Rewa Mahmut Hasan
20 ئەیلوول 2016•نوێکردنەوە: 21 ئەیلوول 2016
نیویۆرک - AA
لەمیانی بەشداری کردنی لە کۆبوونەوەی نەتەوە یەکگرتووەکاندا سەرۆکی ئەمریکا باراک ئۆباما ئاماژەی بە پێویستی یەکرگرتنی هەموولایەک کرد بۆ لەناو بردنی داعش و راشیگەیاند کە رێگەی سەربازی بژارێک نییە بۆ چارەسەری قەیرانی سووریا و داوای کرد رێگەیەکی دیپلۆماسی بگیرێتە بەر.
ئۆباما راشیگەیاند کە دەبێت رێگری بکرێت لە توندوتیژی و ئاشکرای کرد کە تا کۆتایی هاتنی کێشەکان بەشێوەیەکی بنەڕەتی، بەردەوام دەبن لە وەدەرنانی توندڕەوەکان و گوتی "جیهان زۆر لەوە بچوکترە کە بتوانین کۆمەڵگەکانی خۆمان لە توندرەوی بپارێزین بە بنیاتنانی دیوار".
ئۆباما گوتی: "دەبێت هەموومان شتی راست بۆ رۆژهەڵاتی ناوڕاست بکەین. بێگومان دەکرێت سەرەڕای رۆڵ پێدان بە ئافرەتان و پاراستنی مافەکانیان لە سیاسەت و ئابووریدا، نەریتەکان بپارێزرێن. هەڵبەت هاوشێوەی بە یەکسانی مامەڵە کردن لەگەڵ کەمینە رەگەزەکانی ناو ئەمریکادا، دەبێت کەمینەکانی میانمار و بوروندی و کەمینەکانی تری جیهانیش بپارێزین".
لەبارەی کێشەی ئیسرائیل و فەڵەستینیشەوە ئۆباما جەختی کردەوە لەمامەڵەیەکی یەکسانی و گوتی "ئەگەر هەردوو لایەنی ئیسرائیلی فەڵەستینی رێککەون لەسەر ئەوەی، فەڵەستینییەکان دەستبەرداری گوتاری وروژێنەر بن و شەرعیەتی ئیسرائیل قبوڵ بکەن. ئیسرائیلیش چیتر خاکی فەڵەستین داگیر نەکات. ئەمە بۆ هەردوولا باشترە".
لەبارەی چەکی ئەتۆمی و هەڕەشەکانی ئەو چەکەوە، ئۆباما رایگەیاند کە دەبێت هەموولایەک پێکەوە رووبەڕووی ئەو هەڕەشانە ببنەوە، هەروەک پێشتر بەڵێنیان دابوو، لەوبارەیەوە گوتی "تاقیکردنەوەی ئەتۆمی کۆریای باکوور هەموومان دەخاتە مەترسییەوە. ئەو وڵاتانەی رێککەوتنەکە پێشێل دەکات، ئەنجامەکەی هەرچیەک بێت قبوڵی دەکات.هەموو ئەو وڵاتانەشی کە خاوەنی ئەو چەکەن وەک ئەمریکا، بەرپرسیارێتی ئەوەیان لەسەرە کە چەکەکانیان کەم بکەنەوەو پەیڕەوی ئەوە بکەن کە جارێکی تر ئەو تاقیکردنەوانە ئەنجام نەدەن".