Hemn Baban
17 نیسان 2019•نوێکردنەوە: 19 نیسان 2019
ھەولێر-AA
لە پڕۆژەی پەرەپێدانی وزەی نوێبوویەوە پارێزگاکانی ئەنبار، بەسرە، دھۆک، ھەولێر، میسان، نەینەوا، سەڵاحەددین، زی قار، سلێمانی سوودمەند دەبن.
ئەمرۆ چوارشەممە لە ھەولێر لێژنەی ئاراستەکاری بەرنامەی پشتیوانیکردن لە چاکبوونەوە و سەقامگیریی لە عێراقدا لە رێی پەرەپێدانی ناوخۆییەوە یەکەمین کۆبوونەوەی ساڵانەی خۆی رێکخست.
لە رێوڕەسمی واژووکردنی رێککەوتنەکەدا جگە لە وەزیری پلاندان لە حکوومەتی ھەرێمی کوردستان نوێنەری وەزیری پلاندانانی عێراق و پارێزگار و جێگری پارێزگاری نۆ لە پارێزگاکانی عێراق لەوانەی کە بەرنامەکە دەیانگرێتەوە ئامادەی رێوڕەسمەکە بوون لە پاڵ نوێنەرانی یەکێتیی ئەورووپا و UN-Habitat و UNDP و چەند بەرپرسێکی دیکەش.
بەرنامەی پشتیوانیکردن لە چاکبوونەوە و سەقامگیریی لە عێراقدا لە لایەن یەکێتیی ئەورووپاوە بوودجەکەی بۆ تەرخان دەکرێت کە بڕی ٤٧،٥ ملیۆن یورۆیە و لەماوەی چوار ساڵدا لە نۆ پارێزگای عێراق و لە لایەن بەرنامەی پەرەپێدانی نەتەوەیەکگرتووەکان و UN-Habitatەوە جێبەجێ دەکرێت، پارێزگاکانیش بریتیین لە ئەنبار، بەسرە، دھۆک، ھەولێر، میسان، نەینەوا، سەڵاحەددین، زی قار، سلێمانی.
پڕۆژەکانی پلانەکە بەپێی راگەیەندراوی رۆژنامەوانیی ئەو کۆبوونەوەیە بریتی دەبن لە پشتیوانیکردن لە نامەرکەزییەتی دەسەڵاتەکان، پەرەپێدانی توانستە دامەزراوەییەکان و باشترکردنی سیستەمی دروستکردنی داھات و ھاوبەشێتیی لەگەڵ دەسەڵاتدارە ناوخۆییەکان و چەند کەرت و بواری دیکەش.
وەزیری پلاندانان لە حکوومەتی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، عەلی سندی لەوبارەیەوە لە لێدوانێکدا رایگەیاند "پڕۆژەکە بە بڕی ٤٧،٥ ملیۆن یورۆیە و لە لایەن یەکێتیی ئەورووپاوە پارەداردەکرێت، ئەوەی گرنگە ئەو پڕۆژەیە لە نۆ پارێزگای عێراق جێبەجێ دەکرێت و سێ لە ناوەڕاستی عێراق و سێ لە ھەرێمی کوردستان و سێ لە باشووری عێراق دەبێت، ئەو پڕۆژانەی لە ھەرێمی کوردستان لەم بەرنامەیە دەست نیشان دەکرێن ھەموویان پڕۆژەی وزەی نوێبوویەوەیە، ھەرێمی کوردستان بڕیاری داوە دەست بەم پڕۆژە بکات و ئەمە پڕۆژەیەکی باشە و جەنابی سەرۆکوەزیرانیش ئاماژەی بۆ ئەوەکردووە کە دەست بە وزەی نوێبوویەوە بکەین و سوودی لێ وەربگرین".
ھەروەھا گوتیشی"ھەرسێ پارێزگای ھەرێمی کوردستان لە ساڵی ٢٠١٨ بوون بەبەشێک لە میساقی جیھانی لە گەورەترین بزووتنەوەی جیھانی لەم بوارە کاربکات، ئێستا پابەندبوونێکمان بەو میساقەوە ھەیە بۆ خاوێنڕاگرتنی ژینگە و بەکارھێنانی وزەی نوێبوویەوە".
سەبارەت بە پڕۆژەکە ئەوەشی گوت "دوو لایەنی گرنگ لەم پڕۆژەیەدا ھەیە، یەکەمیان ئەوەیە نامەرکەزییەتی تیاداھەیە و لە لایەن پارێزگاکان خۆیانەوە جێبەجێ دەکرێت و لایەنی دووەمیشیان ئەوەیە پەیوەستە بە پرسی ژینگەوە".