Abdullah Shukur
14 تشرینی یەکەم 2018•نوێکردنەوە: 15 تشرینی یەکەم 2018
ریاز - AA
سعوودیە گشت ئەو ھەڕەشانەی کە بە گوشاری سیاسی و گەمارۆی ئابووری دەخرێتە سەریان رەتکردەوە و راشیگەیاند کە بە زیادەوە وەڵامی ھەر سزایەک دەدەنەوە کە دەخرێتە سەریان.
بەپێی ھەواڵێکی ئاژانسی SPAی سعوودی کە پشتی بە گوتەی بەرپرسێکی سعوودی بەستووە، راگەیەنرا کە سعوودیە گشت ئەو ھەرەشانەی کە بە گوشاری سیاسی و گەمارۆی ئابووری دەخرێتە سەریان رەتدەکاتەوە.
ھەر بە پێی ھەواڵەکە ئەو بەرپرسە سعوودیە راشیگەیاندووە، وڵاتەکەی خاوەنی رۆڵی سەرەکییە لەبارەی کاریگەری سعوودیە لەسەر ئابووری جیھانی.
ئەو بەرپرسە سعوودیە ئاماژەی بەوەشداوە کە تا کاریگەری نەکەوێتە سەر ئابووری جیھانی ئەوا ئابووری سعوودیە ھیچ کاریگەرێکی ناکەوێتە سەر و راشیگەیاندووە کە بە زیادەوە وەڵامی ھەر گەمارۆ و سزایەک دەدەنەوە کە دەخرێتە سەریان.
دوێنێ سەرۆکی ئەمریکا، دۆناڵد ترەمپ رایگەیاندبوو، کە لێکۆڵینەوەکانیان لەبارەی چارەنووسی رۆژنامەنووسی سعوودی، جەمال خاشقچی تا کۆتایی بەردەوام دەبێت گوتی: "ئەو کەسەی باسی لێوە دەکەین، رۆژنامەنووسێکە. ئەگەر دۆخەکە وەک ئەوە بێت کە باسی لێوە دەکرێت، ئەوا زۆر خراپ و قێزەونە. تا کۆتایی لەگەڵ ئەم بابەتە دەڕۆین و ئەمە سزای توندی لەسەر دەبێت".
رۆژنامەنووسی سعوودی و نووسەر لە رۆژنامەی واشنتۆن پۆستی ئەمریکی، جەمال خاشقچی، کە رۆڵی گەورەی لە رۆژنامەی وەتەندا ھەبووە، ھەروەھا سەکۆیەکی گرنگی ریفۆرمخوازە سعوودییەکان بووە و وەک یەکێک لە کاریگەرترین رۆژنامەنووسەکانی رۆژھەڵاتی ناوەڕاست دەناسرێت، رۆژی دووی تشرینی یەکەم سەردانی کۆنسوڵخانەی سعوودیەی لە ئیستانبوڵ کرد و لەو کاتەوە تا ئێستا بێسەروشوێنە.