هەولێر
بەپێی قسەكانی سەرۆكی ئەنجوومەنی پارێزگای هەولێر عەلی رەشید، هەفتەی داهاتوو ئەندامانی لێژنەكانیش یەكلایی دەكرێنەوە.
لە دانیشتنی ژمارە 18ی خولی دووەمی خۆیدا ئەمڕۆ یەكشەممە ئەنجوومەنی پارێزگای هەولێر كۆبوویەوە و پێنج تەوەری كردبوویە بەرنامەی كاری كۆبوونەوەكە كە هەڵبژاردنی سكرتێری ئەنجوومەن و پەسەندكردنی سەرۆكایەتی 15 لێژنەكەی دیارترینییان بوون.
سەرەتای كۆبوونەوەكە سەرۆكی ئەنجوومەنی پارێزگای هەولێر عەلی رەشید ئاماژەی بۆ ئەوەكرد كە لەو كۆبوونەوەیەیاندا بڕیار لەسەر هەڵبژاردنی سكرتێرێك بۆ ئەنجوومەنەكەیان دەدرێت و دواتر پاڵێوراوی مەسیحییەكان هالان هرمز وەكو تاكە كاندید ناسێنرا و لە كۆی 27 ئەندامی ئامادەبووی ئەنجومەمەن توانی 19 دەنگ بەدەست بهێنێت و ببێتە سكرتێری ئەنجوومەنی پارێزگای هەولێر.
دواتر بەپێی رێككەوتنی پێش وەختەی نێوان لیستەكانی ئەنجوومەنەكە سەرۆك و جێگر و بڕیاردەری 15 لێژنەكەی ئەنجوومەن بە تێكڕای دەنگ هەڵبژێردران.
بەپێی ئەو رێككەوتننە پەیكەری نوێی لێژنەكانی ئەنجوومەنی پارێزگای هەولێر بەمشێوەیە دابەش بوون:
پارتی دیموكراتی كوردستان سەرۆكایەتی پێنج لێژنە و یەكێتیی نیشتمانی كوردستان سێ لێژنە و بزووتنەوەی گۆڕان 2 لێژنە و فراكسیۆنی خزمەتیش 2 لێژنە، هەر یەك لە پێكهاتەی توركمانیش سەرۆكایەتی دوو لێژنە و مەسیحییەكانیش یەك لێژنە دەكەن.
هەرچی لەبارەی جێگرانی سەرۆكی لێژنەكانیشەوەیە ئەوا پارتی دیموكراتی كوردستان جێگری شەش سەرۆك لێژنە و یەكێتی چوار لێژنە و گۆڕان دوو لێژنە و خزمەتیش دوو لێژنە و توركمانەكانیش یەك لێژنەیان بەردەكەوێت.
پارتی سەرۆكایەتی لێژنەكانی مافی مرۆڤ، تەندروستی، شەهیدان، كاروباری یاسایی، كاروباری ئاینی وەرگرتووە. یەكێتیی نیشتمانی كوردستان سەرۆكایەتی لێژنەكانی پەروەردە، وەرزش و لاوان، پیشەسازی هەیە، هەرچی گۆڕانە ئەوان سەرۆكایەتی لێژنەكانی ئاوەدانكردنەوە و كشتوكاڵی بردووە، لێژنەكانی دارایی، دەستپاكیش دراون بە لیستی خزمەت، جگە لەوەش سەرۆكایەتی لێژنەكانی ناوخۆ، شارەوانی دراون بە توركمان و سەرۆكایەتی لێژنەی پەیوەندییەكانیش دراوە بە كریستیانەكان.
بڕیاردەكانی لێژنەكانیش بەمشێوەیە رێككەوتنی لەسەر كراوە، پارتی دیموكراتی كوردستان بڕیاردەری حەوت لێژنەی دەبێت، یەكێتیی نیشتمانی كوردستان سێ لێژنە، گۆڕان دوو لێژنە، خزمەت دوو لێژنە، مەسیحییەكانیش یەك لێژنە.
لە سەرۆكایەتی لێژنەكانیشدا پارتی دیموكراتی كوردستان كە بە 13 كورسی براوەی یەكەمی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاكانی هەرێمە كە لە 30ی نیسانی رابردوو بەڕێوەچوو لە كۆی پۆستەكانی ئەو پازدە لێژنەیە 18 پۆستی بەركەوتووە،پێنج سەرۆكی لێژنە، شەش جێگر، حەوت بڕیاردەر.
یەكێتیی نیشتمانی كوردستان براوەی دووەمی هەڵبژاردن بە شەش كورسییەوە 10 پۆستی لە لێژنەكانی ئەنجوومەنی پارێزگا وەردەگرێت،سێ سەرۆك لێژنە، چوار جێگر، سێ بڕیاردەر.
گۆڕانیش كە لیستی سێهەمی ئەنجوومەنەكەیە شەش پۆستی بردووە ، دوو سەرۆك، دوو جێگر، دوو بڕیاردەر.
هەرچی لیستی خزمەتیشە(كۆمەڵ و یەكگرتووی ئیسلامی) بە سێ كورسییەوە شەش پۆستییان بەردەكەوێت، دوو سەرۆك، دوو جێگر، دوو بڕیارەدەر.
هەروەها كۆتای توركمانەكانیش سێ پۆستییان هەیە(سەرۆكایەتی دوو لێژنە، جێگری یەك لێژنە)، كۆتای مەسیحییەكانیش دوو پۆستییان دەبێت ئەوانیش یەك سەرۆك لێژنە و یەك بڕیاردەر.
دواتر ئەنجوومەن گفتوگۆی لەسەر یاداشتێكی 13 ئەندامی ئەنجوومەنەكە كرد كە تایبەت بوو بە چەند بابەتێكێكی جیاجیا.
سەرۆكی ئەنجوومەنی پارێزگای هەولێر عەلی رەشید لە لێدوانێكدا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی "ئەمڕۆ پەیكەری سەرۆكایەتی ئەنجوومەنمان رێكخستەوە، بۆ پاراستن و رێزگرتن لە پێكهاتەكانی هەولێر ئەمڕۆ پۆستی سكرتێری ئەنجوومەنی پارێزگامان دا بە كاندیدی مەسیحییەكان، جگە لەوەش سەرۆكایەتی هەر 15 لێژنەكەمان هەڵبژارد و چاوەڕوان دەكەین هەفتەی داهاتوو ئەندامانیشییان هەڵبژێرین و ئەوەش بۆ بەرەو پێشبردنی كارەكانمان پێویستە".
سكرتێری ئەنجوومەنی پارێزگای هەولێر هالان هرمز سەرباری دڵخۆشیی بۆ وەرگرتنی پۆستێك كە بە سیادی لە ئەنجوومەنی پارێزگای هەولێر ناوبرد لەلایەن مەسیحییەكانەوە گوتی" ئێمە لە ئەنجوومەن بڕیارمان داوە خزمەتی هەموو دانیشتووانی پارێزگای هەولێر بكەین و ئەو پۆستەی ئەمڕۆشمان هەنگاوێكی باشە بۆ پەرەپێدانی دیموكراسی لە هەرێم".
لە سەروبەندی گفتوگۆكاندا مشتومڕێكی زۆر لە نێوان بەشێك لە ئەندامانی ئەنجوومەن و سەرۆكی ئەنجوومەن دروست بوو بەهۆی دەسەڵاتەكانی ئەنجوومەن و لابردن و دانانی بەڕێوەبەرانی گشتی و ژمارەیەك ئەندام داوایانكرد كە رێگری لە دەستێوەردانی حزبی لە لابردن و هێشتنەوەی بەرپرسانی حكومی لە پۆستەكانییان بكرێت.