Azad Mohammad
01 تشرینی دووەم 2017•نوێکردنەوە: 01 تشرینی دووەم 2017
هەولێر – AA
بەرپرسى لقی دووی پارتى دیموکراتى کوردستان، ئەحمەد کانى رایگەیاند "ئەو پەرلەمانتارانەى کارییان بۆ دروستکردن و بە یاساییکردنى گرووپى حەشدى شەعبی کرد، هەر ئەوانەن کە ئێستا کار بۆ شەڕى تاییفەگەرى دەکەن لە سنوورەکانى ژێر دەسەڵاتیان".
بەرپرسى لقی دووی پارتى دیموکراتى کوردستان، ئەحمەد کانى لە لێدوانێکى بۆ ئاژانسى ئانادۆڵو گوتى: "هەرچەند لە زۆر وڵاتانەوە داوا دەکرێت بە پێى دەستوور کێشەکانى نێوان هەولێر و بەغدا چارەسەر بکرێن، بەڵام ئەنجوومەنى نوێنەرانى عێراق بە پێشێلکردنى دەستوور، یاسا بۆ تەعریبکردن و جینۆسایدکردنى هاووڵاتییانى کورد لە کەرکووک و ناوچە کێشە لەسەرەکان دەردەکات، بە پێى دوایین بڕیارى ئەنجوومەنى نوێنەرانى عێراق بێت کە پێچەوانەى دەستوورە تەنها سوپاى عێراق و حەشدى شەعبى لە سنوورى کەرکووک و ناوچە کێشە لەسەرەکان بمێنێت، بە بێ ئەوەی هیچ نرخێک بۆ پێشمەرگە دابنێت کە پێشمەرگە بەشێکە لە سیستەمى بەرگرى عێراق".
گوتیشى: "داوا لە کۆمەڵگەى نێودەوڵەتى دەکەین بەپەلە بێنە سەرهێڵ بۆ چارەسەرکردنى ئەم فەرهەنگ و عەقڵییەتە، ئەگینا کارەساتى زۆر گەورەتر لە عێراق بەڕێوەیە، راستە ئەمڕۆ رووى لە هەرێمى کوردستانە، بەڵام بە دڵنیاییەوە سبەی رووی لە شوێنى دیکە دەکات".
ئەحمەد کانى لەبارەى هەڵوێستى ئەمریکا بەرامبەر بە حەشدى شەعبى دەڵێت "ئەمریکا خۆى حەشدى شەعبى خستووەتە لیستى شەرمەزارى وڵاتەکەى و ئەوانەشى کە پاڵپشتى حەشدى شەعبین بە تیرۆریست لە قەڵەمى داون، ئەمریکا ئەبو مەهدى موهەندیسى بە تیرۆریست ناساندووە، ئەمریکا باش دەزانێت کە ئەبو مەهدى موهەندیس سەرکردایەتى حەشدى شەعبى دەکات، کەچى وەڵامیان بۆ ئەمریکا ئەوەیە کە کلیلی هەموو کۆگا سەربازییەکانى ئێران بە دەستى ئەبو مەهدى موهەندیسە".
- "تا هەشت مانگى دیکە، هەرێمى کوردستان کەسى یەکەمى نییە"
بەرپرسى لقی دووی پارتى دیموکراتى کوردستان، ئەحمەد کانی سەبارەت بە دابەشکردنی دەسەڵاتەکانى سەرۆکی هەرێمی کوردستان بەسەر هەر سێ دەسەڵاتی یاسادانان، جێبەجێکردن و دادوەری گوتى: "دەسەڵاتەکانى سەرۆکایەتى هەرێم دابەشکراوە بەسەر سێ لایەن کە ئەوانیش پێک دێن لە ئەنجوومەنى دادوەرى، ئەنجوومەنى وەزیران و پەرلەمانى کوردستان، بۆیە دەڵێم لە ئێستا تا هەشت مانگى دیکە هیچ کەسێک وەکو کەسى یەکەم هەرێمى کوردستان نییە، ئومێد دەکەین دواى هەشت مانگ کە هەڵبژاردنى پەرلەمان بەڕێوەدەچێت، هەر کەسێک خۆى بۆ پۆستى سەرۆکایەتى هەرێم بپالێورێت، ئەم پۆستە پڕبکاتەوە".
ئەحمەد کانى یەکڕێزى لایەنە سیاسیەکانى هەرێمى کوردستانى بە رێگەچارە بۆ دەربازبوون لەم دۆخەى زانى و گوتى: "یەکڕێزى لایەنە سیاسییەکان، هەرێمى کوردستان لە مەترسییەکى زۆر گەورە دەپارێزێت. ئەوەى لە ئێستا هەیە و ئەوەى لە ئایندە دروست دەبێت، تاکە زامن یەکڕێزى گەل و لایەنە سیاسییەکانمانە، پارتى دیموکراتى کوردستان ئامادەى هەموو جۆرە گفتوگۆیەکە لە پێناو بەرژەوەندى هەرێمى کوردستان لەگەڵ هەموو لایەنە سیاسییەکانى هەرێم".