Mazın Asad,Abdullah Shukur
27 کانوونی دووەم 2017•نوێکردنەوە: 29 کانوونی دووەم 2017
ئەنقەرە
بەھۆی پێداگری ھێزەکانی سوپای تورکیا لە ئۆپەراسیۆنەکەی سەر شارۆچکەی ئەلباب لە باکووری سووریا، ئۆمێدی تیرۆریستانی داعش شکاوە و رێکخراوەکە ئامادەکاریی بۆ کشانەوە لە ئەلباب دەکات.
بەپێی ئەو زانیارییانەی لە سەرچاوەی ئەمنییەکانی تورکیا دەست کەوتوون، سەرەڕای ئەوەی بەشێکی زۆری خەڵکی سڤیل توانیان خۆیان لە ھەڕەشەی تیرۆریستانی داعش لە شارۆچکەی ئەلباب رزگار بکەن و کۆچ بکەن، بەڵام ھێشتا نزیکەی ١٥ تا ١٨ ھەزار کەس لە ناوچەکە ماون. ھاوکات تیرۆریستانی داعش رێگری لە دەرچوونی خەڵکی سڤیل لە شارۆچکەکە دەکەن و دەیانەوێت خەڵکەکە وەک قەڵغانێک بەکار بھێنن و لە شارەکەدا بیان ھێلنەوە.
لەم چوارچێوەیەدا بۆ دواجار حەوت خێزان لە عەشیرەتی جەنجاە، قادری، شینابی و سیلۆ لەکاتی ھەڵاتنیان لە ئەلباب بە ئۆتۆمبێلی پیکاب، تیرۆریستانی داعش دەستدرێژی گوللەیان کردە سەریان و بەھۆیەوە ١٨ ھاووڵاتی سڤیل کوژران و زۆربەشیان بریندار بوون.
تیرۆریستانی داعش باڵەخانەکانی ئەلباب وەک کۆگای چەک، بارەگا و شوێنی حەشارگە بەکاردەھێنن و بە کردارییەکانیان ھەڕەشە لەسەر ھاووڵاتییە بێتاوانەکانی ئەو شارۆچکەیە دروست دەکەن.
خزمەتگوزاری ئاو، کارەبا و ھەڵومەرجی ژیان لە شارۆچکەکە پەکی کەوتووە و نەخۆشخانەکانیش وەک پێویست خزمەتگوزاری بە نەخۆشەکان پێشکەش ناکات و بەو ھۆیەوە جاروبار تەنانەت ھەندێک نەخۆشی ئاسایی بەھۆی نەبوونی خزمەتگوزارییەوە گیان لەدەست دەدەن.
رێکخراوی تیرۆریستی داعش بە مەبەستی بەھێزکردنی ھێڵی بەرگریکردن لە ئەلباب، کردەکانی وەک ھەڵکەندنی خەندەق، جێگیرکردنی مین و بۆمبی چێندراو و بۆسە لە ناوچەکانی باکوور، رۆژئاوا و باکووری رۆژئاوای شارۆچکەکە ئەنجام دەدات.
لە لایەکی دیکەش ژمارەیەکی زۆری مین لە گەڕەکەکانی زەمزەم، فاتیمە ئەلزەھرا، سەنتەر، ئەلسانی و گۆڕەپانی حوریەت، عەسفور و ئەلرەھیب چێنراوە.
-دۆخی سەربازیی داعش لە ئەلباب
لەم چەند رۆژەی کۆتایی چاودێری ئەوە دەکرێ کە ژمارەی چەکدارانی داعشی بە رەگەز تونسی لە ئەلباب زیادیکردووە. رێکخراوی تیرۆریستی داعش گشت بارەگا و ناوەندەکانی بۆ ناوچەی تەدیف گواستووەتەوە. ئەوەش دەبینرێت کە داعش بە زۆری مۆتۆرسکیل بە مەبەستی گواستنەوە بەکاردەھێنێت. پێشبینی ئەوەش دەکرێ ئەمەش بەمەبەستی خۆشاردنەوە لە فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکان ئەنجام بدەن.
راشگەیەنرا کە ژمارەیەکی کەمی چەکدارانی داعش لە ناوچەی بیزا بوونیان ھەیە و بەم پێیەش چەکدارانی ئەو رێکخراوە شوێنی ئامادەکردنی ئۆتۆمبێڵی بۆمبرێژکراوی بۆ ناوچەیەکی نەزانراو لەو شارە گواستووەتەوە و نووسینگەی پۆستەی شارەکەش وەک بارەگا لە لایەن چەکدارانی داعشەوە بەکاردەھێنرێت.
لە لایەکی دیکەش بە پێی ئەو زانیارییانەی کە لە ناوچەی قەبەسینەوە دەستکەوتوون، ئەو چەکدارانەی داعش کە کاری چاندنی بۆمبیان لە نێو شارەکە ئەنجامداوە، لە ھێرشە ئاسمانییەکاندا کوژراون، بەم پێیەش نەتوانراوە ئەو نەخشەیە بدۆزرێتەوە کە شوێنی چاندنی بۆمبەکانیان لێ دەستنیشانکراوە. بەم ھۆیەش بەشێکی چەکدارانی تیرۆریستی داعش گیریان خواردووە و بەشێکیشیانیش بەھۆی ئەو بۆمبە چێنراوانەوە کوژراون.
بەھۆی پێداگری ھێزەکانی سوپای تورکیا لە ئۆپەراسیۆنەکەی سەر شارۆچکەی ئەلباب لە باکووری سووریا، ئۆمێدی تیرۆریستانی داعش شکاوە و رێکخراوەکە ئامادەکاریی بۆ کشانەوە لە ئەلباب دەکات.