Salim hemexan
25 تشرینی دووەم 2015•نوێکردنەوە: 30 تشرینی دووەم 2015
بەنداوی 'داریان' كە كۆماری ئیسلامیی ئێران ماوەی چەند ساڵێكە بۆ گلدانەوەی ئاوی رووباری سیروان و گۆڕینی رێڕەوی ئاوەكەی بەرەو نێو خاكی وڵاتەكەی كاری تێدا دەكات، ماوەی دوو رۆژە گیراوەتەوە و بەوەش زۆرینەی سەرچاوەكای ئاوی رووبارەكە كە لە كۆی 12 سەرچاوە هەشتیان دەڕژێنە نێو بەنداوەكە لە ئاوی رووباری سیروانی گل داوەتەوە و بەمەش لەماوەی تەنها دوو رۆژی گرتنەوەیدا، ئاستی ئاوی رووبارەكە سێ مەتر دابەزیوە.
جێگری پارێزگاری هەڵەبجە كاوە عەلی لە لێدوانێكیدا بۆ ئاژانسی ئەنادۆڵۆ گوتی: "گرتنەوەی ئاوی رووباری سیروان لەم قۆناغەدا زیانی زۆری بۆ ناوچەكە دەبێت، زیانەكە زیاتر ناوچەكانی گەرمیان و ناوەڕاستی عێراق دەگرێتەوە و رووبەڕووی كەمئاوی گەورە دەبنەوە، بەڵام زیانەكانی بۆ پارێزگەی هەڵەبجە كەمترە بەو پێیەی ئەو سیستمە نوێیەی بۆ ئاوی شارەكە پیادە كراوە بە كەمترین ئاویش دەتوانێت كارەكانی جێبەجێ بكات".
جێگری پارێزگاری هەڵەبجە لە بارەی هەوڵەكانیان بۆ چارەسەركردنی ئەو كێشەیە، ئاماژەی كرد بەوەی وەزیری كشتوكاڵ و سەرچاوە ئاوییەكانی هەرێمی كوردستانیان ئاگەدار كردۆتەوە و بەڵێنی ئەوەی پێداون لە رێگەی لیژنەیەكی تایبەتی حكومەتی عێراقییەوە كە بۆ سەرپەرشتی ئاوە سنوورییەكانی نێوان عێراق و وڵاتانی دراوسێ پێكهاتووە بەدواداچوونی بۆ بكەن.
كاوە عەلی نەیشاردەوە كە بێهیوان لە چارەسەركردنی ئەم كێشەیە و گوتی: "هەتا عێراق بەم دۆخە ناسەقامگیرییەدا بڕوات، پێ ناچێت بتوانرێت چارەسەریی ئەو كێشەیە بكرێت".
هاووڵاتییەكی خەڵكی گوندی كۆساوا حاجی ئەحمەد كۆساوایی كە گوندەكەیان دەكەوێتەسەر رووباری سیروان لە سنووری هەرێمی كوردستان لەگەڵ كۆماری ئیسلامی ئێران، مەترسی وشكبوونی ئاوی رووبارەكە ناشارێتەوە و بۆئاژانسی ئەنادۆڵۆ گوتی: "هەواڵمان زانی كە ئێران بەنداوەكەی داخستووە، ئەوەی ئێستە دەیبینین بەمێژووی ناوچەكە ئاوی ئەم رووبارە هێندە كەمی نەكردووە، چونكە لە كۆی 12 سەرچاوەی ئاوی رووباری سیروان 8یان دەڕژێنە ئەم بەنداوەوە و ئێستا ناڕژێنە رووبارەكەوە".
بەنداوی 'داریان' دەكەوێتە سەر رووباری سیروان لە گوندی "داریان"ی سنووری قەزای پاوەی سەربە پارێزگەی كرماشان و چەند ساڵێكە كۆماری ئیسلامی ئێران سەرقاڵی دروستكردنیەتی و سەرەڕای بەنداوەكەش بە دروستكردنی تونێلێك رێڕەوی ئاوەكەی بەرەو ناوەوەی خاكی وڵاتەكەی گواستوەتەوە.
حاجی ئەحمەد كۆساوایی لەدرێژەی قسەكانیدا گوتی: "ئەو سەرچاوانەی كە ئێستا ماون و ئاوی رووبارەكە پێك دەهێنن، لە هاویندا رێژەی ئاوەكانیان بەتەواوی كەم دەكات و ئەو رێژە كەمەش بۆ باخداریی و كشتوكاڵ لە رۆخی رووبارەكەدا بەكار دەهێنرێن، بۆیە رەنگە لە وەرزی هاویندا بەتەواوی رووبارەكە وشك بێت".
بە گوێرەی ئەو پێوەرانەی لەسەر ئاوی رووبارەكە لە گوندی سازان دانراون لە ماوەی تەنها دوو رۆژی گرتنەوەی ئاوی رووبارەكەدا سێ مەتر ئاوەكەی دابەزیوە، ئەوەش هاوكاتە لەگەڵ سەروبەندی تەواوبوونی پرۆژەی دابینكردنی ئاوی هەڵەبجە و سەیدسادق كە ماوەی سێ ساڵە حكوومەتی هەرێمی كوردستان سەرقاڵی كاركردنە تیایدا و مەترسی لەسەر شكستهێنانی ئەو پرۆژەیە دروست دەكات.
رووباری سیروان كە دەریاچەی دەربەندیخانیشی لەسەرە یەكێكە لە سەرچاوە گرنگەكانی سامانی ئاو لەهەرێمی كوردستاندا، سەرچاوەكەی لە وڵاتی ئێرانە و لە ناوچەكانی سنووریی هەڵەبجەوە لەگەڵ ئەو وڵاتە دێتە نێو خاكی هەرێم و درێژییەكەشی لە سەرچاوەكانیەوە هەتا دەگاتە رووباری دیجلە بە 445 كیلۆمەتر مەزەندە دەكرێت.