Muhammet Ali Kemal
01 کانوونی یەکەم 2015•نوێکردنەوە: 02 کانوونی یەکەم 2015
سەركۆماری توركیا رەجەب تەیب ئەردۆغان وێڕای ئاماژەدان بەوەی كە لە كۆبوونەوەكەیدا لەگەڵ باراك ئۆباما تاوتوێی دوایین پێشهاتەكانی نێوان توركیا و رووسیایان كردووە، رایگەیاند ''خەمی ئێستامان ئەوەیە چۆن ئەم كارە لەچوارچێوەی دیپلۆماسی و گوتاردا بتوانین بگەیەنینە ئەنجام. لەبەرئەوەی گرژییەكانی ناوچەكە، ئێمە دڵتەنگ دەكات''.
ئەردۆغان لەدوای كۆبوونەوەی لەگەڵ سەرۆكی ئەمریكا باراك ئۆباما لە پاریس، روونكردنەوەیەكی كورتی دا.
رەجەب تەیب ئەردۆغان جەختی لەوە كردەوە كە بابەتی سەرەكی كۆبوونەوەكە بریتی بووە لە بەرەنگاربوونەوەی هاوبەشی رێكخراوی تیرۆریستی داعش لە ناوچەكە و ئەوان وەك وڵاتانی ئەندامی هاوپەیمانێتییەكە باسی وردەكارییەكانی ئەو بەرەنگاربوونەوانەیان كردووە لە سووریا.
سەركۆماری توركیا وێڕای ئاماژەدان بەوەی كە باسی بەرەوپێشچوونەكانی ئەم دواییەی نێوان توركیا و رووسیایان كردووە، رایگەیاند ''هەڵسەنگاندنێكمان بۆ ئەمە كرد،خەمی ئێستامان ئەوەیە چۆن ئەم كارە لەچوارچێوەی دیپلۆماسی و گوتاردا بتوانین بگەیەنینە ئەنجام. لەبەرئەوەی گرژییەكانی ناوچەكە، ئێمە دڵتەنگ دەكات. زیان لە هەردوو لا دەدات، خەممان ئەوە نییە لەمە بەزیانەوە بێینە دەرەوە، بەپێچەوانەوە بەگۆڕینی بۆ ئاشتی، دەمانەوێت رۆڵمان هەبێت لەپێشكەشكردنی ئاشتیدا بەناوچەكە''.
ئەردۆغان ئاماژەی بەوە كرد كە دۆخی دەسەڵاتی ئێستای سووریا بابەتێكی دیكەی كۆبوونەوەكەیان بووە و گوتی: ''هیوامان ئەوەیە كە ئەوەی كە ناومانناوە پرۆسەی ڤیەننا بە سەركەوتوویی كارەكانی تەواو بكات و بگاتە ئەنجام. ئەو كارانەی كە تا ئێستا بە خۆشحاڵییەوە بەردەوامن باوەڕمان وایە كە ساتێك زووتر دەگاتە ئەنجام و خۆشیی و ئارامییەك بۆ ناوچەكە دەهێنێت''.
سەركۆماری توركیا باسی لەوە كرد كە وەك چوارەم بابەتی كۆبوونەوەكەی نێوان خۆی و ئۆباما باسیان لەدۆخی توركمانەكانی بایربوجاك كردووە و گوتی: ''ئەو شوێنەی توركمانەكانی بایربوجاكی لێیە، ئەو جێگەیە نییە كە داعشی تێدایە. بەڵكو بەپێچەوانەوە ئەو ناوچەیەیە كە هاوڕەگەز و خزمەكانی ئێمەی لێیە. بۆردومانی بەردەوامی ئەو ناوچانە و كوژرانی زیاتر لە ٥٠٠ كەس لەماوەی سێ مانگدا و كوژرانی كەسانی مەدەنی لەم هەفتانەی دواییدا، بەراستی رووداوێكی خەمهێنە لەرووی ئاشتی جیهانییەوە. هیوامان ئەوەیە ئەمانەش بە خێرایی تێپەڕێنین''.
ئەردۆغان و ئۆباما لەدوای تەواوبوونی كۆنگرە رۆژنامەوانییەكان تەوقەیان لەگەڵ رۆژنامەوانان كرد و وێنەیان لەگەڵ گرتن.