Gülşen Topçu,Mücahit Aydemir
22 شوبات 2021•نوێکردنەوە: 23 شوبات 2021
تەرابلوس- AA
گرتەی ڤیدیۆیی ئەو پەلامارە چەکدارییە بڵاوبووەتەوە کە کرایە سەر کاروانی ئۆتۆمبێلەکانی وەزیری ناوخۆی لیبیا، فەتحی باشئاغا.
پەلامارەکە لە میانی گەڕانەوەی باشئاغا بۆ ماڵەکەی خۆی لە تەرابلوس-ی پایتەخت روویدا و لە گرتەکەدا، وەرگەڕانی ئۆتۆمبێلێکی پیک ئەپی یەکەی پشتیوانی لە ئاسایش و سەقامگیری سەربە حکومەتی لیبیا دەردەکەوێت کە چەند خزمێکی وەزیری ناوخۆی لیبیا-ی تیادابووە و دەنگی تەقەش دەبیسترێت.
پەرلەمانتاری لیبیا، عەلی ئەبو زریبە لە لێدوانێکیدا بۆ پەیامنێری ئاژانسی ئانادۆڵو ئەوەی ئاشکرا کرد کە خزمێکی باشئاغا بە ناوی رەزوان هەنقاری بەهۆی وەرگەڕانی ئۆتۆمبێلەکەوە گیانی لەدەستداوە و دوو سەرنشینی دیکەی ئۆتۆمبێلەکەش بەسەختی برینداربوون.
عەلی ئەبو زریبە، وەزیری ناوخۆی وڵاتەکەی و پاسەوانەکانی بە بوون بە هۆکاری وەرگەڕانی ئۆتۆمبێلەکە تۆمەتبار کرد.
وەزارەتی ناوخۆی لیبیا، دەربارەی ئەم تۆمەتانەی عەلی ئەبو زریبە هیچ راگەیەنراوێکی بڵاونەکردەوە.
لە لایەکی دیکەشەوە یەکەی پشتیوانی لە ئاسایش و سەقامگیری، رەتی کردەوە هێرشی چەکداری بۆسەر وەزیری ناوخۆی لیبیا ئەنجامدرابێت.
یەکەی پشتیوانی لە ئاسایش و سەقامگیری لە راگەیەندراوێکدا ئەوەی خستووەتەڕوو کە ئۆتۆمبێلەکەی یەکەی پشتیوانی لە ئاسایش و سەقامگیری لە میانی گەڕانەوەی لە ئەرکێک بە کاروانی ئۆتۆمبێلەکانی باشئاغا گەیشتووە و پاسەوانەکانی وەزیری ناوخۆ بەناهەق تەقەیان لە ئۆتۆمبێلەکە کردووە.
ئەمە لە کاتێکدایە کە وەزارەتی ناوخۆی لیبیا لە راگەیەندراوێکدا ئەوەی خستووەتەڕوو کە رۆژی ٢١ی شوبات، کاتژمێر سێی پاشنیوەڕۆ بە کاتی تەرابلوس، پەلامارێکی چەکداری قورس بۆسەر کاروانی ئۆتۆمبێلەکانی وەزیری ناوخۆ، فەتحی باشئاغا ئەنجامدراوە و پەلاماردەرەکان لە ئۆتۆمبێلێکی پیک ئەپەوە دەستڕێژی گولـلەیان کردووە.