Heman Hussein Yaseen
23 تشرینی یەکەم 2019•نوێکردنەوە: 24 تشرینی یەکەم 2019
هه‌ولێر - AA
ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه، پەرلەمانی كوردستان خوێندنەوەی دووەم بۆ پرۆژە یاسای تاپۆکردنی زەویە زێده‌ڕۆییه‌كان ده‌كات و گوتەبێژی فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستانیش له په‌رله‌مانی كوردستان رایده‌گه‌یه‌نێت كه پێشنیازی ئه‌وه ده‌كه‌ن كه‌سوكاری شه‌هیدان له رسوماتی ئه‌و پڕۆژه‌یاسایه ببه‌خشرێن.
گوتەبێژی فراکسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان له په‌رله‌مانی كوردستان، پێشه‌وا هه‌ورامی لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا گوتی: ''پرۆژە یاسای تاپۆکردنی زەویە زێدەڕۆییەکان لە سنوری شارەوانییەکان پرۆژەیەکە چەند پرسێگی گرنگی تێدایە لەوانە گەشەپێدان و رێکخستنی شارەکان و دیاریکردنی زه‌وییه زێده‌ڕۆییه‌كان و ئالیەتی جێبەجێکردنی ئەم پرۆژەیە لە دوای دەرچوونییەوە''.
پێشه‌وا هه‌ورامی گوتیشی: ''هه‌رچه‌نده ئه‌وه روونه ئه‌و خانووانه‌ی له‌سه‌ر زه‌وی شاره‌وانییه‌كان به شێوه‌یه‌كی زێده‌ڕۆیی دروستكراون خه‌ڵكی هه‌ژار و كه‌مده‌رامه‌ت لێی نیشته‌جێن، له‌م پڕۆژه یاسایه ئەو خەڵکە دەبنە خاوەنی یەکەی نیشتەجێبوون بە شێوەیەکی فەرمی لە لایەن حكوومه‌تیش بە فەرمی دانی پێدادەنرێت و خانووەکانیان بۆ تاپۆ دەکرێت''.
پێشه‌وا هه‌ورامی ئه‌وه‌یشی خسته‌ڕوو كه ئاماناجێكی دیكه‌ی ئه‌و پڕۆژه‌یاسایه رێكخستن و گه‌شه‌پێدانی شاره‌كانه و له داهاتی ئه‌و پڕۆژه‌یاسایه كه دیاریكراوه، خزمه‌تگوزاری بۆ ئه‌و شوێنانه دابین ده‌كرێت کە بەشێکی زۆری ئەو شوێنانە بەدهست کەمی خزمەتگوزاری دەنالێنن، حکوومەت لە رێگای ئەو داھاتانە سیمایه‌كی شارستانی بەو ناوچانە دەدات بە گەیاندنی خزمەتگوزاری رێگا و قوتابخانە و نەخۆشخانە.
گوتەبێژی فڕاكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان گوتیشی: ''پێشنیاز دەکەین بنەماڵەی شەھیدان لەو رسوماتانەی لەو پرۆژەیاسایە دیاریکراون ببەخشرێن، هه‌روه‌ها برینداران و پەککەوتانی شەڕ ببەخشرێن، ھەوڵیش دەدەین ئەو یاسایە کەمترین بارگرانی ماددی لەسەر ھاووڵاتییان دروست بکات''.