Abdullah Shukur
26 تشرینی یەکەم 2016•نوێکردنەوە: 27 تشرینی یەکەم 2016
نەتەوە یەکگرتووەکان - AA
گوتەبێژی سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان، ستیڤان دوجاریک رایگەیاند کە لە دەیەمین رۆژی ئۆپەراسیۆنی رزگارکردنی مووسڵ لە دەستی رێکخراوی تیرۆریستی داعش، زیاتر لە ١٠ ھەزار و ٥٠٠ کەس ئاوارە بوون.
ستیڤان دوجاریک لە کۆنگرەی رۆژنامەوانی رۆژانەی خۆیدا رایگەیاند کە لە ئەنجامی سووتاندنی بڕێکی زۆر نەوتی خاو و ماددەی کیمیایی لە لایەن داعشەوە دووکەڵێکی زۆر ناوچەکانی شەڕو پێکدادانەکانی تەنیوەتەوە و ئەوەش لەڕووی تەندروستییەوە زیان بە خەڵکی سڤیل دەگەیەنێت.
دوجاریک هەروەها رایگەیاند "لە دەیەمین رۆژی ئۆپەراسیۆنی رزگارکردنی مووسڵدا، زیاتر لە ١٠ ھەزار و ٥٠٠ کەس شوێنەکانی خۆیان جێهێشتووە و ئاوارە بوون".
-"ئۆپەراسیۆنی رەققە قورستر دەبێت"
گوتەبێژی سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان، ستیڤان دوجاریک ھەڵسەنگاندنی بۆ ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنی رزگارکردنی شاری رەققە لە سووریا کرد لە دوای مووسڵ و رایگەیاند کە ئەگەری ئەوە ھەیە ئۆپەراسیۆنەکە قورستر بێت بەتایبەتی بۆ نەتەوە یەکگرتووەکان کە کێشەی بوودجەی ھەیە.