Abdullah Abdulmanaf Shukur
08 کانوونی دووەم 2021•نوێکردنەوە: 09 کانوونی دووەم 2021
ھەولێر - AA
وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا سزای بەسەر سەرۆکی دەستەی حەشدی شەعبی، فالح فەیاز بەھۆی تێوەگڵانی بە پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ سەپاند.
بەپێی ئەو راگەیاندراوەی لە ماڵپەری وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا بڵاوکراوەتەوە، " لە کاتی خۆپیشاندانەکانی تشرینی یەکەمی ٢٠١٩، لایەنە نزیکەکانی ئێران لە نێو حەشدی شەعبی ھێرشیان کردووەتە سەر ئەو خۆپیشاندەرانەی کە بەھۆی کەمی خزمەتگوزاری، بێکاری و دەستوەردانەکانی ئێران لە عێراق رژابوونە سەر شەقامەکان".
ھەر بەپێی راگەیاندراوەکە، سەرۆکی دەستەی حەشدی شەعبی و راوێژکاری پێشووی ئاسایشی نیشتمانی عێراق، فالح فەیاز ئەندامێکی شانەی سەرکوتکردنی خۆپێشاندانەکانی ساڵی ٢٠١٩ بووە کە لەلایەن ئێرانەوە پشتیوانی لێ کراون.
لە راگەیاندراوەکەی وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکادا ئەوەشخراوەتەڕوو کە لایەنە نزیکەکانی ئێران لە نێو حەشدی شەعبی بەردەوامن لە ھەڵمەتی کوشتنی ئەو چالاکوانە سیاسیانەی عێراق کە بانگھێشت بۆ ھەڵبژاردنێکی ئازاد و دادپەروەرانە، رێزگرتن لە مافەکانی مرۆڤ و حکوومەتێکی پاک و بێ گەرد دەکەن.
ھەر لە راگەیاندراوەکەدا ئاماژە بە گوتەکانی وەزیری گەنجینەی ئەمریکا، ستیڤن منیوشن کراوە کە گوتوویەتی: "بە سەرپەرشتیکردن و پلاندانان بۆ کوشتنی خۆپیشاندەرە ئاشتیخوازەکانی عێراق، ئەو چەکدار و سیاسییانە کە لە ئێرانەوە نزیکن، لەنێویشیاندا فالح فەیاز، درێژەیان داوە بە ھەڵمەتێکی توندوتیژی دژی دیموکراسیەت و کۆمەڵگەی عێراقی".
ستیڤن منیوشن گوتیشی: "ئەمریکا بەردەوام دەبێت لە سزادانی پێشێلکارانی مافەکانی مرۆڤ لە عێراق".