Ramal Mahmood
08 ئەیلوول 2016•نوێکردنەوە: 09 ئەیلوول 2016
ئۆتاوا - AA
تا کۆتایی ئەمساڵ کەنەدا شەش هەزار کۆچبەری دیکەی سووریا وەردەگرێت
وەزیری هاونیشتیمانی بوون و کۆچی کەنەدا، جۆن مالکۆڵم رایگەیاند کە لەسەرانسەری وڵات رێکخراوەکانی کۆمەڵگای مەدەنی پەیوەندیدار بەو بابەتە بەگەرموگوڕییەوە پێشوازی دەکەن لە هاتنی پەنابەری نوێ.
لەمیانی دانانی "پلانی نیشتەجێکردنی هاوبەشانە" لە شارەوانی چانتام-کینت لە ویلایەتی ئۆنتاریۆ، مالکۆڵم رایگەیاند کە ئەو کەسانەی فۆرمی "کۆمەڵگای میواندۆست"یان پڕکردۆتەوە وەردەگیرێن و گوتی: "شارەوانی چانتام-کینت لەگەڵ رێکخراوەکانی خزمەتگوزاری بەرنامەی هاوکاری نیشتەجێکردنی لەندەن و ویندسۆر کاردەکات، بۆ ئەوەی ژیانێکی شیاو بۆ ئەو کەسانە فەراهەم بکات کە کۆچ دەکەن بۆ کەنەدا".
ناوبراو ئاماژەی بەوەش دا کە بەمەبەستی وەرگرتنی شەش هەزار کۆچبەری سووری دەستیان کردووە بە ئامادەکاری پێویست. باسی لەوەش کرد کە هەندێک خێزان ساز و ئامادەن بۆ ئەوەی رووبکەنە وڵاتەکەی و گوتی: "لە دوای هەفتەی دووەمی ئەم مانگەوە دەست بە هاتنی کۆچبەران دەکرێت. بەشێکیان بە ناوی دەوڵەتەوە، بەشێکی دیکەشیان لەسەر خەرجی خۆیان دێنە کەنەدا". سەرنجی بۆ ئەوەش راکێشا کە پرۆسەی هاتنی ئەو ژمارە کۆچبەرە تا کۆتایی ساڵ تەواو دەبێت.
کەنەدا، لە کۆتایی مانگەکانی ساڵی رابردووەوە تاکو مانگی ئاداری ئەمساڵ پتر لە ٢٥ هەزار کۆچبەری سووری وەرگرتووە.