Hamit Hüseyin
15 تشرینی دووەم 2016•نوێکردنەوە: 15 تشرینی دووەم 2016
ھەولێر - AA
سەرۆکی ھەرێمی کوردستان، مسعود بارزانی پێشوازی لە باڵیۆزی کرواتیا لە عێراق، ئیڤان یوریچ کرد.
ماڵپەری سەرۆکایەتی ھەرێمی کوردستان بڵاوی کردەوە کە لە دیدارەکەدا باڵیۆزی کرواتیا لە عێراق ستاییشی خەبات و قوربانیدانی گەلی کوردستانی کرد لەپێناو ئازادیدا و ھەروەھا ئەوەی خستەڕوو کە زۆر بەباشی ھەست بە ویست و ھیوای خەڵکی کوردستان و ئەو بەھا و قوربانیدانە دەکات کە گەلی کوردستان بۆ گەییشتن بە ئازادی و رزگاری بەخشیویەتی.
باڵیۆزی کرواتیا ھێماشی بە قارەمانێتیی ھێزی پێشمەرگە دا لە شەڕی دژی تیرۆریستان و رایگەیاند کە پێشمەرگە یەکەم ھێز بوو کە ڕووبەڕووی تیرۆریستانی داعش وەستا و سەرکەوتنی بەدەست ھێنا. ھەروەھا پابەندبوونی وڵاتەکەیشی بۆ پشتیوانی ھێزی پێشمەرگە و گەلی کوردستان دووپاتکردەوە و ئامادەیی کرواتیایشی بۆ پەرەپێدانی پەیوەندی لە بواری ئابووری و گەشتوگوزار و کەرتەکانی تر راگەیاند.
لەبەرامبەردا سەرۆکی ھەرێمی کوردستان، مسعود بارزانی رێز و پێزانینی خۆی بۆ خەبات و قوربانیدانی گەلی کرواتیا بۆ گەییشتن بە سەربەخۆیی نیشان دا و سوپاسی گەل و حکوومەتی کرواتیایشی کرد کە لە شەڕی تیرۆریستانی داعش ھاوکاری پێشمەرگە بوون و پشتیوانیان لە گەلی کوردستان کردووە و رایگەیاند ھەرێمی کوردستان ئامادەیە پەیوەندییەکانی لە بواری جۆراوجۆر لەگەڵ کرواتیا فراوان بکات.
لە کۆبوونەوەکەدا هەروەها باس لە بارودۆخی مەیدانیی بەرەکانی شەڕی تیرۆریستان لە مووسڵ و سەرکەوتنەکانی پێشمەرگە و سوپای عێراقی کرا.
پەیوەندیەکانی نێوان ھەرێم و بەغدا و ئاییندەی کوردستان تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکە بوو.