Salih Bilici,Hemın Othman Mohammed
05 کانوونی یەکەم 2017•نوێکردنەوە: 06 کانوونی یەکەم 2017
ئه‌نقه‌ره - AA
سەبارەت بەو بانگەشەیەی باس له خواستی ئه‌مریكا دەکات بۆ ئه‌وه‌ی قودس بە پایته‌ختی ئیسرائیل بناسێنێت، سەرکۆماری تورکیا، رەجەب تەیب ئەردۆغان رایگه‌یاند "به‌ڕێز تره‌مپ، قودس هێڵی سووری موسڵمانانه".
سه‌ركۆماری توركیا و سه‌رۆكی گشتیی ئاك پارتی، ره‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆغان له كۆبوونه‌وه‌ی فراكسیۆنی پارته‌كه‌یدا گوتارێكی پێشكه‌ش كرد.
له‌باره‌ی ئه‌و بانگەشەیەی باس له خواستی ئه‌مریكا دەکات بۆ ئه‌وه‌ی قودس بە پایته‌ختی ئیسرائیل بناسێنێت، ئەردۆغان گوتی: "وەک سەرۆکی ئەم خولەی رێکخراوی هاریکاریی ئیسلامی، تا کۆتایی چاودێریی ئەم بابەتە دەکەین. ئەگەر بێت و هەنگاوێکی لەم جۆرە بهاوێژرێت، ئەوا لەماوەی ٥ بۆ ١٠ رۆژدا لووتکەی رێکخراوی هاریکاریی ئیسلامیی لە ئیستانبوڵ ئەنجامدەدەین. ئەوەی کە ماوەتەوە، ئەوەیە ئەمە دەکرێت تا پچڕاندنی پەیوەندییە دیپلۆماسییەکانمان لەگەڵ ئیسرائیل‌دا بڕوات''.
سەبارەت بە کەیسی رەزا زەڕاب لە ئەمریکا، ئەردۆغان رایگه‌یاند ''چۆن لە ١٧و٢٥ی کانوونی یەکەمدا لەژێر ناوی گەندەڵیدا هەوڵی تێکدانی شیرازەی دەستووریی لە وڵاتەکەماندا لە رێگەی کودەتای دادگاوە درا، لەو سکاڵایەی ئەمریکادا نیازی ئەنجامدانی هەمان ئامانج لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی هەیە. بانگەشەی پیلانگێڕیی لە سکاڵانامەی کەیسەکەدا، دروستە. بەڵام ئەم پیلانگێڕییە دژ بە ئەمریکا نییە، بەڵکو پیلانگێڕییەکە دژ بە تورکیا دامەزرێنراوە''.
هه‌روه‌ها گوتیشی: "ئێمه ئه‌مڕۆش نه‌بێت سبه‌ی، به‌ڵام له ئاینده‌یه‌كی زۆر نزیكدا، باڵه‌كانی رێكخراوی تیرۆریستی له سووریا له‌ناوده‌به‌ین. تا ئه‌مڕۆ زۆر به هه‌ستیاری له پێناو زیان نه‌گه‌یاندن به ئه‌ندامانی ئه‌و هێزانه‌ی به دۆستمان زانیون هه‌ڵسوكه‌وتمان كردووه. به‌رده‌وامبوون له‌سه‌ر ئه‌مه، ته‌نها به‌وه ده‌بێت رێز له هه‌ستیارییه‌كانی ئێمه بگیرێت. بێگومان به‌ده‌ستبه‌ستراوی ته‌ماشای هه‌وڵی دامه‌زراندنی ده‌وڵه‌تی تیرۆری ئه‌وانه ناکه‌ین كه ده‌یانه‌وێت به‌بیانووی پێشێلكردنی سزاكان له ئه‌مریكا ئێمه لهداربدهن".
هاوكات ئه‌ردۆغان ئاماژه‌ی به پڕچه‌ككردنی په‌یه‌ده كرد له باكووری سووریا و، گوتی: "توركیا پلانی دژ به ئه‌مریكا نییه. به‌ڵام ئیدی باش ده‌زانین كه ئه‌مریكا پلانێكی دژ به ئێمه هه‌یه".