Hemn Baban
30 ئاب 2016•نوێکردنەوە: 31 ئاب 2016
- ئەمڕۆ سێ ئەمبوڵانس بۆ وەزارەتی تەندروستی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەلایەن رەوەندی كوردی لە وڵاتی بەریتانیا بۆ ئاوارە و پەنابەران دابینكرا.
- نوێنەری حكوومەتی هەرێم لە بەریتانیا كاروان جەمال تاهیرلەوبارەیەوە، رایگەیاند: ''لە ماوەی ئەمساڵدا 71 هەزار پاوەندمان كۆكردووەتەوە و ویستوومانە یارمەتی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بدەین، ئەولەویەتی حكومەتیش لەئێستادا ئەو پێداویستییانەیە كە پزیشكیین''.
ئەمڕۆ سێ ئەمبوڵانس بۆ وەزارەتی تەندروستی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەلایەن رەوەندی كوردی لە وڵاتی بەریتانیا بۆ ئاوارە و پەنابەران دابینكرا کە ماوەی سالێکە کۆمەکی بۆ کۆدەکەنەوە. هاوکات نوێنەری حكوومەتی هەرێم لە بەریتانیا كاروان جەمال تاهیرلەوبارەیەوە، رایگەیاند: '' لە ماوەی ئەمساڵدا 71 هەزار پاوەندمان كۆكردووەتەوە و ویستوومانە یارمەتی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بدەین، ئەولەویەتی حكومەتیش لەئێستادا ئەو پێداویستییانەیە كە پزیشكیین''. یاریدەدەری بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەكانی دەرەوەی هەرێم سوهام جەلەلی ئاشکرایکرد بە نوێنەرانی وڵاتانی بیانی لە هەرێم و عێراق و بە شاندەكانی نەتەوەیەکگرتووەکانیشیان گوتووە کە باری سەرشانی هەرێمی كوردستان لەبارەی ئاوارەكانەوە قورسە.
ئەمڕۆ لە رێوڕەسمێكدا بە ئامادەبوونی یاریدەدەری بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەكانی دەرەوەی هەرێم سوهام جەلەلی، نوێنەری حكوومەتی هەرێم لە بەریتانیا كاروان جەمال تاهیر و بەرپرسی ناوەندی هەماهەنگیی قەیرانەكان لە وەزارەتی ناوخۆ هۆشەنك محەمەد، واژووکردنی یاداشتی بەخشینی سێ ئۆتۆمبیلی ئەمبوڵانس كە لەلایەن رەوەندی کوردی بەریتانیاوە بۆ یارمەتیدانی حكوومەتی هەرێم بەمەبەستی سووككردنی باری شانی لەخزمەتكردن بە ئاوارە و پەنابەراندا، بەڕێوەچوو.
لەوبارەیەوە لە سەرەتای رێوڕەسمەكەدا و لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانییدا کە ئاژانسی ئانادۆڵو بەشداریی تێدا کرد، یاریدەدەری بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەكانی دەرەوەی هەرێم سوهام جەلەلی، رایگەیاند: "ئێمە لە كۆبوونەوەكانی خۆماندا لەگەڵ نوێنەرە بیانییەکان، كونسوڵخانە و باڵیۆزخانەكانییان تەنانەت لەگەڵ شاندەكانی نەتەوەیەكگرتووەكان كە سەردانی هەرێم دەكەن، بە فەرمی داوایان لێدەكەین هاوکاریی ئاوارە و پەنابەران بکەن و پێیان دەڵێن باری سەرشانی هەرێمی كوردستان لە جێبەجێكردن و دابینكردنی پێداویستییەكانی ئەوان زۆر بارێکی قورسە".
گوتیشی:" بۆیە لەرێگەی نوێنەرایەتییەكانی حكوومەتی هەرێمەوە هەوڵمانداوە یارمەتیی بۆ ئەو ئاوارە و پەنابەرانەی لە هەرێمی كوردستانن كۆبكەینەوە، ئەمڕۆ نزیكەی دوو ملیۆن ئاوارە و پەنابەرمان هەیە كە زۆریان لە عێراق و بەشێكیان لە سووریاوە هاتوونەتە هەرێم، ئەوەی ئەمڕۆ هەیە یەكێكە لەو هەوڵانەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لەرێگەی نوێنەرایەتی هەرێم لە بەریتانیا، هەوڵێكە بۆ كۆكردنەوەی هاوكاریی بۆ ئەو ئاوارانە و سوپاسی نوێنەرایەتی حكوومەتی هەرێم دەكەین بۆ ئەو هەوڵەیان".
نوێنەری حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە بەریتانیا كاروان جەمال تاهیر، لەوبارەیەوە بۆ دەزگاكانی راگەیاندن زانیاریی وردی لەبارەی هاوکارییەکان بۆ ئاوارە و پەنابەران خستەروو و رایگەیاند: "بەهۆی بوونی ژمارەیەكی زۆر ئاوارە و پەنابەر لە هەرێمی كوردستان كە بوونەتە هۆی ئەوەی لەسەدا 30ی رێژەی دانیشتووانی هەرێم زیادبکات، هەڵمەتێكی كۆمەك كۆكردنەوەمان لە بەریتانیا و لەنێو رەوەندی كوردی لەو وڵاتە راگەیاند بۆ ئەوەی بتوانین بەشێك لە ئێش و ئازاری پەنابەران و ئاوارەكان كەمبكەینەوە، ئەو هەڵمەتە ساڵی پار راگەیەنرا و ساڵێكی تەواوی خایاند، لەو ماوەیەدا توانیمان 71 هەزار پاوەندی بەریتانی كۆ بكەینەوە، ئەو پارەیەمان بۆ كڕینی سێ ئۆتۆمبیلی فریاگوزاریی دابین کرد".
بەرپرسی ناوەندی هەماهەنگیی قەیرانەكان لە وەزارەتی ناوخۆ هۆشەنك محەمەد لای خۆیەوە سوپاسی فەرمانگەی پەیوەندییەكانی دەرەوەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان و نوێنەرایەتی و نوێنەری حكوومەتی هەرێم لە بەریتانیاى كرد بۆ هەماهەنگیی و بەردەوامییان و دابینكردنی ئەو پێداویستییانە..
ناوبراو گوتیشی: "بەخشینی یەك دۆلار كاریگەریی دەبێت بۆ كەمكردنەوەی ئێش و ئازارەكان و پێداویستییەكانی ئاوارە و پەنابەران، ئەو سێ ئۆتۆمبیلی فریاگوزارییە پێویست و گرنگ بوو، بەتایبەت ئێمە لە خۆ ئامادەكردنداین بۆ دەرئەنجامە مرۆییەكانی شەڕی مووسڵ و ئەو ئۆتۆمبیلانە بۆشایی گەورە پڕدەكەنەوە".
دواتر رێوڕەسمی واژووکردنی یاداشتەكە لەنێوان هەرسێ لادا بەڕێوەچوو.