Bekir Aydoğan
15 تشرینی یەکەم 2020•نوێکردنەوە: 17 تشرینی یەکەم 2020
هەولێر - AA
وەزیری هەرێم بۆ کاروباری پێکهاتەکان لە حکوومەتی هەرێمی کوردستان، ئایدن مەعروف رایگەیاند کە شنگال لەلایەن گرووپە نایاساییەکانەوە بەڕێوەدەبرێت و گوتی: ''ئەو رەوشە لەلایەن خەڵکی ئێزدیەوە قبوڵکراو نییە''.
ئایدن مەعروف لە لێدوانێکیدا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو هەڵسەنگاندنی بۆ رێککەوتنی نێوان حکوومەتی عێراق و حکوومەتی هەرێمی کوردستان کرد کە لە نۆی تشرینی یەکەمدا واژووکراو و پێشبینی دەکرێت کۆتایی بە هەژموونی پەکەکە بهێنێت لە شنگال.
وەزیری هەرێم بۆ کاروباری پێکهاتەکان لە حکوومەتی هەرێمی کوردستان، ئایدن مەعروف ئەوەی وەبیرهێنایەوە کە لە ساڵی ٢٠١٤دا لە دوای داگیرکردنی شنگال لەلایەن رێکخراوی تیرۆریستیی داعشەوە زۆربەی دانیشتوانەکەی دەربەدەربوون و بە ناچاری کۆچیان کرد بۆ شارەکانی دهۆک، هەولێر، سلێمانی و شارەکانی دیکەی عێراق.
ئایدن مەعروف باسی لەوە کرد کە وەک وەزارەتی هەرێم بۆ کاروباری پێکهاتەکان لە حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە نزیکەوە چاودێری رەوشی ئێزدیەکان دەکەن کە لە کەمپەکاندا، ژیانێکی سەخت بەڕێدەکەن.
- ''رێککەوتنی شنگال کاریگەری ئەرێنی دەبێت لەسەر پەیوەندییەکانی بەغدا-هەولێر''
وەزیری هەرێم بۆ کاروباری پێکهاتەکان لە حکوومەتی هەرێمی کوردستان، ئایدن مەعروف ئاماژەی بەوە کرد کە رێککەوتنی شنگال لەنێوان هەولێر و بەغدا زۆر گرنگە و گوتی: ''رێککەوتنی شنگال کاریگەری ئەرێنی دەبێت لەسەر پەیوەندییەکانی بەغدا-هەولێر. بەرپرسیارێتی ئێزدی، تورکمان، مەسیحی و نەتەوەکانی دیکە کە لەوێ دەژین لە ئەستۆی حکوومەتی عێراقدایە''.
ئایدن مەعروف گوتیشی: ''شنگال لەلایەن گرووپە نایاساییەکانەوە بەڕێوەدەبرێت. ئەو رەوشە لەلایەن خەڵکی ئێزدیەوە قبوڵکراو نییە. دوای ئاساییکردنەوەی رەوشی شنگال زیاتر لە ١٠٠ هەزار ئێزدی کە لە کەمپەکاندا دەژین، دەگەڕێنەوە سەر ماڵ و حاڵیان، هەروەها ناوچەکە کە دوای پێکدادانەکان وێران بووە پێویستی بە گەشەپێدانە''.
- ''گرووپە نایاساییەکانی ناوچەکە رێگرن لە گەڕانەوەی ئێزدییەکان بۆسەر ماڵ و حاڵی خۆیان''
وەزیری هەرێم بۆ کاروباری پێکهاتەکان لە حکوومەتی هەرێمی کوردستان، ئایدن مەعروف هەروەها رایگەیاند ''لەم قۆناغەدا بابەتی هەرە گرنگ دامەزراندنی ئیدارەیەکی هاوبەشە لەنێوان بەغدا و هەولێر کە لە خەڵکی شنگال پێکبێت. کێشەی بەرچاوی خەڵکی ناوچەکە، ئاسایش و سیاسییە''.
ئایدن مەعروف ئاماژەی بەوەیش کرد کە دوای ئاساییکردنەوەی رەوشەکە و پێکهێنانی ئیدارە لە خەڵکی ناوچەکە پێویستە گرووپە نایاساییەکان بکشێنەوە و گوتی: ''گرووپە نایاساییەکانی ناوچەکە رێگرن لە گەڕانەوەی ئێزدییەکان بۆسەر ماڵ و حاڵی خۆیان کە بەناچاری کۆچیان کردووە. ئەو رێککەوتنە ئەو رێگریانە هەڵدەگرێت''.