Seyit Aydoğan,Mazın Asad
04 نیسان 2018•نوێکردنەوە: 05 نیسان 2018
ئۆتاوا - AA
نوێنەری تایبەتی سەرۆکوەزیرانی کەنەدا، جەستن ترودۆ بۆ کاروباری میانمار، رۆب رای راپۆرتی کۆتایی لەبارەی نزیکەی ٧٠٠ ھەزار موسڵمانی ئاراکان بڵاوکردەوە کە پەنایان بردووەتە بەر بەنگلادیش و ھۆشداری ئەوەی دا کە ھەندێک لە پەنابەرەکان رەنگە رووبەڕووی نەخۆشی کوشندە ببنەوە.
راپۆرتەکەی رۆب رای لەبارەی پەنابەرانی رۆھینگیا لە بەنگلادیش لە ماڵپەری فەرمی وەزارەتی دەرەوەی کەنەدا بڵاو کرایەوە کە لە ٣٩ لاپەرە پێکدێت و رووداوەکانی میانماری بە شێوەیەکی فراوان باس کردووە.
راپۆرتەکە لە ژێرناو نیشانی "بەوان بڵێن ئێمە مرۆڤین/کەنەدا و جیھان لەبارەی قەیرانی رۆھینگیا دەتوانن چی بکەن؟" بڵاوکرایەوە کە رۆب رای تیایدا رایگەیاندووە، پێویستە کەنەدا رۆڵی سەرکردایەتی بگێڕێت لە قەیرانی موسڵمانانی رۆھینگیا.
نوێنەری تایبەتی سەرۆکوەزیرانی کەنەدا بۆ کاروباری میانمار سوپاسی حکوومەتی بەنگلادیشی کردووە بۆ ھاوکاریکردنی پەنابەران و رایگەیاندووە، ١٠٠ ھەزار موسڵمانی رۆھینگیا لە شاری بۆب رای و کۆکس بازار لە بەنگلادیش مەترسی مردن و تووشبوون بە نەخۆشی کوشندەیان لەسەرە و بەو ھۆیەوە بە پێویستی زانی شوێنی بەرفراوانیان بۆ دابین بکرێت.
راشیگەیاندووە بە ھۆی نزیکبوونەوەی وەرزی هاوین و بارانبارینی وەرزی لە ناوچەکەدا لافاو و رووچوونی زەوی دروست دەبێت و بە خواردانەوەی ئاوی پیس لەکاتی ئەو رووداوانەدا رەنگە پەنابەران دووچاری نەخۆشی کوشندە یاخود مردن ببنەوە.
رۆب رای لە راپۆرتەکەیدا ١٧ پێشنیازی کردووە و داوای لە حکوومەتی کەنەدا کردووە پەرە بە پلانێکی بەرفراوانی دارایی بۆ پەنابەرانی رۆھینگیا بدات و پلانەکەشی بەسەر چوار ساڵ دابەشکردووە کە بۆ ھەر ساڵێک پێشبینی ١٥٠ ملیۆن دۆلاری بۆ ئەو مەبەستە کردووە.