Sarmand Hameed
04 کانوونی دووەم 2019•نوێکردنەوە: 05 کانوونی دووەم 2019
واشنتۆن - AA
وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا رایگەیاند کە هەفتەی داهاتوو وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، مایک پۆمپیۆ گەشتێک بۆ رۆژهەڵاتی ناوەڕاست ئەنجام دەدات و یەکێک لەو وڵاتانەی کە سەردانی دەکات سعوودیە دەبێت و لە میانیدا تاوتوێی دوایین پێشهاتەکانی دۆسیەی کوشتنی رۆژنامەنووس، جەمال خاشقچی دەکات.
لە بەیاننامەیەکدا وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا کە کەناڵی حوڕەی ئەمریکی بڵاوی کردووەتەوە، تیایدا روونکراوەتەوە کە گەشتەکەی پۆمپیۆ هەریەک لە وڵاتانی ئوردن، قەتەر، ئیمارات، میسر، بەحرێن، عوممان و کوێت دەگرێتەوە.
راشگەیەنراوە کە پۆمپیۆ لە ٨ی کانوونی دووەم بە سەردانیکردنی ئوردن دەست بە گەشتەی دەکات و لە ١٥ی هەمان مانگ بە سەردانیکردنی کوێت کۆتایی بە گەشتەکەی دەهێنێت.
بەپێی راگەیەنراوەکە، بڕیارە وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لە سەردانەکەیدا بۆ ریاز تاوتوێی دوایین پێشهاتەکانی دۆسیەی کوشتنی رۆژنامەنووس جەمال خاشقچی بکات کە سێ مانگ لەمەوبەر لە ناو کۆنسولخانەی سعوودیە لە ئیستانبوڵ کوژرا.
رۆژی پێنجشەممەی رابردوو، داواکاری گشتی سعوودیە رایگەیاند یەکەمین دانیشتنی دادگاییکردنی تۆمەتبارانی گوشتنی خاشقچی کراوە، بەڵام نەتەوە یەکگرتووەکان رایگەیاند کە دادگاییکردنە بەس نییە و جارێکی دیکە داوای کرد کە لێکۆڵینەوەیەکی شەفاف و گشتگیر لەسەر دۆسیەکە ئەنجام بدرێت.
گەشتەکەی پۆمپیۆ بۆ ناوچەکە دوای دوو هەفتە دێت لە بڕیاری سەرۆکی ئەمریکا، دۆناڵد ترەمپ بۆ کشانەوەی هێزەکانی وڵاتەکەی لە سووریا.