڵە هاوبەشەکان دژی تیرۆر دەگەیەنێت و مەترسی سەرهەڵدانەوەی داعش لە سووریا و عێراق زیاتر دەکات".
هەر لە دیدارەکەدا باسی ڕەوشی سیاسی و ئەمنیی عێراق کرا و هەردوولا هاوڕا بوون کە پێویستە داواکارییە ڕەواکانی هاووڵاتیان جێبەجێ بکرێن و پڕۆژەی خزمەتگوازری لەناوچەکانی ناوەڕاست و عێراق جێبەجێ بکرێن و دۆخی ژیانی خەڵک باشتر بکرێت.
هەر لەوبارەیەوە بارزانی بە باڵیۆزی بریتانیای راگەیاندووە کە "نابێ ڕێگە بدرێت ئۆباڵی هەڵە و کەموکوڕییەکانی ڕابردوو و بخرێنە ئەستووی حکوومەتی ئێستای عێراق و ئەوانەی خۆیان هۆکاری گەندەڵی و کەموکوڕییەکان بوونە سواری شەپۆلی ناڕەزایەتیی خەڵک بن و بیانەوێ زیان بە کابینەی دکتۆر عادل عەبدولمەهدی بگەیەنن".