Hemin Hüseyin
20 ئەیلوول 2016•نوێکردنەوە: 22 ئەیلوول 2016
بە مەبەستی گفتوگۆکردن لەسەر چۆنێتی کارکردنی هاوبەش و دانانی پلانی کار سەبارەت بە رەوشی مافی مرۆڤ، دەستەی سەربەخۆیی مافی مرۆڤ کۆنفڕانسێکی ئەنجام دا. لەو کۆنفڕانسەدا هەریەک لە رێکخراوی یونۆپس و لێژنەی مافی مرۆڤ لە پەرلەمانی کوردستان و ئەنجوومەنی پارێزگای هەولێر و کۆمسیۆنی مافی مرۆڤی عێراق بەشدار بوون.
گوتەبێژی دەستەی سەربەخۆیی مافی مرۆڤ لە هەرێمی کوردستان ئاماژە بە دوو ئامانجی سەرەکی دەکات و پێی وایە کە دەبێت خاڵی هاوبەش هەبێت لە نێوان تەواوی ئەو دەزگایانەی کە لە بواری مافی مرۆڤ کارکردن و ئاشکراشی دەکات کە دەبێت بۆ عێراقی دوای داعش پلانێکی تۆکمە هەبێت بۆ پەرەپێدانی مافەکانی مرۆڤ.
گوتەبێژی دەستەی سەربەخۆیی مافی مرۆڤ لە هەرێمی کوردستان، محەمەد گۆمەشینی لە لێدوانێکی بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "ئەمڕۆ بە سەرپەرشتی رێکخراوی یونۆپسی سەربە نەتەوە یەکگرتووەکان کۆنفرانسێکمان ئەنجام دا کە دوو ئامانجی سەرەکی لەخۆ دەگرێت، ئەمەش بە مەبەستی هەبوونی کەمترین پێشێلکاری بەرامبەر بە مافەکانی مرۆڤ".
سەبارەت بە ئامانجی کۆنفراسەکەش، ئەو گوتەبێژەی دەستەی سەربەخۆیی مافی مرۆڤ گوتی: "ئامانجی یەکەم بریتییە لە دۆزینەوەی خاڵی هاوبەشی کارکردن لەگەڵ سەرجەم ئەو دەزگایانەی کە لە عێراق لە بواری مافی مرۆڤ کار دەکەن، ئەمەش لە پێناو دانانی پلانی هاوبەش بۆ ئێستا و ساڵی داهاتوو بۆ ئەوەی رێژەی پێشێلکارییەکان کەمتر بێتەوە".
گۆمەشینی گوتیشی: "ئامانجی دووەمی کۆنفرانسەکەش بریتییە لەوەی رێکخراوی یونۆپس پەرە بەتوانای ئەو کارمەندانە بدات کە لە بواری مافی مرۆڤ کاردەکەن، چونکە هەروەک دەزانین بابەتی مافی مرۆڤ بابەتێکی جیهانییە و هەموو سێکتەرەکانی ژیان دەگرێتەوە و رۆژانە گۆڕانکاری زیاتر روودەدەن لەسەر شێوازی پەرەپێدانی ئەو بوارە و هاوکات دەبێت ئێمەش شارەزای ئەو گۆڕانکارییە جیهانییە ببین کە لەلایەن رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ لەسەر ئاستی جیهانیی کاری لەسەر دەکرێت، بە دڵنیاییەوە ئەمە هەنگاوێکە بۆ دانانی پلانی هاوبەش بە تایبەت بۆ ئێستای عێراق و عێراقی دوای داعش چونکە ئەگەر سەیر بکەین دەبینین لە ماوەی رابردوودا پێشێلکاری زەق بینراوە".
رێکخراوەکانی بواری مافی مرۆڤ ئامار و راپۆرتی ساڵانە رادەگەیەنن سەبارەت بەپێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ لەو وڵاتانەی رووبەڕووی توندوتیژی دەبنەوە و عێراقیش یەکێکە لەو وڵاتانەی کە لەماوەی دوو ساڵێ رابردوودا بەهۆی پەلامارەکانی داعش بۆ هەندێک ناوچەی عێراق رێژەی پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ بەرزبووەتەوە. گوتەبێژی دەستەی سەربەخۆیی مافی مرۆڤیش ئاماژە بەوەدەکات کە ئێستا دەبێت مافەکانی مرۆڤ پۆلێن بکەین بەسەر مافی ژنان و منداڵان و ئاوارە و پەنابەران و نابێت خوێندنەوەیەکی گشتیی بۆ مافی مرۆڤ بکەین و گوتی: "شتێک نییە بەناوی رەوشی مافی مرۆڤ لە عێراق، جاران بە شێوەیەکی گشتی دەگوترا رەوشی مافی مرۆڤ واتا خوێندنەوەیەکی گشتیی دەکرا، بەڵام ئێستا پۆلێن کراوە بەسەر رەوشی ژنان و رەوشی منداڵان و رەوشی ئاوارە و پەنابەران و بازرگانیکردن بە مرۆڤ و هەموو ئەو بابەتانەی پەیوەستن بە مافەکانی مرۆڤ، بۆیە لەهەر وڵاتێک کێشە و قەیران هەبێت ئەوا پێشێلکارییەکان زیاد دەبن و دەبن بە تاوان".
گۆمەشینی گوتیشی: "هەرێمی کوردستانیش بەهۆی هەبوونی شەڕی داعشەوە رووبەڕووی ئەو پێشێلکارییە بووەتەوە و بەردەوام ئاوارە و پەنابەرەکان روو لە هەرێمی کوردستان دەکەن و جگە لەوەش دەبینین ماوەی دوو ساڵە خەڵکی هەرێمی کوردستان کێشەی قەیرانی داراییان هەیە کە ئەمەش کاردانەوەی خراپی لەسەر کۆمەڵگەی ئێمەدا دەبێت و رۆژانەش هەواڵی ناخۆش دەبیستین سەبارەت بە پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ".