Zana Natık Kerem
22 شوبات 2021•نوێکردنەوە: 23 شوبات 2021
ھەولێر ــ AA
سوپای عێراق سەبارەت بە زیادکردنی ژمارەی ھێزەکانی ناتۆ لە عێراق رایگەیاند کە تا ئێستا ھیچ ژمارەیەکی ورد و دروست لەوبارەیەوە نییە و ئاماژە بەوەیش دەکات کە ئەرکی ھاوپەیمانیی نێودەوڵەتی دژبە داعش، تەنھا ئەنجامدانی ھێرشی ئاسمانییە.
لەمبارەیەوە گوتەبێژی فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە ھاوبەشەکانی عێراق، لیوا تەحسین خەفاجی لە لێدوانێکی رۆژنامەوانییدا گوتی: "ئەرکی ھێزەکانی ناتۆ لە عێراق، تایبەتە بە مەشق و راھێنان بە ھێزەکانی عێراق".
لیوا تەحسین خەفاجی گوتیشی: "ئەرکی ھاوپەیمانیی نێودەوڵەتی دژبە داعش، تەنھا ئەنجامدانی ھێرشی ئاسمانییە".
سەبارەت بە دەنگۆی زیادبوونی ژمارەی ھێزەکانی ناتۆ لە عێراق تەحسین خەفاجی گوتی: "ھیشتا زووە قسە لەسەر ئەو پرسە بکرێت، چونکە تا ئێستا ژمارەیەکی ورد و دروست لەبارەی زیادکردنی ھێزەکانی ناتۆ لە عێراق، نییە".
رۆژی پێنجشەممەی هەفتەی رابردوو، سکرتێری گشتیی ناتۆ، یانس ستۆڵتنبێرگ رایگەیاندبوو کە ژمارەی سەربازەکانیان لە عێراق بۆ چوار ھەزار سەرباز زیاد دەکەن.
لای خۆیەوە ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لە فراکسیۆنی ھاوپەیمانیی فەتح، نەعیم عەبودی رایگەیاند کە زیادکردنی ژمارەی ھێزەکانی ناتۆ لە عێراق رەت دەکەنەوە.
نەعیم عەبودی لە لێدوانێکی رۆژنامەوانییدا گوتی: "زیادکردنی ھێزەکانی ناتۆ لە عێراق، رەت دەکەینەوە و ھاوپەیمانیی فەتح ئاگاداری نیازی حکوومەت نییە سەبارەت بە زیادکردنی ژمارەی ھێزەکانی ناتۆ لە عێراق".
ئەو ئەندامەی ھاوپەیمانیی فەتح ئاماژەی بەوەیشداوە کە زیادکردنی ھێزەکانی ناتۆ لە عێراق، دەبێتە ھۆی زیادبوونی رۆڵی ئەمریکا لە عێراق و گوتی:
"لە ئەنجوومەنی نوێنەران رێگە بە زیادکردنی ھێزەکانی ناتۆ لە عێراق نادرێت".