Hemin Hüseyin
09 شوبات 2017•نوێکردنەوە: 12 شوبات 2017
هەولێر-AA
پێش دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنی مووسڵ، چەند هێزێک پێکهێنران بۆ بەشدارپێکردنییان لە ئۆپەراسیۆنەکانی دژبە داعش و لەم چوارچێوەیەشدا وەزارەتی پێشمەرگەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان چەند هێزێکی بەجیا لە ئێزدییەکان و کریستانەکان و مەسیحییەکانی مووسڵ پێکهێنا و بڕیاریش بوو کە هێزێکی تورکمانی دروست بکرێت بۆ بەشدارپێکردنییان لە ئۆپەراسیۆنەکانی دژبە داعش و ئەندامێکی مەکتەبی سیاسیی بەرەی تورکمانی نیگەرانی خۆی دەردەبڕێت و پێی وایە وەزارەتی پێشمەرگە کەمتەرخەم بووە لە جێبەجێکردنی داواکەیان.
ئەندامی مەکتەبی سیاسیی بەرەی تورکمانی عێراقی، ئایدن مەعروف لە لێدوانێکی بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "پێکهاتەی تورکمان پێکهاتەیەکی گرنگە لە عێراق و هەرێمی کوردستان، هەروەها دروستکردنی هێزێک بۆ ئەو پێکهاتەیە و بەشداریکردنییان لە ئۆپەراسیۆنی مووسڵ و تەلەعفەر تایبەتمەندی خۆی هەیە، بۆیە ئێمە یەک ساڵ پێش ئێستا داوامان لە وەزارەتی پێشمەرگە کرد کە لیوایەک لە تورکمانەکان پێکبهێنرێت و رەزامەندی لەسەردا بەڵام تاوەکو ئێستا پێکهێنانی ئەو هێزە بەپراکتیک هیچ هەنگاوێک نەچووەتە پێش".
ئایدن مەعروف بارودۆخی سیاسیی هەرێمی کوردستان بەهۆکار دەزانێت بۆ جێبەجێنەکردنی داواکارییەکەیان و لەمبارەیەوە گوتی: "دیارە بارودۆخی سیاسیی هەرێمی کوردستان هۆکار بووە بۆ جێبەجێنەکردنی داواکارییەکەمان و لەگەڵ ئەوەشدا ئێمە لەناو هێزی حەشدی نیشتمانیی بەشداربووین لە ئۆپەراسیۆنەکان و نزیکەی دوو هەزار چەکداری تورکمانیش وەکو حەشدی عەشائیری بەشدارن لە ئۆپەراسیۆنەکاندا".
ئەو ئەندامەی مەکتەبی سیاسیی بەرەی تورکمانی عێراقی ئاشکرایشی دەکات کە ئێستا ژمارەیەک لە چەکداری تورکمان لە ناوچەی گەیارە مەشق و راهێنانییان پێدەکرێت بۆ ئەوەی دواتر ئەو ناوچانە بپارزێن کە تورکماننشینن و گوتی: "ئێستا نزیکەی ٥٠٠ چەکداری تورکمان لە ناوچەی گەیارە مەشق و راهێنانییان پێدەکرێت و لەلایەن حکوومەتی عێراقی پشتیوانییان لێ دەکرێت، ئەوانەش ئامادە دەکرێن بۆ دوای کۆنتڕۆڵکردنەوەی تەلەعفەر و مەحەلەبییە و ئەو ناوچانەی کە تورکماننشینن کە ئەرکی پاراستنی ئەو ناوچانەیان دەکەوێتە ئەوستۆ".
ئایدن مەعروف گوتیشی: "جگە لە وەزارەتی پێشمەرگە، ئێمە پێشتریش داوامان لە وەزارەتی بەرگری عێراق کردبوو کە هێزێک لە تورکمانەکان پێکبهێنن بەڵام بەداخەوە ئەوانیش لە پراکتیکدا هیچ هەنگاوێکیان بۆ داواکارییەکەی ئێمە نەناوە".