Heman Hussein Yaseen Yaseen
26 مای,س 2019•نوێکردنەوە: 27 مای,س 2019
هەولێر - AA
ئەندامی پەرلەمانی کوردستان لە فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان، ئەرشەد حسێن رایگەیاند "ئەنجوومەنی دادوەری وەڵامی تانەکانی پەیوەست بە کاندیدکراون بۆ پۆستی سەرۆکی هەرێمی داوەتەوە" و ئاشکراشی دەکات کە رۆژی سێشەممە، "پەرلەمانی کوردستان بە مەبەستی هەڵبژاردنی سەرۆکی هەرێمی کوردستان، کۆدەبێتەوە".
ئەندامی پەرلەمانی کوردستان لە فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان، ئەرشەد حسێن لە لێدوانێکی بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "دوای ئەوەی لە لایەن ئەنجوومەنی دادوەری وەڵامی تانەکان دراویەوە، پەرلەمانی کوردستان بەرنامەی کاری دانا بۆ دانیشتنی ژمارە ٦ی ئاسایی ساڵی یەکەم لە خولی هەڵبژاردنی پێنجەم".
ئەرشەد حوسێن گوتیشی: "دانیشتنەکە تایبەت دەبێت بە هەڵبژاردنی سەرۆکی هەرێم و کاراکردنەوەی دامەزراوەی سەرۆکایەتی هەرێم".
لەبارەی ئامادەبوونی کاندیدەکان، ئەرشەد حوسێن گوتی: "کاندیدەکان ئامادەی دانیشتنەکەی پەرلەمان نابن و بەپێی ئەو رێککەوتنەی کە کراوە، هەریەک لە فراکسیۆنەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان، یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، بزووتنەوەی گۆڕان، لیستی سەردەم، لیستی ئازادی و پێکهاتەکان دەنگ بە بەربژێری پارتی دەدەن".
سەبارەت بە رێورەسمی سوێندخواردنی سەرۆکی نوێی هەرێمی کوردستان لە بەردەم پەرلەمان ئەرشەد حوسێن گوتیشی: "رێورەسمی سوێندخواردنی سەرۆکی هەرێمی کوردستان دەکەوێتە دوای جەژن ئەویش بە هۆی ئامادەکاری بۆ رێورەسمەکە و بانگهێشتکردنی میوانان کە بێگومان ئەوەش کاتی دەوێت".
ئەمڕۆ یەکشەممە، سەرۆکایەتیی پەرلەمانی کوردستان لە راگەیەندراوێکدا، بانگھێشتی گشت ئەندامانی پەرلەمانی کرد بۆ ئامادەبوون لە دانیشتنی ژمارە ٦ی ئاسایی، ساڵی یەکەم لە خولی ھەڵبژاردنی پێنجەمی پەرلەمان لە کاتژمێر ١١ی پێشنیوەڕۆی رۆژی سێشەممە رێکەوتی ٢٠١٩/٥/٢٨.