Peştivan Jalal
25 تشرینی دووەم 2015•نوێکردنەوە: 30 تشرینی دووەم 2015
لەسەرەتای شەڕی داعش لە ناحیەی گوڵاڵە و سەعدیە هاووڵاتیانی ئەو ناوچانە بەهۆی مەترسی لەسەر گیانی خۆیان و بنەماڵەكانیان بەرەو ناوچەكانی هەرێمی كوردستان هەڵهاتن.
ماوەی دوو ساڵە دانیشتوانی ئەو دوو شارەدێیە ئاوارە و بێ ماڵ و حاڵن و ئێستاش وێڕای ئازادكردنی ناوچەكانیان ڕێگەیان پێ نادرێت بگەڕێنەوە سەر ماڵ و حاڵی خۆیان.
هاووڵاتیەكی خەڵكی سەعدیە بەناوی محەمەد واحد كە خۆی و بنەماڵەكەی لە كەمپی قۆرەتووی سەر بە ئیدارەی گەرمیان نیشتەجێن بە ئاژانسی ئانادۆڵوی راگەیاند: "ماوەی دووساڵە بەهۆی داعشەوە لە سەعدیە و گوڵاڵەوە ئاوارە بووین، ساڵێكیشە ناوچەكانمان ئازاد كراوە بەڵام ئێمە نازانین بۆ كوێ بچین، رێژەیەكی زۆری خەڵكی گوڵاڵە و سەعدیە كوردی تێدایە".
ئەو ئاوارەیە لەبارەی هاوكاریكردنی ئاوارەكان لەلایەن حكوومەتی عێراقییەوە بە نیگەرانییەوە گوتی: "حكوومەتی عێراق هیچی بۆ نەكردووین، ئەوەش ئێمەی تووشی نیگەرانی كردووە".
دوای هاتنی بەلێشاوی ئاوارەكان بۆ ناوچەكە، چەندین رێكخراوی بیانی و نێوخۆیی بەدەم ئاوارەكانەوە چوون بۆ گەیاندنی خزمەتگوزاری پێیان. بەڕێوەبەری رێكخراوی (PDO) بۆ گەشەپێدانی خێزان ڤیان سابیر كە سەرقاڵی گەیاندنی خزمەتگوزراین بە ژنانی ئاوارە بۆ ئانادۆڵو گوتی: "بەداخەوە ئاستی ژیان و گوزەرانی ئەو ئاوارانە لە ئاستێكی باشدا نییە، رێكخراوەکانی نێودەوڵەتیش نەیانتوانیوە بەدەمیانەوە بێن و گوزەرانیان چاك بكەن".
داوا دەكرێت دوای ئەوەی هەر ناوچەیەك ئازاد دەكرێت بە زووترین كات ئاوەدان بكرێنەوە و دانیشتوانی بگەڕێنرێنەوە ناوچەكانیان.
ڤیان سابیر لەم بارەیەوە گوتی: "داوا لە حكوومەتی عێراقی و هەرێمی كوردستان دەكەم بە زووترین كات لەگەڵ رێكخراوەکانی نێودەوڵەتی ئەو ناوچانەی رزگار كراون، ئاوەدان بكەنەوە بۆ ئەوەی ئەو هاووڵاتیانە بگەڕێنەوە".
ئەو ئاوارانەی كە لە گەرمیان نیشتەجێ بوون ژمارەیان 11هەزارو 548 خێزانن كە ژمارەیان دەگاتە 53 هەزار و 917 كەس، ئەو رێژەیەش یەك لەسەر چواری ژمارەی دانیشتوانی قەزای كەلاری ناوەندی گەرمیان دەكات.
ئاوارەكان بەشێكیان لە دوو كەمپ بەناوەكانی (قۆرەتوو، تازەدێ)وە نێشتەجێ كراون و بەشێكی دیكەشیان لە نێو قەزای كەلار نیشتەجێن.
ژمارەی ئاوارەكان لە هەردوو كەمپەكەدا چوار هەزار و 660 كەسە، لە نێویاندا نزیكەی هەزار و 200 قوتابیان لە پۆلی (یەك تا هەشتی بنەڕەتی) خراونەتە بەرخوێندن بەڵام چەندین گرفتیان هەیە.
لە دەرەوەی كەمپەكان ژمارەیەكی زیاتری ئاوارەكان لە نێوخۆی قەزای كەلار نیشتەجێ بوون.
لەم بارەیەوە قایمقامی قەزای كەلار شەهاب ئەحمەد بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "ژمارەی ئەو ئاوارانەی بەتەنها روویان لە قەزای كەلار كردووە دوو هەزار و 500 ماڵباتن و تەنها 502 ماڵباتیان نیشتەجێی كامپەكانن".
تەنها لە نێو قەزای كەلار دوو هەزار ماڵی ئاوارە دەژین، جگە لەوەی لە قەزا و شارەدێ و گوندەكانی دیكەی گەرمیان چەندین ماڵی دیكەی ئاوارە، نیشتەجێ بوون.
گرفتێكی گەورەی ئاوارە نیشتەجێبووەكانی سنووری ئیدارەی گەرمیان خوێندنی ئەو قوتابیانەیە كە لە سەرووی قۆناغی هەشتی بنەڕەتین چونكە حكوومەتی عێراقی نەیتوانیوە كەلوپەل و پێداویستیان بۆ دابین بكات.
لە ئێستاشدا لە نێو ئەو ئاوارانەی هەردوو كەمپی (قۆرەتوو، تازەدێ) تەنها 530 قوتابی پۆلی یەكی سەرەتایی هەتا هەشتی بنەڕەتی لە نێو كەمپی قۆرەتوو هەروەها 633 خوێندكار لە هەمان قۆناغدا لە كەمپی تازەدێ دەخوێنن، لەو خوێندنگایانەش تەنها 27 مامۆستایان هەیە و حكوومەتی عێراقی نەیتوانیوە خوێندن بۆ سەرووی ئەو قۆناغە دابین بكات.
لە سەرەتای شەڕی داعشەوە هەتا ئێستا ژمارەی ئەو خێزانانەی شارەدێی گوڵاڵەیان بەجێ هێشتووە و ئاوارە بوون زیاد لە 30 هەزار ماڵباتە.
شارەدێی سەعدیەش بەهەمان شێوەی ناحیەی گوڵاڵە چۆڵ بووە و ژمارەی ئەو بنەماڵانەی ئەو ناوچەیان چۆڵ كردووە 50 هەزار خێزان بووە.
لە 24ی تشرینی دووی ساڵی 2014 ەوە هەردوو ناحیەكە ئازاد كراون و هەتا ئێستا رێگە نەدراوە دانیشتوانەكەی بگەڕێنەوە .
ناحیەی گوڵاڵە و سەعدیە بەشێكی زۆری خانووەكانی بەهۆی شەڕی داعشەوە رووخاون و ئاوەدان نەكراونەتەوە.