Hemin Hüseyin
09 تشرینی دووەم 2017•نوێکردنەوە: 10 تشرینی دووەم 2017
هەولێر-AA
بە مەبەستی گفتوگۆکردن لەسەر رەوشی پێکھاتەی تورکمان لە هەرێمی کوردستان و عێراق، ژمارەیەک کەسایەتی تورکمان لە شاری ھەولێر دانیشتنێکیان ئەنجام دا.
پەرلەمانتار لە فراکسیۆنی بەرەی تورکمانی، ئایدن مەعروف کە بەشداری لە دانیشتنەکەدا کرد ئاماژە بەوە دەکات کە پێکهاتەی تورکمان فاکتەرێکی گرنگن و دەیانەوێت بەشداربن لە دروستکردنی کەشێکی ئارام و سەقامگیر لە ناوچەکەدا.
ئایدن مەعروف لە لێدوانێکی بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "پێکهاتەی تورکمان لە کوردستان بە تایبەتی و عێراق بە گشتی فاکتەرێکی گرنگە و هەمێشە رۆڵی خۆی بینیووە، تورکمان دەیانەوێت بەشداری پرۆسەی سیاسی بکەن، بۆیە دەمانەوێت ببینە ھۆکاری ئاشتی و پێکەوەژیان".
ئایدن مەعروف گوتیشی: "ئامانجمان لەم دانیشتنە ئەوەیە کە کۆمەڵێک بۆچوونی جیاجیا وەربگرین و دوای گفتوگۆکردن لەسەر بۆچوونەکان، پێشکەشی پەرلەمانی کوردستانی بکەین بۆ ئەوەی بتوانین کەشێک لە ئاشتی و سەقامگیری و پێکەوەژیان فەراهەم بکەین".
هەر لە دانیشتنەکەدا، باسی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان کرا و سەبارەت بەو ناوچانەش ئایدن مەعروف گوتی: "ئێمەی تورکمان لە ناوچەیەک بۆ ناوچەیەکی دیکە مەترسیمان لەسەرە، بۆ نموونە لەو ناوچانەی کێشەی تێدایە ژیانی ئێمەش لە مەترسیدایە، بەڵام لە هەرێمی کوردستان ھیچ مەترسییەکمان لەسەر نییە و دەمانەوێت هەموو ناوچەکانی دیکە وەک ئێرە بێت".
لەم دانیشتنەدا ژمارەیەکی زۆر لە کەسایەتی ئایینی و سیاسیی تورکمان بەشداربوون و بیروبۆچوونەکانیان وەک یەک بوو بە تایبەت لە هەوڵدان بۆ بەرقەرارکردنی ئاشتی و پێکەوەژیانی لە هەرێمی کوردستان.