Hemin Hüseyin
26 تشرینی یەکەم 2016•نوێکردنەوە: 27 تشرینی یەکەم 2016
هەولێر-AA
کوردانی شەبەک نزیک شاردەێی بەرتڵە لەدەستی چەکدارانی داعش رادەکەن و خۆیان دەگەیەننە لای پێشمەرگە، دواتر دەگوازرێنەوە بۆ کەمپی خازر. چەند هاووڵاتییەک کە ماوەی دوو ساڵە بەهۆی شەڕی داعشەوە لە منداڵەکانییان دوورکەوتوونەتەوە لەئێستادا بۆ یەکەمجار بەیەکتر شاد دەبنەوە. دوای دەستپێکردنی قۆناغی دووەمی ئۆپەراسیۆنی کۆنترۆڵکردنەوەی مووسڵ، بەشێک لەو هاووڵاتییانەی لەو ناوچانەی ژێر دەسەڵاتی داعش ماونەتەوە، دەرباز دەبن و شوێنەکانییان بەجێدەهێڵن.
مەحموود عەتا ئەو هاووڵاتییە کوردەی خەڵکی گوندی تۆپزاوای سەربە شارەدێی بەرتڵەیە باسی دوو ساڵ پێش ئێستا دەکات کە منداڵەکانی رزگاریان بووە و ئەویش نەیتوانیووە دەربازبێت و لە گوندەکەی خۆیان ماوەتەوە و ئێستاش خۆی گەیاندووەتە کەمپی خازر و لەگەڵ منداڵەکانی بەیەکەوە دەژین.
مەحموود عەتا لە لێدوانێکی بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "منداڵەکانی ئێمە بەر لە دوو ساڵ و نیو توانییان خۆیان رزگار بکەن و من و هاوسەرەکەم ماڵەکەمان بەجێ نەهێشت، ماوەی دوو ساڵ لەوێ بووین و بەم دواییە سوپای عێراق هاتە گوندەکەمان، هەر چەندە حەزمان دەکرد هێزی پێشمەرگە بێتە گوندەکەمان بەڵام گرنگ ئەوەیە ناوچەکەمان لەدەستی گرووپە چەکدارەکانی داعش رزگارکرا".
مەحموود عەتا گوتیشی: "کاتێک خۆمان گەیاندە لای هێزەکانی پێشمەرگە زۆر بە رێکوپێکی پێشوازییان لێکردین و ئێمەش هەروەکو چۆن برایەکی خۆمان ببینین ئاوا خۆشحاڵ بووین".
ئەو هاووڵاتییە ماوەی دوو ساڵە منداڵەکانی نەبینیووە و ئاماژە بەوە دەکات کە سەرەتا پەیوەندی بەردەوامی لەگەڵ منداڵەکانی هەبووە لە رێگای تەلەفۆنەوە بەڵام دواتر بەهۆی ترس و دڵەڕاوکێوە ئەوا کەمتر ئاگاداری هەواڵی منداڵەکانییان بووە و گوتی: "سەرەتا لە رێگای تەلەفۆنەوە پەیوەندیمان لەگەڵ منداڵەکان هەبوو بەڵام دواتر بەهۆی ترسەوە کەمتر ئاگاداری هەواڵی یەکتربووین و بە جۆرێک دوو هەفتە جارێک پەیوەندیمان هەبوو، دوای هەر پەیوەندییەکەش تەلەفۆنەکەم دادەخست بۆ ئەوەی چەکدارانی داعش نەزانن کە پەیوەندیم لەگەڵ دەرەوە هەیە".
ئەو هاووڵاتییە لە گوندەکەی خۆیان جووتیاری کردووە و ئێستاش دوای دوو ساڵ و نیو لەژێر دەسەڵاتی داعش رزگاری بووە و ئاماژە بەوە دەکات کە ئەو وەکو باڵندەیەک وایە کاتێک لە قەفەس رزگاری دەبێت و گوتی: "من لەوێ جووتیار بووم بەڵام لەوێ نەمدەتوانی کاری خۆم بکەم چونکە هیچ کارێک نەبوو، ئێستاش دوای ئەو ماوەیە وادەزانم باڵندەیەکم و لە فەقەس رزگارم بووە چونکە دوو ساڵ و نیو بوو منداڵەکانم نەدیبوو".
یەکێکی دیکە لەو هاووڵاتییانەی کە پێش دوو ساڵ و نیو دایک و باوکی رزگاریان بووە و بۆخۆی لە ژێر دەسەڵاتی داعش ماوەتەوە ئاماژە بەوە دەکات کە جارێک ویستوویەتی خۆی بگەیەنێتە سنوورەکانی پێشمەرگە و دەربازی ببێت بەڵام داعش پێی زانیووە و دوو رۆژ زیندانییان کردووە.
مجوە خەزال ئەو هاووڵاتییەیە کە ئەوکات نەیتوانیووە دەربازی بێت و دواتریش چەکدارانی داعش داوایان لێکردووە کە کاریان لەگەڵدا بکات و ئەویش رازی نەبووە، هەروەکو خۆی بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "ئەو کاتەی داعش هاتە گوندەکەی ئێمە، دایک و باوکم رزگاریان بوو بەڵام ئێمە نەمانتوانی و ئەو ماوەیە لەگەڵ دایک و باوکم پەیوەندی تەلەفۆنیم هەبوو بەڵام ئەویش درێژەی نەکێشا لە ترسی سزاکانی داعش چونکە داعش چەند جارێک داوای لێکردم کە کاریان لەگەڵدا بکەم بەڵام من رازی نەبووم، هەتا جارێک ویستم رابکەم بەڵام دەستگیریان کردم و دوو رۆژ زیندانییان کردم و ماوەی دوو کاتژمێر دەستەکانمیان بە زنجیر هەڵواسی و دەیانگوت بۆچی هەوڵتداوە بچیتە ناو دەوڵەتی کوفر و لێکۆڵینەوەی زۆریان لەگەڵ کردم".
ئێستاش کە هاتووین بۆ ئێرە پەیوەندیمان لەگەڵ دایک و باوکم کردووە ئەوان لە کەمپی قوشتەپەن و بەڵام تاوەکو ئێستا یەکترمان نەدیووە بەهۆی ئەوەی ئێمە جارێ لە قۆناغی لێکۆڵینەوەداین و رەنگە دواتر بتوانین یەکتر ببینین بەڵام سوپاس بۆ خوا کە ئەوانیش سەلامەتن".
گوندی تۆپزاوا دەکەوێتە سنووری شارەدێی بەرتڵە و سەربە قەزای حەمدانییەیە و لە ئێستاشدا بەهۆی شەڕو بارودۆخی خراپی ناوچەکەیان، ئەوا هاووڵاتییان گوندەکەیان بەجێدەهێڵن و خۆیان دەگەیەننە دەست هێزەکانی پێشمەرگە و لەوێش بۆ کەمپی خازر دەگوازرێنەوە.
کەمپی خازر بە دووری ٣٠ کیلۆمەتر دەکەوێتە رۆژئاوای شاری ھەولێر لە کۆی 6 هەزار یەکەی حەوانەوە، یەک هەزاری تەواوبووە و لە ئێستادا نزیکەی 200 خێزانی ئاوارەی تیادا نیشتەجێیە.