سياسەت, عێراق

فازڵ میرانی: "عەمار حەکیم دەستپێشخەری پێکهێنانی هاوپەیمانێتی دوای هەڵبژاردنی داوەتە دەستمان"

سکرتێری مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان، فازڵ میرانی: "حەقیقەتی پەیوەندییەکانی پارتی و یەکێتی بەو جۆرەیە، نە ئەوەندە باشە کە ئێمە دەمانەوێت نە ئەوەندە خراپە کە ناحەزانی ئێمە دەیانەوێت".

Hawkar Yaseen M Amin Mohammed Amin  | 21.02.2021 - نوێکردنەوە : 23.02.2021
فازڵ میرانی: "عەمار حەکیم دەستپێشخەری پێکهێنانی هاوپەیمانێتی دوای هەڵبژاردنی داوەتە دەستمان"

Arbil

هەولێر AA

سکرتێری مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان، فازڵ میرانی رایگه‌یاند: "حەقیقەتی پەیوەندییەکانی پارتی و یەکێتی بەو جۆرەیە، نە ئەوەندە باشە کە ئێمە دەمانەوێت نە ئەوەندە خراپە کە ناحەزانی ئێمە دەیانەوێت".

فازڵ میرانی لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا لە هەولێر ئامانجی سەردانەکەی سەرۆکی رەوتی حیکمەی نیشتمانیی، عەمار حەکیمی بۆ هەرێمی کوردستان ئاشکراکرد و رایگەیاند، عەمار حەکیم بۆ گەیاندنی دەستپیشخەرییەک بۆ پێکهێنانی هاوپەیمانێتییەک لەدوای هەڵبژاردن لە هەرێمی کوردستانە.

میرانی رایگەیاند: "عەمار حەکیم دەستپێشخەرییەکی هێناوەتە لای ئێمە دەیەوێت زۆرینەی شیعە، زۆرینەی سوننە و زۆرینەی کورد هاوپەیمانێتییەک ببەستن بۆئەوەی پێش پێکهێنانی حکوومەت لەدوای هەڵبژاردن کێشە و گرفت لە عیراق دروست نەبێت، ئێمە پێمان وایە شتێکی باشە نەک هاوپەیمانێتییەک بێت پێکهاتەیەک وەلابنێت، پێمان باشە بۆئەوەی رێگەبگرێت لە کێشەکانی دوای هەڵبژاردن".

دەربارەی وەڵامی کورد و پارتیش بۆ دەستپێشخەرییەکە، سکرتێری مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان رایگەیاند: "ئێمە جارێ وەڵاممان نابێت لەگەڵ یەکێتی و گۆڕان و حیزبەکانی دیکەش قسە دەکەین، خۆشمان لەگەڵ خۆمان قسە دەکەین پاشان وەڵامیان دەدەینەوە".

دەربارەی دۆخی پەیوەندییەکانی نێوان هەولێر و بەغدا و رێککەوتنی نێوانیان، فازڵ میرانی رایگەیاند: "پێمانوایە بگەنە رێککەوتن باشترە لە رێکنەکەوتن، هیچ بیانویەک نییە کە نەگەنە رێککەوتن مەگەر تەنیا لەو دۆخەدا نەبێت ئەو برادەرانەی بەغدا بە چاوێکی گەورە خۆیان ببینن کە گەورە نیین و بەچاوێکی کەمیش سەیری کورد و کوردستان بکەن کە کەم نیین".

میرانی دەربارەی دۆخی پەیوەندییەکانی نێوان یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و پارتی دیموکراتی کوردستانیش رایگەیاند: "پەیوەندیمان هەیە بەو جۆرە نییە کە یەکجار خەڵکێک دەیبینێت یان خەڵکێک حەز دەکات وابێت، حەقیقەتی پەیوەندییەکانمان بەوجۆرەیە نە ئەوەندە باشە کە ئێمە دەمانەوێت نە ئەوەندە خراپە کە ناحەزانی ئێمە دەیانەوێت".

لەبارەی لامەرکەزییەتی ئیداری و دارایی لە سلێمانی و وەڵامی پارتی بۆ ئەو داواکارییە، سکرتێری مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان رایگەیاند: "لامەرکەزی هی سلێمانی نییە لامەرکەزی هی کوردستانە، ئەبێت ئێمە پێکەوە دابنیشین لامەرکەزییەت لە بەرنامەی حکومەتدا هاتووە بەڵام شێوەکەی ئێمە چاوەڕێ دەکەین لیژنەیەکی یاسایی لە هەموو لایەنەکان به‌و پرۆژەیەدا بچنەوە و دایبڕێژنەوە، لامەرکەزییەت بۆچوونی جیاوازی لەسەرە ئایا لامەرکەزییەتی داراییە یان ئیداریی یان فیدراڵییە لەنێو فیدراڵییەکدا ئەمە روونکردنەوەی دەوێت و دانیشتنی دەوێت، ئەمەش بە تەنیا بە خواستی حزب و دوو حزب یان یەکێتیی و پارتی نابێت بەڵکو بە خواستی خەڵک دەبێت خۆ ئەم وڵاتە بەتەنیا هی یەکێتیی و پارتی نییە، ئەی پێکهاتەکانی دیکە ئەی حیزبەکانی دیکە، ئەی بڕیاری پەرلەمان".

بۆ خوێندنەوەی درێژەی ئەم هەواڵە و هەواڵەکانی دیکەی ئاژانسی ئانادۆڵو، ببە بە ئابۆنەی ئاژانسی ئانادۆڵو و کلیک لەسەر ئەم بەستەرە بکەن
بابه‌ته‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان
Bu haberi paylaşın