هەولێر - AA
دوێنێ شاندی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، بە سەرۆکایەتی نێچیرڤان بارزانی دوای تەواوبوونی دیدار و کۆبوونەوەکانی لەگەڵ بەرپرسانی باڵای ئەڵمانیا لە رێگای دەروازەی ئیبراهیم خەلیل گەیشتەوە هەرێمی کوردستان، ئەمڕۆش دوای کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیران لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، نێچیرڤان بارزانی ئاماژەی بە ناوەڕۆکی سەردانەکە و ناوەڕۆکی کۆبوونەوەی ئەمڕۆی ئەنجوومەنی وەزیران کرد.
لە دەستپێکی قسەکانیدا سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، نێچیرڤان بارزانی سوپاسی وڵاتی ئەڵمانیای کرد بۆ بانگهێشتکردنی شاندی حکوومەتی هەرێم و هاوکارییەکانی ئەو وڵاتە و رایگەیاند کە لە ئەڵمانیا باسی گفتۆگۆیان لەگەڵ بەغدا کردووە لە چوارچێوەی دەستووردا، ئاشکرایشی کرد، ئەڵمانیا و فەڕەنسا هەوڵی چارەسەرکردنی کێشەکان دەدەن.
لە کۆنگرە رۆژنامەوانییەکەدا، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، نێچیرڤان بارزانی گوتی: "دەمەوێت باسی سەفەرەکەی شاندی حکوومەتی هەرێم بکەم کە لە ئەڵمانیا دیدارمان لەگەڵ بەرپرسانی باڵای ئەو وڵاتە ھەبوو. لەم رووەوە سوپاسی ئەڵمانیا دەکەین بۆ بانگھێشتکردنی شاندی ھەرێمی کوردستان لەم کاتەدا، هەروەها سوپاسی ھەموو ئەو ھاوکارییانە دەکەین کە پێشکەش بە ھەرێمی کوردستانیان کردووە، بێگومان ئێمە لەو دانیشتن و کۆبوونەوانەدا گفتوگۆمان لەبارەی چۆنیەتی یارمەتیدانی ئەورووپا بۆ دەستپێکردنی گفتوگۆکانی ھەولێر و بەغدا لە چوارچێوەی دەستوور کرد و هەردوو وڵاتی ئەڵمانیا و فەڕەنسا پێکەوە دەیانەوێت یارمەتیدەری ھەرێمی کوردستان بن بۆ چارەسەرکردنی ئەو کێشانەی کە لە نێوان هەولێر و بەغدا هەیە لە چوارچێوەی دەستووری عێراق".
نێچیرڤان بارزانی گوتیشی: "جەختمان لەوە کردەوە کە ئێمە وەک ھەرێمی کوردستان پابەندین بە دەستووری عێراق و چارەسەرکردنی کێشەکانمان بە پێی دەستوور، ئیحتراممان بۆ بڕیارەکانی دادگای دەستووری ھەیە و خوازیارین کێشەکان لە چوارچێوەی دەستوور چارەسەر بکرێت".
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، نێچیرڤان بارزانی ئاماژەی بەو رووداوانەی چەند رۆژی رابردوو کرد و گوتی:" دەمەوێت باسی تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکەمان بکەم کە بریتیی بوو لەو بارودۆخەی کە ئەمڕۆ لە ھەرێمی کوردستان بە گشتی و ئەو شتانەی لە رۆژانی رابردوو لە پارێزگای سلێمانی روویاندا. سەرەخۆشی لە خانەوادەی ئەو کەسانە دەکەین کە لەم رووداوانەدا گیانییان لەدەستداوە و ھیوای چاکبوونەوە بۆ بریندارەکان دەخوازین. وەکو پرەنسیپ بابەتی خۆپیشاندان مافی ھەر تاکێکە، بەڵام دروستکردنی ئاژاوە و سووتاندنی شوێنی حکوومی و قایمقامیەت و بارەگای حزبەکان، ناکەوێتە چوارچێوەی دەربڕینی داواکاری بۆ مافەکانیان، بێگومان ئەمە دەستێکی تێکدەر ھەیە کە دەیانەوێت ئاراستەی خۆپیشاندەران بە لایەکی دیکەدا ببەن، بۆیە ئێمە لە ھەرێمی کوردستان جددین و رێگانەدەین ئەمە رووبدات. دەزانین تەحریک ھەیە و خەڵک ھەیە پاڵپشتی دەکات تا زیاتر ئاژاوە لە ھەرێمی کوردستان دروست بکات و لەوەش دڵنیاین کە گەلی کوردستان بە گشتی دژی ئەم شتانەیە. ئەمە خرۆشێکی جەماوەری نییە و دەستێکە بۆ تێکدان، بۆیە لەسەر شانی ئێمەیە کە سەقامگیری و ئەمن و ئاسایش دابین بکەین".
نێچیرڤان بارزانی گوتیشی: "ئەگەر سەیر بکەین لە کاتێکدا ئەم شتانە روویاندا کە هێزەکانی عێراق لە بەرەی مەخمور ھەڕەشەیان دەکرد لە ھەمان کاتدا ئەم ئاژاوانە لە سنووری پارێزگای سلێمانی دەستی پێکرد. بۆیە ھەرێمی کوردستان ئەمڕۆ لەبەردەم ھەڕەشەیەکی زۆر جددیدایە، ئێمە دەبێت بە وریاییەوە مامەڵە لەگەڵ خۆمان بکەین، ئەگەر خۆمان یەکڕیز نەبین و پێکەوە ھاوکار نەبین بۆ دەربازبوون، کەس براوەی ئەم دۆخە نییە. ھیچ ھێزێکی سیاسی لە کوردستان، گەلی کوردستانیش دەبێ درک بەوە بکەن کە ئەو موئامەرەی لەسەر کوردستان ھەیە، گەورەترە لەوەی ھەستی پێ دەکرێت".
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، نێچیرڤان بارزانی لەبارەی داهاتی هەرێمی کوردستان وبژێوی هاووڵاتییانەوە گوتی: "بابەتی بژێوی ژیانی خەڵک، داواکارییەکی رەوایە، بەڵام دەمەوێت جەماوەری کوردستان لەوە تێبگەن کە داھاتی ھەرێمی کوردستان بە بەراورد پێش رووداوەکان رێک بووەتە نیوە. ئەگەر بە نموونە بیهێنینەوە، پێشتر ئەگەر ٥٠٠ ھەزار بەرمیل نەوتمان هەناردە بکردایە، ئێستا بۆ ٢٥٠ تا ٣٠٠ ھەزار بەرمیل دابەزیووە. ھەروەھا خاڵە سنوورییەکانمان بەشێکیان داخراون. ئەو شتانەی لە هەرێمی کوردستانەوە بەرەو ناوەڕاست و خوارووی عێراق هەناردە دەکرێت لە بازگەکان بە ناوی حەشدی شەعبی و شتی دیکە پارەیان لێ وەردەگیرێت ئەوانە هەموو بووەتە هۆکار کە داهاتی هەرێمی کوردستان کەم ببێتەوە".
نێچیرڤان بارزانی ئاماژەی بە کۆبوونەوەی هەفتەی رابردووی نێوان حکوومەت و پەرلەمان کرد و باسی ناوەرۆکی ئەو نامەیەشی کرد کە بە مەبەستی ئەنجامدانی هەڵبژاردنەکان ئاراستەی پەرلەمانی کوردستانی کردووە و گوتی: "ھەفتەی رابردوو لەگەڵ پەرلەمانی کوردستان کۆبوونەوەمان ھەبوو، بۆ چاکسازیی جددی لە ھەرێمی کوردستان، بە هەماهەنگی لەگەڵ پەرلەمانی کوردستان، بڕیاری ئەوەمانداوە کە کۆمیتەیەکی هاوبەشمان هەبێت لە نێوان هەردوولاماندا بۆ باسکردن لەسەر هەموو ئەو شتانەی کە لە هەرێمی کوردستان پێویستە بکرێت لە رووی چاکسازییەوە. لە ئەنجوومەنی وەزیرانیش چەندین پڕۆژەمان ئامادەکردووە بۆ چاکسازی لە کەرتی گشتی و لە پەرلەمانی کوردستان بڕیاریان لەسەر دەدرێت".
نێچیرڤان بارزانی گوتیشی: "ھەفتەی رابردوو نامەیەکم بۆ پەرلەمانی کوردستان نووسیووە، داوام کردووە کە ئەو کۆبوونەوەیە بکرێت کە پەرلەمان خواستی لەسەر هەبوو کە تێیدا رۆژی ھەڵبژاردن دەستنیشان بکرێت کە لە سێ مانگ تێپەڕ نەکات و بە دڵنیاییەوە ئەگەر بمانەوێت لە رووی سیاسییەوە لەم دۆخە دەربچین، پێویستە ھەڵبژاردن لە کوردستاندا بکرێت. کۆمسیۆن خەریکی پاککردنەوەی تۆماری دەنگدەرانە و ئێمە بە فەرمی لەگەڵ کۆمسیۆن دادەنیشین بۆ دەستنیشانکردنی رۆژی ھەڵبژاردن کە هیوادارین لە سێ مانگ تێپەڕ نەکات".
لەبارەی کشانەوەی هەریەک لە بزووتنەوەی گۆڕان و کۆمەڵی ئیسلامیی لە حکوومەتی هەرێمی کوردستان، نێچیرڤان بارزانی گوتی: "بێگومان برادەرانی بزووتنەوەی گۆڕان دەمێکە لە حکوومەتدا نین و لە بڕیارەکەی خۆشیاندا کە لە ئیدارەی محەلی لە سلێمانی و ئەو سنوورە ھەر دەمێننەوە. سەبارەت بە کۆمەڵی ئیسلامیش وەکو خۆم تێناگەم، منیش وەکو ئێوە لە دەزگا راگەیاندەنەکان گوێم لە بەیانەکەیان بووە. زۆر بەداخەوە پێموابوو دەبووایە داوای کۆبوونەوەیەکیان لە حکوومەت بکردایە و ھۆکاری کشانەوەکەیان بۆمان باس بکردبا، پێش ئەوەی بڕیاری خۆیان بدەن دەبوو کۆبوونەوەیەکیان لەگەڵ ئێمە بکردایە، ئێمە ئیحتراممان بۆ بڕیارەکەیان ھەیە، بەڵام لە کاتێکدا ئێمە داوای ھەڵبژاردن دەکەین لە سێ مانگی دیکە، ھیچ پاساو و ھیچ بەڵگەیەک نابینین بۆ ئەم بابەتە. من وەکو سەرۆکوەزیران و حکوومەتی ھەرێم، ئێمە پێداگری لەسەر یەکڕیزی دەکەین و پێداگری دەکەین کە دەبێت لەم قۆناغە سەختانەدا ھەموومان پێکەوە بین، ئەگەر لایەنێکی دیکە نەتوانێت بەم شێوەیە بێت، ئێمە ھەر ئەوەندەمان پێ دەکرێت کە ئێستا ھەیە، ئەم کشانەوەیە بابەتی یاساییشی ھەیە کە دەبێت ئەو وەزیرانە دەستلەکارکێشانەوەی خۆیان پێشکەش بکەن، دواتر دەبێت سەرۆکوەزیران پەسەندی بکات و کۆمەڵێک ڕێوشوێنی دیکەشی ھەیە، یانی هەر ئەوە نییە کە بڕیار بدەن لە حکوومەت بکشێنەوە، چونکە ئێمە چوار ساڵە پێکەوەین، ئەوان تا ئێستا نەیاندەزانی دۆخەکە چۆنە، ئێستا تێگەیشتن؟ لە کاتێکا سێ مانگ ماوە بۆ هەڵبژاردن و ئەوان لە حکوومەت دەکشێنەوە، با خەڵک بڕیار بدات هۆکارەکە چییە".
سەبارەت بە نزیکبوونەوەی هەولێر و بەغدا بە نێوەندگیری سەرۆکۆماری عێراق، فوئاد مەعسوم، نێچیرڤان بارزانی گوتی: "نامەیەکمان لە لایەن سەرکۆماری عێراق، فوئاد مەعسوم بەدەست گەیشتووە و ئێمە ئامادەین بۆ ئەو گفتوگۆیە، پێمانوایە کە سەرکۆمار دەتوانێت رۆڵێکی زۆر زیاتر بگێڕێت لەوەی ئێستا دەیگێڕێت بۆ ئەوەی هەوڵ بدات ئەم گفتوگۆیە لەگەڵ بەغدا دەست پێبکات".
سەبارەت بە سیستەمی بایۆمەتری و پاککردنەوەی ناوی مردووەکان لە تۆماری دەنگدەران، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، نێچیرڤان بارزانی گوتی: "دەبێت کۆمسیۆن ئەو وەڵامە بداتەوە، ئێمە چ وەکو حزب و چ وەکو خۆم، وەکو سەرۆکوەزیران کێشەمان نییە و ئێمە ئامادەین ھەموو یارمەتییەک بدەین بۆ ئەوەی تۆماری دەنگدەران پاک بکرێتەوە. ئەوانەی نایانەوێت ھەڵبژاردن بکرێت، ئەو بابەتە بە بیانوو دەهێننەوە، ئەگینا خۆ خەڵک تەنیا لە پارتی دیموکراتی کوردستان نەمردووە لە ھەموو لایەنەکان خەڵک مردووە و لە بەرژەوەندی ئێمەشە تۆماری دەنگدەران پاک بکرێتەوە ".
سەبارەت بە مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستانیش، نێچیرڤان بارزانی گوتی: " دەست بە دابەشکردنی مووچە کراوە و کاریشی لەسەر دەکرێت و لە وەزارەتی پێشمەرگە هەندێک کێشە هەبوو ئەویش چارەسەر دەکرێت".
لەبارەی دەنگۆی پێکهێنانی لێژنەیەکی هاوبەش لە نێوان حکوومەتی عێراق و حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ فڕۆکەخانە و خاڵە سنوورییەکان، نێچیرڤان بارزانی گوتی: "ھەڵوێستی ئێمە روونە، دەستووری عێراق رێگەی داناوە بۆ چۆنیەتی ئیدارەدانی فڕۆکەخانە و خاڵە سنوورییەکان، بە پێی دەستووری عێراق، حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە ئەمڕۆ بەدواوە ئامادەیی تەواوی ھەیە تا ئەو ئیدارە ھاوبەشە دروست بکات لە فڕۆکەخانە و دەروازە سنوورییەکان چارەسەر ئەو كێشانە بکات، داخستنی فڕۆکەخانەکان زیانێکی زۆری بەو خەڵکە گەیاندووە کە کێشەی تەندرووستییان ھەیە و ناچارن هاتوچۆی دەرەوە بکەن، یان ئەو رێکخراوانەی کە ھاوکاریی ئاوارەکانی هەرێمی کوردستان دەکەن کە ھێشتا یەک ملیۆن و ٥٠٠ ھەزار کەسی ئاوارە لە هەرێمی کوردستان ماوەتەوە. کێشە بۆ ئەو ھەموو خەڵکە دروست دەکات کە دەیانەوێت ھاتوچۆ بکەن. بەداخەوە رووی قسەم لە سەرۆکوەزیرانی عێراقە، ئەو بڕیارانەی پەرلەمانی عێراق کە داویانە، تا کۆتایی ئەمساڵە، ھیوادارین دوای ئەوە، فڕۆکەخانەکان بکرێنەوە و بارودۆخ ئاسایی ببێتەوە کێشەکانیش بە گفتوگۆ کۆتایی پێ بێت".
news_share_descriptionsubscription_contact

