Muhammet Ali Kemal
27 تەمووز 2017•نوێکردنەوە: 28 تەمووز 2017
قودس - AA
وەزیری پەروەردەی ئیسرائیل و سەرکردەی پارتی خانەی جوولەکە، نافتالی بێنت بەتوندی رەخنەی لە لابردنی ئامێرە ئەلیکترۆنییەکانی پشکنین و کامێراکانی چاودێریی لە دەروازەکانی مزگەوتی ئەقسا لە لایەن حکوومەتی وڵاتەکەیەوە، گرت.
نافتالی بێنت پاشگەزبوونەوەی حکوومەتی ئیسرائیلی بە ''خۆ رادەستکردن'' ناوبرد و لە لێدوانێکیدا بۆ رادیۆی سوپا، رایگەیاند ''ئیسرائیل بە لاوازییەوە لەم قەیرانە دەرچوو. لە جیاتی ئەوەی پەیامی ئەوە بدرێت کە سەروەریی مزگەوتی ئەقسا بە دەست ئیسرائیلەوەیە، پەیامی ئەوەمان دا کە ئەو سەروەرییە دەکرێت لێکۆڵینەوەی لێبکرێت''.
نافتالی بێنت دژایەتی خۆی بۆ بڕیارەکەی کابینەی ئاسایشی ئیسرائیل کە پەیوەست بوو بە هەڵگرتنی ئامێرە ئەلیکترۆنییەکانی پشکنین، کامێراکانی چاودێریی و بەربەستە ئاسنینەکان لە دەروازەکانی مزگەوتی ئەقسا نیشاندا و ئاماژەی بەوەکرد ئەو دەنگی ''نەخێر''ی بەکارهێناوە، لەپاڵ ئەوەشدا جەختی لەوە کردەوە ''بەرپرسیاریەتی بڕیارەکەی دەکەوێتە ئەستۆ و رەخنە لە خودی سەرۆکوەزیران، بێنیامین ناتانیاهو ناگرێت''.
وەزیری پەروەردەی ئیسرائیل بڕیارەکەی حکوومەتی ئیسرائیلی سەبارەت بە مزگەوتی ئەقسا بە بڕیاری وڵاتەکەی سەبارەت بە کشانەوە لە باشووری لوبنان لە ساڵی ٢٠٠٠دا چواندووە و بانگەشەی ئەوەشی کردووە هەردوو رووداوەکە ''زیان بە ئاسایش''ی ئیسرائیل دەگەیەنن.