Hemn Baban
13 ئادار 2019•نوێکردنەوە: 14 ئادار 2019
ھەولێر - AA
گوتهبێژ بهناوی هۆزهكانی پارێزگای نهینهوا، شێخ مزاحم حوێت رایگەیاند کە ئەمریکا دەیەوێت لە عێراق باڵانس دروست بێتەوە و سوننەکان لەو لاوازییەی ئێستا نەمێننەوە.
شێخ مزاحم حوێت لە ھەفپەیڤینێکدا لەگەڵ ئاژانسی ئانادۆڵو ئاشکرای کرد کە پڕۆژەیەکی تەواویان بۆ پێکھێنانی ھێزی سەحوە یان ھێزی ھۆزەکان بۆ سوننەکان داوەتە ھێزەکانی ئەمریکا و ئەوانیش رەزامەندبوون لەسەری و لە نیوەی یەکەمی ئەمساڵ پێکھێنانی ئەو ھێزە دەبینن و گوتی:
"ئێمە پێش ماوەیەک لەمەوبەر زنجیرەیەک کۆبوونەوەمان لەگەڵ ھێزەکانی ئەمریکا و بەرپرسانی سەربازیی ئەو وڵاتە لە چەند پارێزگایەکی عێراق ئەنجامداوە بە مەبەستی دروستکردنی ھێزی چەکداریی تایبەت بە سوننەکان و تایبەتتر بۆ ھۆزە سوننەکان لە چەند پارێزگایەکی عێراق، ئەوانیش رەزامەندیی خۆیان لەسەر ئەو پرسە دەربڕیوە و ئامادەیی خۆشیان بۆ پڕچەککردن و دابینکردنی پێداویستییەکان نیشانداوە".
شێخ مزاحم حوێت ھەروەھا ئەوەشی راگەیاند کە دوو ھۆکاری سەرەکی ھەن لە پشت داواکارییەکەی ئەوان و گوتی: "بۆ ئەو داوایەی ئێمە دوو ھۆکاری سەرەکی ھەیە؛ یەکەمیان ئەوەیە دوای ئەوەی رێکخراوی داعش لە باغۆز لە سووریا شکستیھێنا و کشایەوە بەشێک لە چەکدارەکانی گەڕاونەتەوە بۆ عێراق و لە چەند ناوچەیەکدا ھەن و ئەمەش مەترسییەکی گەورەیە، بەتایبەت بۆ ئێمە و لە ماوەی دواییشدا چەند چالاکییەکییان ھەبوو، بۆیە داوامان لە ئەمریکییەکان کردووە کە ھۆزەکانی سوننە پڕچەک بکەن بۆ ئەوەی مەترسی سەرھەڵدانەوەی داعش نەمێنێت، ئەوانیش پێشوازییان لەو بیرۆکەیە کردووە. ھۆکاری دووەمیش ئەوەیە ئەو چەکدارانەی لەنێو حەشدی شەعبیین بەشێکیان بەناوی چەکداری حەشدی ھۆزەکانەوەن کە ئەوان بەداخەوە سەر بە لایەنێکی دیاریکراون و بۆ بەرژەوەندیی ئەجیندای دیاریکراو کاردەکەن، بۆیە داوای ھەڵوەشانەوەمان کردووە و داوامان کردووە دووبارە پەیکەربەندیی بۆ بکرێتەوە و حەشدی نوێ بۆ ھۆزەکان یان ھێزەکانی سەحوەی پێشتر دروست بکرێتەوە، ھەروەھا لە داواکارییەکەماندا ئێمە داوامانکردووە ھێزی ھۆزەکان یان سەحوەکان لە ناوچە کێشە لەسەرەکان پێکنەھێنرێت".
گوتهبێژ بهناوی هۆزهكانی پارێزگای نهینهوا، شێخ مزاحم حوێت گوتیشی: "ئەمریکییەکان پێشتر و لەسەردەمی رێکخراوی قاعیدەدا ھێزی سەحوەیان لە ناوچە سوننە نشینەکاندا دروست کرد و ئەمەش سەریگرت و پڕۆژەیەکی سەرکەوتووبوو بۆ دژایەتیکردنی قاعیدە و تیرۆر، بۆیە ئەوانیش لە بڕوایەدان کە ئەو پڕۆژەیە زیندووبکرێتەوە، چونکە لەم رێگەیەوە توانییان گورزی زۆر لە قاعیدە و چەکدارەکانی بوەشێنن و لاوازییان بکەن".
سەحوە ھێزی ھۆزەکانی سوننە بوون کە بە پلەی یەکەم بە مەبەستی لێدان و دژایەتیکردنی رێکخراوی قاعیدە لە عێراق دروست کرا، سەرەتای دەرکەوتنی ئەم ھێزانە لە ٢٠٠٦ بوو لە پارێزگای ئەنبار رۆژئاوای عێراق کە گەورەترین پارێزگای سوننە نشینە، پاشان ئەو ھێزە لە پارێزگاکانی دیالە، نەینەوا، سەڵاحەددین-یش دروستکرا، رۆڵی دیارییان ھەبوو لە تێکشکاندنی داعش و قوربانیی زۆریشیان لەم پێناوەدا دا، قەبارەی ئەم ھێزە کە زیاتر پەیوەست بوون بە ئەمریکییەکانەوە نزیکەی ٨٠ ھەزار کەس بوون.
شێخ مزاحم حوێت سەبارەت بەو شوێنانەی داوایانکردووە کە ھێزەکانی لێ دروست بکرێت رایگەیاند "ئێمە داوای دروستکردنی ھێزی ھۆزەکان یان سەحوەکانمان لە سەرجەم پارێزگا زۆرینە سوننەنشینمان کردووە، ئەوانیش بریتیین لە نەینەوا، سەڵاحەددین، ئەنبار، بەشێک لە دیالەش، بەڵام کەرکووک ناگرێتەوە، چونکە نامانەوێت ھێزی ھۆزەکان لەو ناوچانە ھەبن، بەڵکو ئەگەری زۆرە ھێزی تایبەتی بۆ دروست بکرێت کە لە نێوان ھێزەکانی عێراق و ھێزەکانی پێشمەرگە دەبن".
گوتهبێژ بهناوی هۆزهكانی پارێزگای نهینهوا، شێخ مزاحم حوێت دەشڵێت کە ئەمریکییەکان دەیانەوێت بەدروستکردنی ئەو ھێزە سەربازییە باڵانس بۆ عێراق و پێکھاتە سەرەکییەکان بگەڕێتەوە، چونکە بە قسەی ئەو سوننەکان ئێستا لە لاوازییدان و گوتی: "دانیشتنەکەمان لەگەڵ ئەمریکییەکان زۆر پەسەند و باش بوو، ئەوان پێشوازییان لە بیرۆکەکەی ئێمە کرد، ئێمە داوای چەک و پارە و پێویستی و ئۆتۆمبیلی سەربازی و پێویستیی دیکەمان کردووە، ئەمریکییەکان دەیانەوێت پاڵپشتیی سوننەکان بکەن و دەیانەوێـت سوننەکانیش بەھێز بن، چونکە ئێستا بەتەنھا سوننەکان لاوازن و ھێزی سەربازییان نییە، ئەمریکییەکان دەیانەوێت باڵانسێک ھەبێت".
ئەو روونیشی دەکاتەوە "لە ئایندەدا یەک دوو دانیشتنی دیکەمان لەگەڵ ھێزەکانی ئەمریکا دەبێت و دوای ئەوەش دەست دەکەین بەدروستکردنی کردەیی ھێزەکەمان، لەئێستادا دەستکراوە بەناونووسین و لە ھەندێک شوێن و پارێزگا خەریکن لیستەکانمان پێدەگاتەوە کە ناوی ئەندامانی ھێزەکانی تیادایە، بۆیە لە زووترین کات ئەو ھێزە دروست دەکرێـت و کاتی دروستکردنەکەش ناگاتە نیوەی دووەمی ئەمساڵ واتە تا چەند مانگێکی دیکەی کەمی پێدەچێت".
سەبارەت بە ھەڵوێستی حکوومەتی عێراق و لایەنە فەرمییەکانی عێراقیش گوتهبێژ بهناوی هۆزهكانی پارێزگای نهینهوا، شێخ مزاحم حوێت گوتی: "بەڕێز عادل عەبدولمەھدی ئاگاداری ئەو پرسەیە، ئەو دەیەوێت ھێزەکانی داعش بەتەواوەتی لەناوببرێن و ئەو باش دەزانێت کە کەسێک لە نەجەفەوە بێت و لە نەینەوا دەسەڵاتی ھەبێت ناکرێت و ئەمە رەوا نییە، ھەروەھا ئێمە داوای چوونە دەرەوەی ھێزەکانی پەکەکەشمان لە شنگال و ناوچەکانی دیکەی ئێمەش کردووە، ئێمە لایەنی ئەمریکیشمان ئاگادارکردووەتەوە لەوەی کە ئێمە رەتی دەکەینەوە ئەوانەی پێشوازییان لە داعش کرد یان لە گۆڕەپانی مانگرتنەکانی پێشووبوون کە بوونە ھۆکاری دەسەڵاتی داعش بێنە نێو ھێزەکانمانەوە و ئەمە بەتوندی لەدژی دەوەستینەوە".
گوتهبێژ بهناوی هۆزهكانی پارێزگای نهینهوا، شێخ مزاحم حوێت راشیگەیاند "پڕۆژەیەکی تەواوە و چەند کۆبوونەوەیەکمان لە مووسڵ کردووە، ئێمە لە ماوەکانی رابردوودا لە بنکەی سەربازیی عەین ئەسەد لە ئەنبار و لە کەرکووک و لە ھەولێر و لە سەڵاحەددین و لە چەند شوێنێکی دیکە لەگەڵ ئەمریکییەکان کۆبوونەوەمان کردووە بۆ دروستکردنی ئەو ھێزە و ھەر پارێزگایەک لە نێوان ١٠ بۆ ١٥ ھەزار چەکداری ھۆزەکان دەبێت لەو پارێزگایانەی باسمانکرد، بەو پێیە ھێزەکە پێشبینی دەکەین نزیکەی ١٠٠ بۆ ١٥٠ ھەزار چەکدارمان ھەبێت، بۆیە ئێمە چاوەڕوانی وەڵامی ھێزەکانی ئەمریکا دەکەین بۆ ئەوەی دەست بکرێت بەپڕچەککردنی ئەو ھێزانەمان".