Zana Natık Kerem
15 تشرینی یەکەم 2018•نوێکردنەوە: 16 تشرینی یەکەم 2018
قودس ــ AA
سوپای ئیسرائیل لەمیانی ھەڵمەتێکدا کە شەوی رابردوو لە کەناری رۆژئاوا ئەنجامیداوە، ٢٢ ھاووڵاتی فەڵەستینی دەستگیرکردووە.
ناوە ناوە سوپای ئیسرائیل لە کاتەکانی شەودا، ھەڵمەت لە کەناری رۆژئاوا ئەنجامدەدات و بەتۆمەتی جۆراوجۆر ھاووڵاتییانی فەڵەستینی دەستگیر دەکات.
لە راگەیاندراوێکدا سوپای ئیسرائیل بانگەشەی ئەوەی کردووە کە ئەو ٢٢ ھاووڵاتییە فەڵەستینییەی بە گومانی تێوەگلان لە ئەنجامدانی چالاکی تیرۆریستی لە کەناری رۆژئاوا دەستگیرکردووە.
سوپای ئیسرائیل لە راگەیاندراوەکەدا باسی لەوەشکردووە کە دەستگیرکراوەکان بە مەبەستی لێکۆڵینەوە رەوانەی بنکەکانی ئەمنی کراون.
بە پێی داتاکانی فەڵەستین، ژمارەی بەندکراوانی فەڵەستینی لە گرتووخانەکانی ئیسرائیلدا، گەیشتووەتە شەش ھەزار و ٥٠٠ کەس کە لە نێویاندا، ٣٥٠ منداڵ، ٦٢ ئافرەت ھەروەھا شەش ئەندامی ئەنجوومەنی یاسادانانی فەڵەستین ھەیە، ھەروەھا لەو ژمارەیە ٥٠٠ بەندکراو بە دەستگیرکردنی کارگێڕی بە بێ دادگاییکردن بەندکراون، جگە لەوەش ھەزار و ٨٠٠ یان نەخۆشن، کە ٧٠٠یان پێویستیان بە چارەسەری بەپەلەی پزیشکی ھەیە.