Sangar Hamad Azeez
27 کانوونی دووەم 2017•نوێکردنەوە: 28 کانوونی دووەم 2017
واشنتۆن - AA
سەرۆکی نوێی ئەمریکا دۆناڵد ترەمپ سەبارەت بە وەڵامی سەرۆکی مەکسیک ئێنریکی پێنا نیتۆ کە گوتبووی پارەی ئەو دیوارە نادەین کە لەسەر سنوور دروست دەکرێت، رایگەیاند ئەم هەڵوێستەی نیتۆ رەنگە ببێتە هۆکاری هەڵوەشاندنەوەی کۆبوونەوەکەی واشنتۆن لە کۆتایی ئەم مانگە. لە بەرامبەریشدا پێنا نیتۆ گوتی "کەوایە ناچمە ئەمریکا".
تا دێت گرژییەکانی نێوان ئەمریکا و مەکسیک سەبارەت بە خەرجی دیواری نێوان سنووری هەردوو وڵات کە لەلایەن دۆناڵد ترەمپەوە بڕیاری لەسەر دراوە زیاتر دەبێت.
ترەمپ لە رێگەی هەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەر روونکردنەوەیەکی لەسەر بابەتەکە داو رایگەیاند، ئەگەر مەكسیك ئامادە نەبێت پارەی دیوارەكە بدات، باشتروایە كۆبوونەوەكەی هەفتەی داهاتوو هەڵبوەشێتەوە.
راستەوخۆ دوای روونکردنەوەکەی ترەمپیش حکوومەتی مەکسیک لە راگەیەندراوێکدا وەڵامی ترەمپی دایەوە و تیایدا رایگەیاند کە سەرۆکی ئەو وڵاتە گوتویەتی کەوایە ناچێتە ئەمریکا.
لە روونکردنەوەکەدا هاتووە:" بەرەبەیانی ئەمڕۆ ئاگاداری کۆشکی سپی کراوەتەوە کە کۆبوونەوەی هەردوو سەرۆک کە بڕیاربوو هەفتەی داهاتوو لە واشنتۆن ئەنجام بدرێت هەڵوەشێندراوەتەوە".
هەر لە روونکردنەوەکە جەخت لەوە کرایەوە کە چیتر پێویست نییە ئەو دووڵاتە بەیەکەوە بازرگانی و کاری هاوبەش ئەنجام بدەن.
لەلایەکی دیکەش وەزیری دارایی مەکسیک خۆزێ ئەنتۆنیۆ میدە رەخنەی لە ترەمپ گرت و گوتی: "وابزانم کاری دیپلۆماسی لە رێگەی تویتەرەوە ئەنجام نادرێت".
ترەمپ لەیەکەم چاوپێکەوتنیدا دوای دەستبەکار بوونی، بۆ کەناڵی "ABC" باسی لە دروستکردنی دیواری نێوان مەکسیک و ئەمریکا کرد و گوتی: "مەکسیک دەبێت سەدا سەدی پارەی دیوارەکە بدات".