Hejar Hekim
20 ئەیلوول 2016•نوێکردنەوە: 21 ئەیلوول 2016
ئەمساڵ تۆپخانەکانی سوپای پاسدارانی ئێران بۆ جاری سێیەم ناوچەی برادۆست لە سنووری ناحیەی سیدەکان تۆپباران دەکەن، بەگوتەی بەڕێوەبەری ناحیەی سیدەکان تۆپبارانەکە زیانی زۆری بەئابووری ھەرێمی کوردستان گەیاندووە و خەڵکی ناوچەکەش نیگەرانن.
بەڕێوەبەری ناحیەی سیدەکان کاروان کەریمخان لە لێدوانێکی بۆ ئاژانسی ئانادۆڵۆ گوتی: "لە ھەرسێ قۆناغی تۆپبارانەکەدا ٣٠ ھەزار دۆنم زەوی سووتاوە، جگە لەوەش ھەزار شانەی ھەنگ و ھەزار و ٢٠٠ دار لەناوچووە، ھەروەھا زیانی زۆری بە دانەوێڵە و سەوزەواتی ھاووڵاتییانی ناوچەکە گەیاندووە".
کاروان کەریمخان گوتیشی: "جگە لەوەی کە پێشتر شاندێکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان سەردانی ئێرانییان کردبوو بۆ ئەوەی ئەو تۆپبارانە رابگرن، بەڵام دیسان لایەنی ئێرانی دەستی بە تۆپبارانی ناوچەکەی کردووەتەوە و ھەر بەھۆی تۆپبارانەکەوە ماوەی دوو رۆژە بەرزاییەکانی بنی رەشکین ئاگری گرتووە و تا ئێستاش ناوچەکە بە تەواوی سووتاوە و ئاگرەکە کۆنتڕۆڵ نەکراوە".
ھاووڵاتییەکی تەمەن ٦٥ ساڵ بەناوی خورشید ئەحمەد وەک شایەتحاڵێک و دانیشتووی گوندی دەرھۆڵ بەھۆی تۆپبارانەکەوە زیان بە موڵک و ماڵی کەوتووە بۆ ئاژانسی ئانادۆڵۆ گوتی: "گوندەکەمان بۆ جاری سێیەمە دەبێتە ئامانجی تۆپخانەکانی ئێران، بەردەوام لە مەترسی و دڵەڕاوکێین، بەهۆی ئەو ترسەوە خەڵکی گوندەکان کشتوکاڵەکانی خۆیان جێ ھێشتووە".
ناوبراو گوتیشی: "کاریگەریی تۆپبارانەکە بەرھەمی کشتوکاڵی لاواز کردووە، پێشتر قەرەبووی زیانەکانمان لە حکوومەت وەردەگرت، بەڵام ئەمساڵ کەسێک نییە قەرەبوومان بکاتەوە، نزیکەی ٢٠٠ داری گوێز لەناوچووە، گوندەکەمان لە ٩ ماڵ پێکھاتووە ھەموویان زیانییان بەرکەوتووە".
ئەو شایەتحاڵە گوتیشی: "زیانە مادییەکە تا بڵێی زۆرە، بەڵام خۆشبەختانە تا ئێستا زیانی گیانیی نەبووە، بەڵام ئەگەر وا بڕوات ژیانمان لەناودەچێت. دواکارین لە حکوومەت ئەگەر ھەر چەکدارێکی دیموکرات لەم شوێنەدا ھەبێت بڕیارێک دەربکەن و ئەم شوێنە جێبھێڵن، جگە لەمەش گرووپەکانی پەکەکە بوونەتە بارگرانی بەسەر ئەو ناوچەیە".
یەکێک لە شایەتحاڵەکان خەڵکی گوندی ماوەتە بەناوی مەجید عەبدلخالق تەمەن ٥٦ ساڵ، کە لە ترسی تۆپبارانەوە ھاتبووە شارۆچکەی سیدەکان بۆ ئاژانسی ئانادۆڵۆ گوتی: "ئێمە لە مانگی حوزیرانەوە ژیانمان کەوتووەتە ناو ترس و ھەڵاتنەوە، ھەموو باخچە و بەرھەمەکانمان لە گوند بێ خاوەن ماوەتەوە، ٢٠ ساڵە کەشتیاری دەکەم و ئەمساڵ نزیکەی پێنج ملیۆن دینار زیانم پێگەیشتووە بەھۆی فەوتانی بەروبوومی تەماتە، بۆیە خراپترین ساڵ بووە بۆ بەروبوومەکان، داواکارین لە حکوومەتی ھەرێمی کوردستان چارەسەرێکمان بۆ بدۆزێتەوە".
ھۆشەنگ مەجید ئیسماعیل، تەمەن ٢٩ ساڵ دانیشتووی گوندی بنە پەرێزە بۆ ئاژانسی ئانادۆڵۆ گوتی: "ئێمە مێژوویەکی درێژمان لەگەڵ تۆپباران و بۆردوومان ھەیە لەلایەن وڵاتانی دراوسێی وەکو ئێران و تورکیا بەڵام تۆپبارانەکانی تورکیا تەنیا بنکە و بارەگاکانی پەکەکەی دەکردە ئامان بەڵام وڵاتی ئێران زۆر بە چڕی و فراوانیی و بەشێوەیەکی هەرەمەکی ناو گوندەکان دەکاتە ئامانج و خەڵک زۆر تووشی زیان ھاتووە، مەڕو ماڵات و پووش و پاوانی ناوچەکە سووتاوە و سامانی سرووشتی و ھەزاران داری ناوچەکە سووتاون، لە مانگی حوزیرانەوە چوار جار گوندەکەمان بەجێهێشتووە لە ترسی تۆپبارانی تۆپخانەکانی ئێران و ژیانمان تێکەڵی ترس بووە و بە چەند مەترێک تۆپ نزیکی خانووەکان کەوتووەتەوە".
ناوبراو زیاتر گوتی: "ھەبوونی پێشمەرگەکانی حزبی دیموکرات کە ژمارەیەکی زۆر کەمن و پێمانوایە ھەبوونیان لێرەدا خزمەت بە بەرژەوەندییەکانییان ناکات، بەڵام ئەوەی جێی پرسیارە بۆمان ئەوەیە کە چەندین ساڵە پەکەکە لەم سنوورەدا بوونی ھەیە بۆچی تاکو ئێستا ئێران تۆپبارانی پەکەکەی نەکردووە، بۆیە داواکرین لە حکوومەتی ھەرێمی کوردستان چارەسەرێک بۆ ئەم دۆخە بدۆزێتەوە".
پێشتریش لە رۆژی ١٧/٩/٢٠١٦ بەرپرسی ناوچەی سیدەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان بۆ ئاژانسی ئانادۆڵۆ رایگەیاندبوو کە نیگەرانییەکانی خەڵکی ئەم گوندانەمان گەیاندووەتە سەرکردایەتی حزبەکەمان کە بەھۆی تۆپبارانەوە تووشی زیان بوونەتەوە و ماڵ و حاڵی خۆیان جێھێشتووە، بێگومان پارتی دیموکراتی کوردستان ھەڵوێستی خۆی رادەگەینێت.
لە ٢٧ی حوزیرانی ئەمساڵ یەکەم قۆناغی تۆپبارانی ناوچەی حاجی ئۆمەران و سیدەکان دەستی پێکرد، ھەروەھا لە 11/8/2016دا تەنھا ناحیەی سیدەکان کرایە ئامانج و لە ١٧یئەم مانگە دوایین قۆناغی تۆپبارانکردنی ناوچەکە سنوورییەکانی سەر بە ناحیەی سیدەکان کرا و گوندەکانی ناوچەکە و جووتیار، کۆچەر، مەڕدار و ھەنگەوانەکان زیانێکی زۆریی ماددییان بەرکەوت.
لە ١٤/٨/٢٠١٦ شاندێکی باڵای حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتی وەزیری ناوخۆ ، کەریم شنگالی سەردانی تاران-یان کرد و لەگەڵ بەرپرسانی ئێرانی رێکەوتبوون کە تۆپبارانکردنی ناوچە سنوورییەکان رابگیرێت.