Heman Hussein Yaseen
24 نیسان 2024•نوێکردنەوە: 25 نیسان 2024
هەولێر - AA
لە ڕێوڕەسمێکدا یادی ٢٩ ساڵەی دامەزراندنی بەرەی تورکمانی لە شاری ھەولێر کرایەوە و بەم بۆنەوەیە بەشێک لە لایەنە سیاسییەکانی ھەرێم و پێکھاتە و چین و توێژەکان بە مەبەستی پیرۆزباییکردن سەردانی بارەگای بەرەی تورکمانییان کرد و لە لایەن ئەندامی مەکتەبی سیاسیی بەرەی تورکمانی، ئایدن مەعرووف پێشوازییان لێکرا.
لە ڕێوڕەسمەکەدا، ھەریەک لە شاندی سەرۆکایەتی ھەرێم، سەرۆکایەتی حکوومەت، لقی دووی پارتی دیموکراتیی کوردستان، مەڵبەندی سێی یەکێیی نیشتمانیی کوردستان، کۆمەڵی ئیسلامی و ژمارەیەک لە پارتە تورکمانییەکان و ئاشوورییەکان سەردانی ئۆفیسی ھەولێری بەرەی تورکمانییان کرد.
لەبارەی ڕێوڕەسمەکەوە، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی بەرەی تورکمانی، ئایدن مەعرووف لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانییدا گوتی: "بەبۆنەی ٢٩ھەمین ساڵیادی دامەزراندنی بەرەی تورکمانی، ڕێوڕەسمێکی پێشوازیکردن لە میوانانمان ڕێکخست و تیاییدا سەرجەم چین و توێژەکان بە مەبەستی پیرۆزبایی سەردانییان کردین و ئەمەش دەرفەرێک بوو بۆ پتەوترکردنی پەیوەندییەکانمان".
ئایدن مەعرووف گوتیشی: "لەوەتەی دامەزراندنییەوە، بەرەی تورکمانی ھەمیشە ھەوڵی بەدەستھێنانی مافەکانی تورکمانی داوە لە ڕێگای دیالۆک و چالاکییە جۆراوجۆرەکان و خۆشحاڵبووین کە ئەمڕۆ میوانان بە گوڕ و تینەوە بەشدارییان لە ڕێوڕەسمەکەدا کرد".
لە وەڵامی پرسیارێکی ڕۆژانامەوانان لەبارەی سەردانەکەی سەرکۆماری تورکیا ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، ئایدن مەعرووف گوتی: "سەردانەکەی سەرکۆمار ئەردۆغان بۆ عێراق و دواتریش بۆ ھەولێر سەردانێکی گرنگ بوو، ئێمە وەک تورکمانەکانی عێراق ھەمیشە پاڵپشتی ئەم پەیوەندیانە دەکەین، تورکیا وڵاتێکی گرنگە لە ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست و ھیوا خوازین پارێزگاری لە پەیوەندییەکانمان بکەین".
بەرەی تورکمانی لە ٢٢/٤/١٩٩٥ لە شاری ھەولێر دامەزرا و تا ئێستا لە کاری سیاسیی بەردەوامە و خاوەنی یەک کورسی خوولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان-عێراق بوو.