Ramal Mahmood
26 تشرینی یەکەم 2016•نوێکردنەوە: 26 تشرینی یەکەم 2016
دیاربەکر - AA
- سەرۆکایەتی داواکاری گشتیی دیاربەکر لەبارەی دەستگیرکردنی سەرۆکی شارەوانی گەورەشاری دیاربەکر، گوڵتان کشاناک و ئەندامی ئەنجوومەنی بەدەپە فڕات ئانڵی راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە.
- لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە، کە کشاناک بەتۆمەتی "ئەندامێتی لە رێکخراوی تیرۆریستی و داواکاری خۆسەری دیموکراتی و لاینگری رێکخراوی تیرۆریستی لە قسەکانیدا"، هەروەها ئانڵی بە تۆمەتی "ئامێر و ئۆتۆمبێلەکانی شارەوانی بەکارهێناون بۆ درووستکردنی گۆڕستان بۆ تیرۆریستان و بەمجۆرەش داهاتی گشتیی بەکار هێناوە" دەستگیرکراون.
سەرۆکایەتی داواکاری گشتیی دیاربەکر لەبارەی دەستگیرکردنی سەرۆکی شارەوانی گەورەشاری دیاربەکر، گوڵتان کشاناک و ئەندامی ئەنجوومەنی بەدەپە فڕات ئانڵی راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە.
لە راگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوە دراوە کە لێپرسینەوە کە کشاناک و ئانڵی بەردەوامە، دەستگیرکردنیشیانی بە یاسایی زانیووە. راگەیەندراوەکە ئاماژەی بەوە داوە کە لە چوارچێوەی "ئەندامێتی لە رێکخراوی تیرۆریستی چەکدار" لێپرسینەوە بەردەوامە، ئەوەیشی خستووەتە روو کە کشاناک "خۆسەری دیموکراتی" راگەیاندووە، بەشداری لە کۆنگرەی کۆمەڵگای دیموکراتی کردووە و بە سیفەتی ئەندامێکی ئاسایی وەک لایەنگری ئەو رێکخراوە قسەی کردووە.
لە راگەیاندراوەکەدا هاتووە: "زانراوە کە بەشداری لە چالاکییەکانی نەورۆزدا کردووە کە بەڕێنمایی و ئاراستەکردن و لەسەر داواکاری رێکخراوی تیرۆریستی پەکەکە ئەم چالاکییانە ئەنجامدراون و لە قسەکانیدا لایەنگری بۆ ئەو رێکخراوە کردووە و داوای خۆسەری کردووە. ئەو ئۆتۆمبێلانەی بە فەرمی لەسەر ناوی شارەوانین بۆ گواستنەوەی تەرمی چەکدارانی رێکخراوی تیرۆریستی بەکاری هێناون، بەشداری کردووە لە خۆپێشاندان و کۆبوونەوەی نایاسایی، لایەنگری رێکخراوەکەی کردووە بەوەی رووداوە توندوتیژییەکانی بەڕەوا زانیووە و بەشداری لەچالاکییەکان کردووە و دوای خستنەڕووی بەڵگە کۆکراوەکان بەپێی پێویست، کشاناک دەستگیر کراوە".
راگەیەندراوەکە لەبارەی ئانڵیەوە ئاماژەی بەوە داوە، کە بە تۆمەتی "پێشێلکردنی سەروەری وڵات و جیاکردنەوەی بەشێکی خاکی وڵات و دانانی ئیدارەی دەوڵەت" لێپرسیەنەوە لەگەڵی دەستی پێکردووە. تیشک خراوەتە سەر ئەوەی ئۆتۆمبێلەکانی شارەوانی بەکارهێناون بۆ درووستکردنی گۆڕستان بۆ تیرۆریستان و بەمجۆرەش موڵکی گشتیی بەکار هێناوە، هەروەها تێیدا هاتووە: "رێنمایی وەرگرتووە لە چەکدارانی رێکخراوی تیرۆریستی پەکەکە لە شارۆچکەی دیجلە. لە ساڵی ٢٠١٤ لەگەڵ شەهیدکردنی سەربازێک لەناو چالاکییەکە هەوڵی تێکدانی یەکپارچەیی خاکی وڵاتی داوە و لە دەرەوەی یاسا خۆسەری راگەیاندووە، بەمەبەستی درووستکردنی گۆڕستان بۆ ئەندامانی رێکخراوی تیرۆریستی کە بە قسەی ئەوان گۆڕستانی شەهیدانە ئۆتۆمبێل و ئامێرەکانی شارەوانی بەکارهێناون بەمجۆرەش داهاتی گشتیی بەکارهێناوە. بەشداری کردووە لە خۆپێشاندان و کۆبوونەوەی نایاسایی، پارێزگاری لە ئەندامانی رێکخراوەکە کردووە کە بەقسەی ئەوان شەهیدن، رووداوە توندوتیژییەکانی بەڕەوا زانیووە و بەشداری لەچالاکییەکان کردووە و دوای خستنەڕووی بەڵگە کۆکراوەکان بەپێی پێویست، کشاناک دەستگیر کرا".
هەروەها راگەیەندراوەکە ئاماژەی بەوەشداوە لە میانی لێپرسینەوە لە هەردوو دەستگیرکراوەکە، بڕیاری دادگا وەرگیراوە بۆ پشکنین و دەستبەسەرداگرتنی هەموو کەلوپەلە پەیوەندیدارەکان.