Sarmand Hameed
04 کانوونی دووەم 2019•نوێکردنەوە: 05 کانوونی دووەم 2019
غەززە - AA
لە ئاکامی تەقەی سەربازانی ئیسرائیلی بەڕووی خۆپیشاندەرانی فەڵەستینی لە میانی بەشدارییکردنیان لە رێپێوانەکانی گەڕانەوەی گەورە لە سنووری ئەمنی نێوان باکووری کەرتی غەززە و ئیسرائیل، ٢٠ کەس برینداربوون.
گوتەبێژی وەزارەتی تەندروستی فەڵەستین لە کەرتی غەززە، ئەشرەف قودرە لە لێدوانێکدا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو رایگەیاند کە ١٥ لە بریندارەکان بە فیشەک بریندارکراون و پێنج کەسی دیکەش کە کارمەندی تەندروستین بە گازی فرمێشکڕێژ برینداربوونە.
وەزارەتی تەندروستی فەڵەستین لە کەرتی غەززە لە بەیاننامەیەکدا کە کۆپییەکی گەیشتووەتە ئاژانسی ئانادۆڵو تیایدا ئیدانەی پەلاماردانی هێزەکانی داگیرکەری ئیسرائیلی کردووە دژ بە کارمەندانی تەندروستی.
ئەمڕۆ ھەینی بەمەبەستی بەشداریکردن لە رێپێوانەکانی گەڕانەوەى گەورە، هەزاران فەڵەستینی روویان لەو خیوتانە کرد کە بە درێژایی سنووری نێوان رۆژھەڵاتی غەززە و ئیسرائیل ھەڵدراون.
سوپای ئیسرائیل ئەو رێپێوانە کە بە ئاشتی بەڕێوەدەچێت سەرکوت دەکات و بە ھۆیەوە تاکو ئێستا دەیان ھاووڵاتی فەڵەستینی کوژراون و بریندارکراون.