Muhammed Emin Canik
09 کانوونی دووەم 2025•نوێکردنەوە: 10 کانوونی دووەم 2025
بەیروت - AA
دوای زیاتر لە دوو ساڵ لە بوونی قەیرانی سیاسیی و مانەوەی پۆستی سەرکۆمار بە بەتاڵی، لە دووهەمین خولی دانیشتنی پەرلەمانی لوبناندا سەرۆک ئەرکانی سوپای ئەو وڵاتە، جۆزێف عەون بە ١٤هەمین سەرکۆمار وڵاتەکە هەڵبژێردرا.
لە دووهەمین خولی ١٣هەمین دانیشتنی پەرلەمانی لوبناندا بۆ هەڵبژاردنی سەرکۆمار، سەرکۆماری نوێی وڵاتەکە هەڵبژێردرا.
دوای ئەوەی لە یەکەمین خولی دەنگدانەکەدا هیچ ئەنجامێک بەدەستنەهات، لە خولی دووەمی دانیشتنەکەدا سەرۆک ئەرکانی وڵاتەکە عەون بە بەدەستهێنانی ٩٩ دەنگ سەرکەوتنی بەدەستهێنا و، بە سەرکۆماری نوێی لوبنان هەڵبژێردرا.
لەو دەنگدانەدا ١٨ دەنگ ئەژمار نەکراو، نۆ دەنگی بێ لایەن هەبوون و دوو دەنگی دیکە بۆ کاندیدێکی دیکە بەکارهێنرا.
بەپێی یاساکانی وڵاتەکە، لە کۆی ١٢٨ کورسی پەرلەمان، پێویستە ئەو کاندیدە دەبێتە سەرکۆماری نوێی وڵاتەکە دوو لەسەر سێی دەنگەکان دانیشتنەکە بەدەستبهێنێت، کە دەکاتە ٨٦ دەنگی ئەندامانی پەرلەمان.
لە یەکەم دانیشتندا عەون ٧١ دەنگی بەدەستهێنابوو.
دوای دوو ساڵ لە مانەوەی پۆستی سەرکۆماری لوبنان بە بەتاڵی، بەم دانیشتنە پۆستەکە بۆ عەون یەکلاکرایەوە.
دوایین دانیشتنی پەرلەمان لە ١٤ی حوزەیرانی ٢٠٢٣دا ئەنجامدرابوو، ئەوەیش یەکەمجار نییە لە مێژووی لوبناندا کە هەڵبژاردنی سەرکۆمار ئەوەندە بخایەنێت.
بەپێی دەستووری لوبنان، سەرکۆمار پێویستە لە مەسیحی مارۆنی بێت، پێشتریش بەهۆی ناکۆکی گرووپە سیاسییەکانەوە هەڵبژاردنی سەرکۆمار زۆری خایەندووە.
سەرکۆماری پێشووی وڵاتەکە، میشێل عەون لە ساڵی ٢٠١٦دا لە ٤٦هەمین دانیشتندا هەڵبژێردرا.