Heman Hussein Yaseen
15 نیسان 2021•نوێکردنەوە: 16 نیسان 2021
ههولێر - AA - هێمن حوسێن
سەرۆکی بەرەی تورکمانی لە پەرلەمانی کوردستان رایدەگەیەنێت کە رەشنووسێکیان داوەتە سەرۆکایەتی پەرلەمان بە مەبەستی زیادکردنی خزمەتگوزاریی بۆ ھاووڵاتییان و رەشنووسەکەش بریتییە لە زیادکردنی دوو قایمقامیەتی دیکە لە شاری ھەولێر و پێیانوایە کە لەئێستادا شاری ھەولێر بەھۆی فراوانبوونییەوە پێویستی بە سێ قایمقامیەت رۆژھەڵات، ناوەند و رۆژئاوا ھەیە.
لەماوەی رابردوودا، سەرۆکی فراکسیۆنی بەرەی تورکمانی لە پەرلەمانی کوردستان، ھیمداد سەباح رەشنووسێکی ئاراستەی سەرۆکایەتی پەرلەمانی کوردستان کردووە کە بریتییە لە زیادکردنی دوو قایمقامیەتی دیکە لەناو شاری ھەولێر سەرەڕای بوونی قایمقامیەتی قەزای ناوەندی ھەولێر و تیایدا روونی کردووەتەوە کە بەھۆی فراوانبوونی شار و بۆ باشترکردنی خزمەتگوزاری ھاووڵاتییان، شاری ھەولێر پێویستی بە سێ قایمقامیەت ھەیە.
لەبارەی رەشنووسەکەوە، سەرۆکی فراکسیۆنی بەرەی تورکمانی لە پەرلەمانی کوردستان، ھیمداد سەباح بۆ ئاژانسی نانادۆڵو گوتی: ''پێشنیازێکمان ئاراستەی دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمان کردووە بۆ زیادکردنی قایمقامیەت لە شاری ھەولێر و پڕۆژەیەکی گرنگە، لەزۆربەی وڵاتان و شارە گەورەکان دەزگای حکوومی خزمەتگوزاری بەپێی پێویست دەتوانن بینای زیاتر بکەنەوە، ئێمە ھەستمان بەوەکردووە کە لە نەوەدەکانی سەدەی رابردوو سەنتەری شاری ھەولێر ٨٠٠ ھەزار کەسی تێدابوو، بەڵام ئێستا نزیکەی ملیۆنێک و ٤٥٠ ھەزار کەسی تێدایە و شەقامی نوێ و زیاتر دروستکراوە و ئەمەش فشارێک دروست دەکات لەسەر ئەو خزمەتگوزارییانەی پێشکەیشی ھاووڵاتییان دەکرێت، بۆیە وامان بە پێویست زانی ھەولێر لە یەک قایمقامیەتەوە بکرێت بە سێ قایمقامیەت، قایمقامیەتی رۆژھەڵات و رۆژئاوا لەگەڵ قایمقامیەتی ناوەند، چۆن ئێستا نەھێشتنی تاوان و نەخۆشخانەکان دوو دانە ھەیە، زۆربەی دامەزراوەکانی حکوومەت کراوە بە رۆژھەڵات و رۆژئاوا، بۆیە بە پێوسیتمانزانی قایمقامیەتی رۆژھەڵات و رۆژئاوا ھەبێت و قایمقامیەتی ناوەندیش وەکو مەعنەوی بدرێت بە پێکھاتەی تورکمان، لەبەر ئەوەی سەنتەری ھەولێر بەتایبەت ناو بازاڕ و کاسبکارەکان زۆربەیان لە پێکھاتەی تورکمانن''.
ھیمداد سەباح دەشڵێت ''ھەر شتێک کە لە پەرلەمان پێشکەش دەکەین لە بەرژەوەندی گشتییە و ئامانجمان لەم پڕۆژەیەش راپەڕاندنی خزمەتگوزاری و ئاسانکردنی کاری ھاووڵاتییانە، زیادکردنی قایمقامیەتی ھەولێر بە چەند قۆناغێک دا تێپەڕ دەبێت، ئێمە ئێستا ئەو نووسراوەمان پێشکەیش بە دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمان کردووە و بەپێی رێنمایی و یاساکان رێڕەوی خۆی وەردەگرێت لە ھەمانکاتدا بوونی دوو قایمقامیەتی دیکە رەخساندنی ھەلی کارە''.
ئەو پەرلەمانتارە جەخت لەسەر ئەوە دەکاتەوە کە ئەم پڕۆژەیە لە خزمەتی بەرژەوەندی گشتییدایە و لە کۆتاییدا ھاووڵاتییانی شاری ھەولێر لێی سوودمەند دەبن و گوتی: ''ئەم رەشنووسە بۆ زیاتر گەیاندنی خزمەتگوزاریی بە ھاووڵاتییانە و پێشبینی دەکەم ھەر پڕۆژەیەک لە بەرژەوەندیی گشتیدا بێت، سەرکەوتوو دەبێت''.
لەبارەی ھەنگاوی رەشنووسەکەش لەئێستادا، ھیمداد سەباح گوتی: ''رەشنووسەکە لەلای دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمانە و لە داھاتووشدا لە چاوپێکەوتن لەگەڵ پاریزگاری ھەولێر و سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگا گفتوگۆی زیاتر دەکەین بۆ ئەوەی پڕۆژەکە بە ئەوانیش بگەیەنین''.